له پهیامێكدا ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیان لەیادی شەستەمین ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلولی مەزن، رایانگهیاند
لە (٦٠) شەستەمین ساڵیادی شۆڕشی ئەیلولی مەزن بە ڕابەرایەتیی ھەڵۆی بەرزی کوردستان بارزانیی نەمر، سڵاو بۆ گیانی پاکی شەھیدان و شەھیدانی ئەنفالکراو دەنێرین و، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و شەھیدانی ئەنفالکراو و پێشمەرگەی سەربەرزی کوردستان سەرۆك مەسعود بارزانی و گشت پێشمەرگە قارەمانەکان و کادر و ئەندام و لایەنگرانی پارتیمان پارتی دیموکراتی کوردستان دەنێرین.
شۆڕشی ئەیلولی مەزن لە ناخی جەماوەری سەربەرزی گەلی دڵسۆزی کوردستانەوە سەرچاوەی گرت و، سەرۆکێکی دڵسۆز و دوربین و چاونەترس (بارزانی) سەرکردایەتیی دەکرد ھەر بۆیە بووە شۆڕشێکی گشتگیری جەماوەری و ئومێدی هەموو نەتەوەی کورد و کوردستانییانی لە پێناو بەرگریکردن لە خەڵک و خاکی کوردستان دژ بە دوژمنان و ستەمکاران بوو و، بووە قوتابخانەیەك بۆ هۆشیاری و چەسپاندی بیری نەتەوایەتی لەنێو هەموو چین و تۆێژەکانی کۆمەڵگای کوردەواری بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، لە هەمان کاتدا وەرچەرخانێک بوو لە مێژووی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد و کوردستان، ئەویش بە گواستنەوەی خەباتی سیاسیی گەلەکەمان بۆ قۆناغی چەکداری کە تێیدا پێشمەرگە قارەمانەکان بە درێژایی شۆڕشەکە چەندین داستان و نەبەردیان تۆمار کرد کە هەمیشە بە درەوشاوەیی لە مێژوودا دەمێنێتەوە.
شۆڕشی ئەیلول ئەو شۆڕشە مەزنەیە کە بەردی بناغەی بەدەستھێنانی مافی گەلەکەمانی دانا و لە ئەنجامدا ڕێککەوتنی یانزەی ئاداری مێژوویی ساڵی ١٩٧٠ لێکەوتەوە. ئەو دەسکەوتانەی ئەمرۆ لە هەرێمی کوردستان بەدیهاتون لە پەرلەمان و سەرۆکایەتیی ھەرێم و حکوومەت و تەواوی دەزگا شەرعییەکان، شۆڕشی ئەیولی مەزن هەوێنیان بوو. لەم یادە پڕ شکۆیەدا گشت گەلی کورد و کوردستان و کەرکووك دڵنیا دەکەینەوە کە هیچ کات دەستبەرداری مافە ڕەواکانیان نابین و سازش لەسەر ناسنامەی کوردستانیبوونی کەرکووك ناکەین و بە پشتوانیی دڵسۆزانی نەتەوەکەمان لەسەر خاکی کوردستان و گشت کوردستانییانی دڵسۆز لە ھەندەران و لە ھەر شوێنێکدا ھەن مافی ڕەوای تەواوی گەلی کوردستان بەدەست دێنین.
لە جەماوەری سەربەرزی کەرکووك و گەرمیان لەم قۆناغە هەستیارەدا کە بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە هەنگاو دەنێین داواکارین بۆ پووچەڵکردنەوەی پلان و پیلانی ناحەزانی گەلەکەمان و خیانەتکارانی شانزەی ئوکتۆبەری ساڵی (٢٠١٧) بەشداریی کارای پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن و دەنگ بە بەربژێرانی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن چونکە پارتیمان بەرگریکاری ڕاستەقینەی مافە ڕەواکانی ئێوەی ڕەسەن و گشت گەل و خاکی کوردستانە و بەتایبەت ناوچە کوردستانییەکانی داگیرکراوی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەت کەرکووکی دڵی کوردستان ودووز و خانەقین و مەندەلی و بەدرە و جەسان و مەخمور و شنگاڵ و گشت شوێنە داگیرکراوەکان.
لەم یادە پیرۆزەدا سڵاو دروود دەنێرین بۆ گیانی پاکی سومبل و سەرکردەی نەتەوییمان بارزانیی نەمر سڵاو بۆ گیانی پاکی گشت شەهیدانی کورد و کوردستان و شەهیدانی ئەنفال. سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکانی شۆڕشی ئەیلولی مەزن و هەموو پێشمەرگەکانی کوردستان.
دکتۆر کەمال کەرکوکی سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکوك-گەرمیان
٢٠٢١/٩/١١
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.