Erbil 15°C چوارشەممە 26 حوزەیران 18:28

تاڵیبان دوو ڕۆژنامەنووسی ئەفغانی لەکاتی ڕووماڵکردن دەستگیر دەکات و بە خراپی لێیان دەدات

کوردستان TV
100%

بەشێک لە ڕۆژنامەنووسانی ئەفغانستان ڕایدەگەیەنن، لەکاتی ڕوماڵکردنی خۆپیشاندانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە ئەفغانستان لەلایەن چەکدارانی تاڵیبانەوە لێیان دراوە و دەستبەسەر کراون.

بەپێی ھەواڵێکی کەناڵی بی بی سی بەریتانی، یەکێک لە ڕۆژنامەنووسان بە ناوی "تەقی دەریابی" قسەی بۆ کەناڵەکە کردووە و ڕایگەیاندووە، ڕۆژی چوارشەممە 8/9/2021، خۆپیشاندانێک لەلایەن ئافرەتانەوە کابولی پایتەختی ئەفغانستانی داپۆشی، ڕۆژنامەنووسەکانی ئیتلاعات روز لە شوێنی خۆپیشاندانەکە بوون بۆ ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانەکان بەڵام لەلایەن چەکدارانی تاڵیبانەوە ھەردوو ڕۆژنامەنووس بە ناوەکانی تەقی دەریابی وەک پەیامنێر نیعمەتووڵڵا نەقدی وەک وێنەگر لەوێ بوون، دەستگیرکران و پاشان بردران بۆ بنکەی پۆلیس، لەلایەن ھەشت کەسەوە بە گۆچان و کێبڵێ کارەبا و قامچی لێیان دراوە، پاشان ھەردوو ڕۆژنامەنووسەکە لەلایەن چەکدارانی تاڵیبانەوە ئازادکراون بێ ھیچ ڕوونکردنەوەیەک.

نیعمەتووڵڵا نەقدی کامێرامانی کەناڵی ئیتلاعات روز دەڵێت: لەو کاتەی دەستی کردووە بە وێنەگرتنی خۆپیشاندانەکە دەستگیرکراوە لەلایەن چەکدارانی تاڵیبانەوە، ھەوڵیانداوە کامێراکەی لێ وەرگرن پاشان بردوویانە بۆ بنکەی پۆلیس و بەخراپی لێیانداوە تا لە ھۆش خۆی چووە.

ڕۆژنامەنووسەکە ڕاشیگەیاند، ئەوان پێیان وتم " تۆ بەختت ھەیە کە سەرت نەبڕدراوە''، دواتر بەھۆی لێدان و ئازارەوە لە ھۆش خۆی چووە و دوای سێ کاتژمێر ئازادکراوە و داوایان لێکردووە بەخێرایی شوێنەکە بە جێبھێڵێت، لەکاتێکدا نەیتوانیووە بە قاچەکانی بڕوات.

ڕێکخراوی سی پی جەی، کە رێکخراوێکی ناحکوومی نێودەوڵەتییە، ڕایگەیاند، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە 14 ڕۆژنامەنووس دەستگیرکراون و دواتر ئازادکراون.

ڕێکخراوەکە ڕاشیدەگەیەنێت، لەماوەی پێشوودا تاڵیبان بەڵێنی داوە کە ڕێگە بە ڕۆژنامەنووسان بدات بە ئازادی و بەبێ ترس لە تۆڵەکردنەوە کاری ڕۆژنامەوانی خۆیان ئەنجام بدەن، بۆیە داوایان لێدەکەین بەڵێنەکانی خۆیان بەجێبھێنن و ڕێگە بدەن ڕۆژنامەنووسان بە ئازادی کارەکانی خۆیان ئەنجام بدەن.

شایەنی باسە، چەکدارانی تاڵیبان لەسەرەتای ھەفتەی ڕابردوودا پێکھێنانی حکوومەتی نوێی ئەفغانستانیان ڕاگەیاند، بێ بەشداریپێکردنی ھیچ ئافرەتێک، لەوکاتەوە خۆپیشاندان لەلایەن ئافرەتانی وڵاتەکەوە دەستیپێکردووە و دژی بەشداریپێنەکردنیان لە کابینەی نوێی حکوومەتەکە، لەوکاتەوەش تاڵیبان خۆپیشاندانی بەبێ مۆڵەتی قەدەغە کردووە.

ئا. عەبدوڵڵا ئازاد

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.