Erbil 20°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 17:10

فه‌ڕه‌نسا بڕیاری ده‌ستگیرکردنی بۆ مامی به‌شار ئه‌سه‌د ده‌رکرد

کوردستان TV
100%

دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی شاری پاریسی فه‌ڕه‌نسا بڕیارێكی دادگای به‌رایی شاره‌كه‌ی په‌سه‌ند كرد سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستگیركردنی ڕه‌فعه‌ت ئه‌سه‌د مامی به‌شار ئه‌سه‌دی سه‌رۆكی سووریا به‌ تۆمه‌تی دروستكردنی گرووپی مافیا و شۆردنه‌وه‌ی پاره‌ و خۆدزینه‌وه‌ له‌ پێدانی باج.

ڕه‌فعه‌ت ئه‌سه‌د ته‌مه‌نی 84 ساڵه‌ و له‌ ساڵی 1984وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی سووریا ژیان به‌سه‌ر ده‌بات، پێشتر چه‌ندجارێك دژایه‌تی خۆی بۆ كوڕه‌ براكه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د ده‌ربڕی بوو كه‌ له‌ ساڵی 2000وه‌ سه‌رۆكایه‌تی وڵات ده‌كات.

دادگای به‌رایی پاریس پارساڵ تۆمه‌تی شۆردنه‌وه‌ی پاره‌ و خۆدزینه‌وه‌ له باج و سه‌رانه‌ و ئیختیلاسی له‌نێوان ساڵانی 1996 تا 2016 خستبووه‌ پاڵ ڕه‌فعه‌ت ئه‌سه‌د به‌ به‌های 90 ملیۆن یۆڕۆ، هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاندبوو كه‌ ناوبراو له‌ ڕێگه‌ی گرووپێكی مافیای ڕێكخراوه‌وه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یان له‌ سووریاوه‌ گواستۆته‌وه‌.

 كاتێك ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی شاری پاریس بڕیاره‌كه‌ی په‌سند كرد، ڕه‌فعه‌ت ئه‌سه‌د ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه‌ نه‌بوو، تیمی پارێزه‌رانیش جه‌ختیان كرده‌وه‌‌ بڕیاره‌كه‌ ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ و ڕاسته‌وخۆ داوای پێداچوونه‌وه‌ی ده‌كه‌ن.

دادگای پاریس هه‌روه‌ها بڕیاری دا ده‌ستبه‌سه‌ر سه‌رجه‌م مولك و ماڵه‌كانی ڕه‌فعه‌ت ئه‌سه‌د بگرێ كه‌ پێكهاتوون له‌ دوو كۆشك و ده‌یان شوقه‌ له‌ شاری پاریس و مه‌زڕه‌عه‌یه‌كی گه‌وره و باخچه‌یه‌كی مه‌زنی ئه‌سپسواری له‌گه‌ڵ هه‌ژمارێكی بانكی كه‌ 8.4 ملیۆن یۆڕۆی تێدایه‌.‌   

جێی باسه‌ ڕه‌فعه‌ت ئه‌سه‌د ئێستا له‌ وڵاتی به‌ریتانیا ژیان به‌سه‌ر ده‌بات، پێشتر به‌ فه‌رمانی حافیز ئه‌سه‌دی برایه‌وه‌ له‌گه‌ڵ 200 كه‌سی تر له‌ سووریا دوورخرابوونه‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ له‌ ساڵی 1984 هه‌وڵی كوده‌تای به‌سه‌ردا كردبوو، دوای دوورخستنه‌وه‌شی له‌ سووریا سه‌ره‌تا ڕووی له‌ سویسڕا و دواتر فه‌ڕه‌نسا كرد و ئێستاش له‌ به‌ریتانیا ژیان به‌سه‌ر ده‌بات.

 

سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.