کەناڵە ناوخۆییەکانی ئەفغانستان ڕایدەگەیەنن، شەڕی نێوان چەکدارانی "تاڵیبان" و "بەرەی بەرەنگاری نیشتیمانی" لە پەنجشیر بەردەوامە، ھەردوو ھێزەکەش ئاماژە بەوە دەکەن لەشەڕەکەدا لایەنی بەرامبەر زیانی زیاتریان بەرکەوتووە.
بزووتنەوەی "تاڵیبان" ڕەتیدەکاتەوە ھیچ جۆرە زیانێکی گیانی لە نێو چەکدارانی ھەبووبێت، ھەروەھا بانگەشەی کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکە دەکەن.
لهمبارهیهوه ئەحمەدوڵڵا واسیق، ئەندامی لیژنەی رۆشنبیریی تاڵیبان ،لە پەیامێکدا لە رێگەی ھەژماری خۆی لە تویتەر ئاشکرایکردووه كه ھێزەکانی تاڵیبان شارۆچکەی پاریانی سەر بە ویلایەتی پەنچشیر کە لەلایەن ھێزەکانی ئەحمەد مەسعودەوە بەرگری لێدەکرا کۆنتڕۆڵکردووە.
ههروهها شەوی ڕابردوو لە شاری کابوولی پایتەختی ئەفغانستانەوە چەکدارانی "تاڵیبان" تەقەی خۆشیان دەکرد بەبۆنەی کۆنتڕۆڵکردنی پەنجشیرەوە، بەڵام ھێزەکانی پەنجشیر ھەواڵەکە ڕەتدەکەنەوە .
وتەبێژی بەرەی "بەرەنگاری نیشتیمانی" ڕایدەگەیەنێت، چەکدارانی تاڵیبان لە چوار ئاراستەوە ھێرشیان بۆ پەنجشیر ھێنا، بەڵام ھێرشەکەیانمان تێکشکاند و نەیانتوانی بگەن بە پەنجشیرەوە.
دۆڵی پەنجشیر، ناوچەیەکی شاخاوییە و دەکەوێتە باکووری شاری کابولی پایتەختی وڵاتی ئەفغانستانەوە، دوا ناوچەیە کە بەرەنگاری "بزووتنەوەی تاڵیبان" دەکات لەلایەن ئەو پۆلیس و سەربازانەی سوپای ئەفغانستانەوە کە ھەڵھاتن بۆ پەنجشیر و ئامادەنین بچنە ژێر باری تاڵیبان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.