Erbil 3°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 04:02

سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆشکی سپی کۆدەبنەوە

کوردستان TV
100%


ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن و سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە کۆشکی سپی کۆدەبنەوە کە لە میانیدا سەبارەت بە ژمارەیەک رۆژەڤی گرنگ گفتوگۆ دەکەن لەنێواندا ئەرکی داھاتووی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش.
دوێنێ یەکشەممە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵا گەیشتە واشنتۆن پایتەختی ئەمریکا.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەدابوو، سەردانەکەی مستەفا کازمی بۆ ئەمریکا ماوەی چەند رۆژێک دەخایەنێت کە لە میانیدا پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا لە بوارە جیاجیاکاندا و پرسە دووقۆڵییەکان کە جێگەی بایەخی ھاوبەشی ھەردوولان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاوتوێ دەکات.

لای خۆیەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بەرلەوەی بەرەو ئەمریکا بەڕێبکەوێت رایگەیاندبوو، سەردانەکەی لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی عێراق ئەنجام دەدات بۆ پتەوترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا کە لەسەر بنەمای رێزگرتن و ھاریکاری دووقۆڵیی لە بوارە جیاجیاکاندا بنیاتنراوە.
مستەفا کازمی باسی لەو ھەوڵە دوورودرێژانەیش کرد کە لە میانی دانیشتنەکانی گفتۆگۆی ستراتیجیی بۆ رێکخستنی پەیوەندی ئەمنیی لەنێوان ھەردوو وڵات لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نیشتمانیی عێراق دروان.
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان جۆ بایدن و مستەفا کازمی لە کۆشکی سپی لە چوارچێوەی گەڕی چوارەمی گفتۆگۆی ستراتیجیی نێوان عێراق و ئەمریکا ساز دەکرێت کە لە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لەنێوان شاندی ھەردوو وڵات لە واشنتۆن دەستی پێ کردبوو.
ھەر لە میانی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، سەبارەت بە ژمارەیەک رۆژەڤی گرنگ گفتوگۆ دەکرێت لەنێواندا ئەرکی داھاتووی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش.
پێشتر سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە ھەڤپەیڤێکدا رایگەیاندبوو کە سەردانەکەی بۆ ئەمریکا بۆ درێژەدانە بەو زنجیرە گفتوگۆیانەی کە لە ماوەکانی رابردوودا لە بەغدا و واشنتۆن بە ئامانجی رێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا لە بوارەکانی فێرکردن، رۆشنبیری، تەندروستیی، وزە و ئاسایش ئەنجامدراون.
واشنتۆن و بەغدا لە میانی گفتوگۆی ستراتیجیی لە نیسانی رابردوودا، لەسەر ئەو رێککەوتبوون کە ئەرکی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بگۆڕدرێت بۆ مەشق و راھێنان، ھەروەھا رواێژکردن بە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق، بەڵام ھەنگاوی کرداری لەوبارەوە نەنراوە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا لە کۆشکی سپی ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە.
لە میانی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی گفتوگۆی ستراتیجیی کە لە ماوەکانی رابردوودا ئەنجامدراوە، حکوومەتی عێراق بڕیاریدابوو بە پێکھێنانی لیژنەیەکی ھونەریی کە ئەرکی سەرەکی ھەماھەنگی دەبێت لەگەڵ لایەنی ئەمریکی بۆ دانانی خشتەیەک بەئامانجی دووبارەی بڵاوکردنەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە دەرەوەی عێراق.
لەئێستادا سێ ھەزار سەرباز لە چوارچێوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق بڵاوکراونەتەوە کە لەو ژمارەیە دوو ھەزار و 500یان سەربازی ئەمریکان.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.