Erbil 7°C شەممە 21 کانونی یەکەم 20:57

هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان یاداشتی پەرەپێدانی پیشەسازی کشتوکاڵییان واژوو کرد

کوردستان TV
100%


لە مەراسیمێکدا لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە ئامادەبوونی وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و کۆنسولی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر، یاداشتنامە و لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان واژووکرا لەبارەی پەرەپێدانی پیشەسازیی کشتوکاڵیی و بازاڕسازیی بەرهەمی کشتوکاڵی و برەودان بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک بۆ هەرێمی کوردستان.
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، بێگەرد تاڵەبانی لە وتەیەکیدا لە مەراسیمەکەدا رایگەیاند: ئەم لێکتێگەیشتنە یەکێکە لە یاداشتە هەرە گرنگەکان کە بەرپرسیارێتیەکی گەورە دەخاتە سەر وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و کۆنسوڵگەری وڵاتی هۆڵەندا کە بتوانین بەیەکەوە کاربکەین بۆ پەرەپێدانی سێکتەری کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستاندا، بەپێی یاداشتەکە لیژنەیەکی هاوبەشی راوێژکاریمان پێکهێناوە کە بەڕاوێژی بەردەوام بڕیار وایە هەنگاوەکانی داهاتوو بنێین، تیمە هاوبەشەکە پێکهاتووە لە راوێژکارانی وڵاتی هۆڵەندا لەگەڵ راوێژکاری سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پسپۆران و شارەزایانی وەزارەتی کشتوکاڵ و راوێژکارانی وەزارەتی کشتوکاڵ و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە لیژنەکەدان، تیایدا لەسەر کۆمەڵێک بابەت رێککەوتووین کە بەچاودێری سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران کاری تێدا بکەین، لیژنەکەش بە سەرۆکایەتی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەبێت.
گوتیشی: لەناوەڕۆکی یاداشتەکەدا لەسەر کۆمەڵێک بابەت رێککەوتووین کە کاربکەین بەیەکەوە، ئەرکی سەرەکی لێکتێگەیشتنەکە پەرەپێدانی پیشەسازیی کشتوکاڵییە لە هەرێمی کوردستاندا و پاراستنی ئاسایشی خۆراک و ئەو رێگایانەی کە پێویستە بگیرێنە بەر بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراک، هەروەها رەخساندنی دەرفەتی کار و بازاڕسازیی بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان کە ئێستا ئەوە یەکێکە لە گرفتە گەورەکان کە جووتیارانی ئێمە زۆرجار بەرهەمەکانیان دەخەنە بازاڕەکانەوە، بەڵام ساغکردنەوەی بەرهەمەکان گرفتی زۆریان لەبەردەمدایە، بۆیە ئەم تیمە راوێژکارییە هاوکار دەبێت بۆئەوەی کە هەم برەو بە توانای جووتیارەکانمان بدات هەم بابەتی رەخساندنی کار و بازاڕسازیی بۆ جووتیاران و خاوەن پرۆژە کشتوکاڵییەکان برەخسێنێت و یەکلایی بکاتەوە.
وەزیری کشتوکاڵ راشیگەیاند: هەر لەم لێکتێگەیشتنەدا سوود لە ئەزموونی وەبەرهێنەرانیش وەردەگیرێت، ئەو خاوەن کار و پرۆژە کشتوکاڵییانەی کە لە هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا هەن بە گواستنەوەی ئەزموونەکان لە هۆڵەنداوە بۆ وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان سوود لە وەبەرهێنان لە بواری کشتوکاڵیدا وەردەگیرێت، هەروەها خاڵێکی دیکەی گرنگ کە ئەم لیژنە هاوبەشە پێی هەڵدەستێت بریتییە لە ئاشنابوون بە تەنکەلۆجیای خێرای داهێنان لەڕێگای تیمێکی هونەریی کە دەتوانم بڵێم بۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵ یەکێکە لە هەنگاوە گرنگەکان بۆئەوەی بتوانین لەم رێگایەوە خزمەت بە جووتیار و خاوەن پرۆژە کشتوکاڵییەکانی خۆمان بکەین.
گوتیشی: ئومێد دەکەم لە زۆر بواری تریشدا، بتوانین هەماهەنگی بکەین بۆ پەرەپێدانی کشتوکاڵ و سێکتەری ئاو لە هەرێمی کوردستاندا.
دواتریش کۆنسولی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان، هاینس ئاکربووم لە وتەیەکیدا بەبۆنەی مەراسیمەکەوە رایگەیاند: زیاتر لە ساڵێکە لەم هەرێمە جوانە دەژیم و کاردەکەم، زۆر گەڕاوم و زۆر شوێنی جوان و دڵخۆشکەرم بینیوە، ئێوە زەویەکی زۆر باشتان هەیە بۆ کشتوکاڵ، بەڵام ئەوەی جێگای داخە کاتێک سەردانی مارکێتەکان دەکەیت تەنیا بەرهەمی هاوردە دەبینین، لەوە تێناگەم لەکاتێکدا ئەم زەویە باشەتان هەیە بۆچی دەبێت بەرهەمی هاوردەکراو بە نرخێکی زۆر گران زۆر بێت لە بازاڕەکاندا لەکاتێكدا هەرێمی کوردستان توانای ئەوەی هەیە هەموو ئەو بەرهەمانە لەناوخۆدا دروست بکات و زووتر بەردەستبێت بە نرخێکی هەرزانتر و تام و چێژێکی باشتریش.
گوتیشی: هەر لەبەر ئەمەیە ئێمە لە وڵاتی هۆڵەندا، هاوکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆئەوەی زیاتر پەرەبدات بە بەرهەمی ناوخۆ و زیاتر پشت بەخۆی ببەستێت، بۆیە ئەمڕۆ ئەم یاداشتە لێکتێگەیشتنەمان واژوو کرد کە بۆلەمەودوا ئەم بەرهەمانە لە ناوخۆ دروست بکرێت و میوە و سەوزەی فرێش بخرێتە بازارڕەکانەوە و هەم نرخیان کەمتربێت هەم کوالێتییان باشتربێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.