Erbil 9°C پێنجشەممە 16 کانوونی دووەم 22:54

پارێزگاری هەولێر: هەڵمەتی بڕینی کارەبای زێدەڕۆ دەستیپێکرد و به‌بێ جیاوازی هه‌موو شوێن و ناوچه‌کان ده‌گرێته‌وه‌

کوردستان TV
100%


لە هەولێر چڕکردنەوەی هەڵمەتێكی بڕینی کارەبای زێدەڕۆ دەستیپێکرد و پارێزگاری شارەکەش رایدەگەیێنێت، هەڵمەتەکە بەبێ جیاوازی هەموو گەڕەکەکانی شار دەگرێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە بە مەبەستی چڕکردنەوەی هەڵمەتی بڕینی کارەبای زێدەڕۆ لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبا و بەڕێوەبەرایەتی کارەبای هەولێر و تیمەکانی قایمقامیەتی هەولێر لەگەڵ دەزگاکانی پۆلیس و زێرەڤانی و دەزگا پەیوەندیدارەکانی دیکە چەند شوێنێک لە شاری هەولێر بەسەرکرانەوە.

لە میانی بەڕێوەچوونی هەڵمەتەکە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن قسەی کرد و رایگەیاند: هەڵمەتەکە تەنیا ناو شاری هەولێر نابێت، سەرجەم قەزا و ناحیەکانیش دەگرێتەوە.

پارێزگاری هەولێر داوای لە هاونیشتمانیان کرد، بەرلەوەی تیمەکان دەست بە بڕینی زێدەڕۆکان بکەن، خۆیان ئەو دەرفەتەیان لە پێشە بۆ ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی کارەبا ئاگاداربکەنەوە زێدەڕۆییەکان لابدرێت. داوایان لێدەکەین هاوکاربن، تاوەکو ئەو ساتەی ئێمە قسە دەکەین ئەگەر زێدەڕۆیان کردووەتە سەر کارەبا تیمەکان ئاگاداربکەنەوە، بە پێچەوانەوە ئەگەر تیمەکان ئەو زێدەڕۆییانە ببڕن، جیا لە بڕینی کارەبایەکەی رێکاری یاساییان لەبەرامبەر دەگیرێتەبەر، بەڵام ئەگەر خۆیان داوا بکەن ئەوا هاوکاری دەکرێن لە بڕینی زێدەڕۆییەکە.

ئومێد خۆشناو گوتی: بە بڕینی ئەو زێدەڕۆییانەی سەر کارەبا، هەم کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی زیاد دەبێت، هەم کاریگەریشی دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە کە بەشێکیان لەڕێگەی کارەبای زێدەڕۆوە بووە.

ئومێد خۆشناو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەڵمەتەکە بەبێ جیاوازی هەموو گەڕەکانی شاری هەولێر و قەزاو ناحیەکان دەگرێتەوە، تیمەکان بەردەوام لە ئەرکدا دەبن بۆ بڕینی ئەو زێدەڕۆییانەی کراوەتە سەر کارەبا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.