شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جەنەڕاڵ جۆن تایگەرت ڕاوێژکاری سەربازیی ئەمهریکا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.
جێگری سەرۆکی ههرێم سوپاس و پێزانینی گەلی کوردستانی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمهریکا دووپات کردەوە کە لەڕووی کارە مرۆیی و سەربازییەکانیانهوه هەمیشە هاوکار و پاڵپشت بوونە بۆ دوورخستنەوەی ئەو مەترسییانەی بۆ سەر خاک و هەرێمى كوردستان هەبووە.
ههردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیى بەردەوامیی هاریكارى بەتایبەتى كه ئێستا تیرۆر بۆتە هەڕەشەیەک بۆ سەر ناوچەکە و جیهان بەگشتی، ههروهها بۆ لاوازکردن و نەهێشتنى یەکجارەکیی داعش، بە پێویست زانرا هێزێکی یەکگرتووی نیشتیمانی لە هەرێمی کوردستان بنیاد بنرێت و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیماناندا بهردهوام بن.
لە کۆتاییدا جێگری سەرۆکی ههرێمی كوردستان، ماڵئاوایی لە جەنەڕاڵ جۆن تایگەرت کرد و سوپاسی ئەو خزمەتەی کرد کە لە عێراق وەک ڕاوێژکاری سەربازیی ئەمریکا پێشكهشى كرد و لە کاری داهاتوویدا هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.