Erbil 26°C دووشەممە 21 نیسان 20:56

نووسینگەی ڕێکخەر بۆ ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: دادگاکان سەربەخۆن و حکومه‌تیش دەست لە پرۆسە یاساییەکان وەرنادات

کوردستان TV
100%


لە ١٦ ی شوباتی ٢٠٢١ دا دادگای تاوانی هەولێر سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر پێنج تۆمەتباردا سەپاند. دوای ئەوەی پەڕاوی دادگا ڕەوانە کرا بۆ تێهەڵچوونەوە، دادگای پێداچوونەوەی هەولێر بڕیارەکەی دادگای تاوانی لە ٦ ی ئایاردا پەسەند کرد. لە ٢٧ ی حوزەیراندا، دوای بڕینی گشت فلتەری دامەزراوە یاساییەکان، بڕیارەکە پەسەندکرا. 

نووسینگەی ڕێکخەر بۆ ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و رایده‌گه‌ێنێت: حكومه‌تی هەرێمی کوردستان ئەو بەهایانەی گرتۆتەوە باوەش کە پێویستن بۆ بەرجەستەکردنی وڵاتی دامەزراوەیی، کۆمەڵگەیەکی مەدەنی هاوچەرخ، و پشت دەبەستێت بە ستراتیژی پتەو بۆ داڕشتنی یاسا و ڕێسا بەشێوەیەک کە لەبەرژەوەندی ئازادییە تاکەکەسییەکان بێت. 

راشیده‌گه‌یه‌نن: دادگاکان سەربەخۆن و حكومه‌تیش دەست لە پرۆسە یاساییەکان وەرنادات. داوا لە قەوارە بیانی و ناوخۆیبەکان دەکەین ڕێز لە بڕیارەکانی دادگا بگرن. 

نووسینگەی ڕێکخەر بۆ ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن: هاوکات، دەستبەسەرکردن و دەستگیرکردن تەنیا بە بڕیاری دادگا جێبەجێدەکرێن.

 له‌به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: دادگای تاوانەکان دۆسیەی ئەم پێنج کەسەی گواستەوە بۆ دادگای پێداچوونەوە، دادگایەکەش لە دوو قۆناغی یاساییدا بڕیاری دادگای تاوانەکانی هەولێری پەسەندکرد. 

نووسینگەی ڕێکخەر بۆ ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات: حکومەتی هەرێمی کوردستان میدیای ئازاد بە کۆڵەگەیەکی گرنگی حوکمڕانی و توخمێکی بنەڕەتی دیموکراسی دەزانێت. ئێمە شانازی دەکەین کە کوردستان میدیای ئازاد و بێ بەندوباوی هەیە، و نموونەی بەرجەستەکردنی بەهاکانی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕاگەیاندنە لە ناوچەکە و هەمیشە پێویستی هەیە بۆ بەرەوپێشبردنی دۆخەکە. 

 له‌به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یاندراوه‌كه‌ی نووسینگەی ڕێکخەر بۆ ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاتووه‌: حكومه‌تی هەرێم داوای لە نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یۆنامی) و نووسینگەی تایبەتی کۆمیسیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ کردووە تا هاوکار بن لە بەرەوپێشبردنی سیستەمی یاسایی. هاوکات، ئێستا هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی بیانی هەیە بۆ ڕاهێنان بە دادوەران. 

راشیده‌گه‌یه‌نن: حكومه‌تی هەرێم ڕێککەوتنی لەگەڵ کۆمیتەی خاچی سوور هەیە، و بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە لایەنی ناوبراو بۆی هەیە بێ مۆڵەت سەردانی تەواوی زیندانی و سەنتەری چاکسازییەکان بکا لە هەرێم. یۆنامییش بەم دواییانە مۆڵەت سەردانی پێدراوە. لە ژێر ڕۆشنایی ئەم ڕێککەوتنە، یۆنامی ١٤ سەردانی ئەنجامداوە و چاوپێکەوتنی لەگەڵ ٦٠ زیندانی ئەنجامداوە. 

نووسینگەی ڕێکخەر بۆ ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌كۆتاییدا رایده‌گه‌ێنێت: لە هەمان کاتدا، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بانگێشتکراون بۆ بەرەوپێشبردنی چاکسازیی یاسایی و دادوەرییەکان لە هەرێم. هەروەها، دامودەزگاکان سەبارەت بە پرسی ئازادییەکان لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیکای ڕۆژنامەنووسان لە گفتوگۆ دان. 

حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواو پابەندە بە حوکمی یاسا و بە پرۆسەی یاسایی دادپەروەرانە و بێلایەن، و ئازادی ڕاگەیاندن کاری لەپێشینەیەتی. حکومەت لەگەڵ هاوتا نێودەوڵەتییەکان کاردەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی کە کوردستان بەتەواوی پابەنده بە پێوەرە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ، بە تایبەتی لە بواری ئازادی میدیادا.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.