Erbil 24°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 02:26

لە کۆبونەوەیەکدا هەنگاوەکانى جێبەجێکردنى بۆلۆنیا پرۆسیس لە زانکۆکان تاوتوێکرا

کوردستان TV
100%


له‌راگه‌یاندراوێكدا، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاوی كرده‌وه‌: ئێواره‌ی ڕۆژی چوارشه‌مه‌ 16 - 6 - 2021 ،   بەئامادەبونى د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و د.محەمەد حسین سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى و سەرۆکى زانکۆکانى (سەڵاحەددین، چەرمۆ، زاخۆ) و یاریدەدەر و، نوێنەرى ژمارەیەک لەزانکۆکان و بەڕێوەبەرى ڕێکخراوى سپارک لە عێراق ، بەوردى گفتوگۆ لەسەر هەنگاوەکانى جێبەجێکردنى  بۆڵۆنیا پرۆسیس لە زانكۆكان گرفت و ئاڵەنگارییەکان کرا.

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا رایده‌گه‌ێنێت: لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا د. محەمەد حوسێن سەرۆکى لێژنەى باڵاى نوسینەوەى سیاسەت و ڕێنماییەکانى جێبەجێکردنى پێواژوى بۆلۆنیا (بۆلۆنیا پرۆسیس) و پەرەپێدانى پرۆگرامەکان وتەیەکى پێشکەشکرد، لە وتەکەیدا ئامانجى کۆبونەوەکەى ئاشکرا کرد و، وتى: لە (2015) تا ئێستا لە زانکۆکانى کوردستان سەرقاڵى جێبەجێکردنى بۆلۆنیا پرۆسیسین، لەو ماوەیەدا ڕوبەڕوى کۆمەڵێک گرفت و ئاستەنگ و ئاڵەنگارى بونەتەوە، چونکە پڕۆسەکە کارێکى ئاسان نیە، بەڵام نابێ بیر لە گەڕانەوەى بکەین، بۆیە لەم کۆبونەوەیەدا دەخوازین بەوردى گوێ لەسەرنج و بۆچونەکانتان بگرین و دەمانەوێ بزانین دیارترین ئەو گرفتانە چین کە لەکاتى جێبەجێکردنى ئەو پرۆسەیەدا ڕوبەڕوى زانکۆکانتان بۆتەوە، بەو هۆیەوە دەتوانین هاوکارتان بین و نەخشەڕێى چارەسەرى ئەو گرفتانە دابنێن تاوەکو بەشێوەیەکى باشتر بتوانن پرۆسەکە جێبەجێ بکەن.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا د. ئامانج عبدوڵا سەعید ڕاوێژکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کورتەیەکى لەبارەى سەرەتاکانى بۆلۆنیا پرۆسیس و جێبەجێکردنى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کرد، هەروەک باسى لە خاڵە گرنگ و ئەرێنیەکانى کرد و ڕایگەیاند: پرۆسەیەکمان دەستپێکردوە و لێى پەشیمان نابینەوە، بەڵام دەبێ بە تێگەیشتنى کوردى و ناوخۆیی و زانستى خۆمان کار لەسەر گرفتەکان بکەین، چونکە ئەمە دەرفەتێکى گرنگە بۆ ئەوەى کێشە بنەڕەتیەکانى خوێندن لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان چارەسەر بکەین و هاوتەریب بتوانین لەگەڵ زانکۆ پێشکەوتوەکانى جیهان بەرەو دەسکەوتى زانستى گەورە هەنگاو بنێن.
 
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا لەلایەن سەرۆکى زانکۆکانى (سەڵاحەددین/ هەولێر، چەرمو، زاخۆ) و یاریدەدەر و نوێنەرى زانکۆکانى کوردستان دید و بۆچونەکانیان سەبارەت بەچۆنیەتى هەنگاوەکانى جێبەجێکردنى پرۆسەکە لە زانکۆکانیان خستەڕو، لەهەمانکاتدا باسیان لەو ئاستەنگ و گرفتانەش کرد کە لە میانەى جێبەجێکردنى بۆلۆنیا پرۆسیس ڕوبەڕوى زانکۆکانیان بۆتەوە، لە بەشێکى دیکەى قسەکانیاندا چەند پیشنیازێکیان بەپێى تایبەتمەندى زانکۆکانیان پێشکەش بە لێژنەى باڵاى نوسینەوەى سیاسەت و ڕێنماییەکانى جێبەجێکردنى پێواژوى بۆلۆنیا (بۆلۆنیا پرۆسیس) و پەرەپێدانى پرۆگرامەکان لە دیوانى وەزارەت کرد.

بەگفتوگۆیەکى کراوەى زانستى و ئەکادیمى لەسەر کێشە و گرفتەکان و خستنەڕوى دیدگەى وەزارەت بۆ داهاتوى پرۆسەکە کۆتایى بەکۆبونەوەکە هات.

شوان عه‌زیز

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.