شەقامی پزیشكان لە شاری هەولێر رێك دەخرێتەوە بە گۆڕینی ڕووكاری باڵەخانە و شۆشتە و تابلۆكانی، لەگەڵ دانانی پردی پەڕێنەوە و رێكخستنەوەی گەراجەكانی ئۆتۆمبێل و دەیان جۆری تری خزمەتگوزاری بە مەبەستی خزمەتكردنی نەخۆش و ئەو كەسانەی سەردانی شەقامەكە دەكەن، بەهۆی ئەوەی شەقامەكە رۆژانە زۆرترین نەخۆش و كەسوكارەكانیان بۆ بینینی پزیشك و وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی و پشكنین سەردانی ئەو كۆمەڵگە پزیشكییە دەكەن.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە (10ی حوزەیرانی 2021) ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەشداری كرد لە سیمینارێكی تایبەت بە گۆڕینی ڕووكاری باڵەخانە و شۆستە و تابلۆ و رێكخستنەوەی شەقامی پزیشكان لە شاری هەولێر بە شێوەیەك كە رەچاوی تایبەتمەندی شوێنەكە بكرێت.
سیمینارەكە بە هەماهەنگیی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی، سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی یەك و تیمێكی تایبەتی ئەندازیاران بۆ خستنەڕووی پلانی چۆنیەتی رێكخستنەوەی شەقامەكە رێكخرا، كە یەكێكە لە شەقامە گرنگەكانی شاری هەولێر بەهۆی ئەوەی بووەتە كۆمەڵگەیەكی گەورەی پزیشكی و قەرەباڵغییەكی زۆری لەسەرە.
لە پڕێزنتەیشنێكی تایبەتدا لە رووی پلانسازی و نەخشەدانانەوە وردەكاری چۆنیەتی رێكخستنەوەی شەقامەكە خرایەڕوو و پاشان گفتوگۆی لەبارەوە كرا، بەگوێرەی پڕێزنتەیشنەكە لەكاتی رێكخستنەوەی شەقامەكەدا ڕووکاری باڵەخانە و شۆستە و تابلۆكانی دەگۆڕدرێن، لەگەڵ ڕەخساندنی ژینگەیەکی دروستتر و دانانی پردی پەڕینەوە و زیادكردنی سەوزایی و شوێنەی پشوودان و دۆخی كۆمەڵایەتی و سرووشتی شوێنەكە و رێكخستنەوەی گەراجی ئۆتۆمبێل و دانانی سیستەمی ئاگركوژێنەوە و بەكارهێنانی كەرستەی زبر بۆ رێگریكردن لە رووداوی خلیسكان و شوێنی تایبەت بە نەخۆش و خاوەنپێداویستیی تایبەت رەچاو كراوە، بە گشتی ئەو پلانەی بۆ رێكخستنەوەی شەقامەكە دانراوە، وێڕای ئەوەی رووكارێكی جوان و پێشكەوتوو بە شوێنەكە دەبەخشێت، هاوكات راستەوخۆش لە خزمەتی نەخۆش و ئەو كەسانەدایە كە ئیشوكاریان دەكەوێتە كۆمەڵگە پزیشكییەكە.
دانانی ههواڵ - شوان عهزیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.