Erbil 7°C یەکشەممە 29 کانونی یەکەم 20:51

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا کۆبووه‌وه‌

کوردستان TV
#7
100%

له‌ دیدارێكی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و بارودۆخی عێراق بە گشتی تاووتوێ کرا.

ئەمڕۆ چوارشەممە 9 ی حوزەیرانی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە گەڵ ئەلیکساندەر دیکروو سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەلجیکا و بارودۆخی عێراق بە گشتی  تاووتوێ کرا. هەروەها گفتوگۆ دەربارەی گرفت و ئاستەنگە ئەمنییەکان لە هەرێمی کوردستان وعێراق و ناوچەکە کرا . هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندی و هەماهەنگیی بۆ ئەو بابەتانەی جێی بایەخی هەردوولان.

سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا، ستایشی هەرێمی کوردستانی کرد و بە هەرێمێکی زیندوو و کاریگەر ناوی برد و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان دەربڕی. گوتیشی دەتوانین لە بواری کشتوکاڵی هاوکاری کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین.

سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا، ئاماژەی بە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی کرد و ڕایگەیاند کە لەمبارەیەوە لە پەیوەندیدان لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی.

سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانی بەلجیکای کرد کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەردەوامە لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش. جەختیشی لە گرنگیی هەماهەنگیی ئەمنی لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی کردەوە لە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی داعش.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ، هەنگاوەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا و هەڵمەتی کوتان بە ڤاکسینی کۆرۆنا تاووتوێ کرا و ئاماژە بە گرنگیی دابینکردنی ڤاکسین بۆ دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و پەنابەر و ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێم کرا.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.