Erbil 5°C یەکشەممە 29 کانونی یەکەم 04:15

ئه‌مریکا به‌ مه‌رج گه‌مارۆکانی سه‌ر تورکیا هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌

مه‌رجه‌كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ سیسته‌می به‌رگری مووشه‌كی ئێس 400
کوردستان TV
100%

مشتومڕه‌كانی تایبه‌ت به‌ ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ چاوه‌ڕوان كراوه‌كه‌ی سه‌رۆككۆماری توركیا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و سه‌رۆكی ئه‌مریكا جۆ بایدن به‌رده‌وامن و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ مژاری سه‌ره‌كی ئه‌و دیداره‌ قه‌یرانی سیسته‌می به‌رگری مووشه‌كی ئیس 400ی رووسی ده‌بێت.

له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌رپرسی ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌كانی توركیا له‌ ئه‌مریكا، سۆنه‌ر چاغئاپتای رایگه‌یاند كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی نێوان ئه‌ردۆغان و بایدندا، توركیا هه‌وڵ بۆ رازیكردنی ئه‌مریكا ده‌دات بۆ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵوێسته‌كانی له‌ به‌رامبه‌ر سیسته‌می به‌رگری مووشه‌كی ئیس 400 به‌ڵام لایه‌نی ئه‌مریكی ئاماده‌ پاشگه‌ز بوونه‌وه‌ نابێت.

سۆنه‌ر چاغئاپتای هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ئه‌مریكا كه‌ له‌به‌ر كڕینی ئیس 400 گه‌مارۆی به‌سه‌ر توركیادا سه‌پاندووه‌، چه‌ند پێشنیارێك بۆ چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌و قه‌یرانه‌ پێشكه‌شی توركیا ده‌كات و یه‌ك له‌ پێشنیاره‌كان، ده‌ستبه‌ردار بوونی یه‌كجاره‌كی توركیایه‌ له‌و سیسته‌مه‌ مووشه‌كییه‌ و پێشنیاری دووه‌میش چالاك نه‌كردن و هه‌ڵگرتنی ئه‌و سیسته‌مه‌یه‌ له‌ بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی ئه‌مریكا له‌ توركیا.

ناوبراو باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ری زۆرهه‌یه‌ توركیا له‌سه‌ر چالاك نه‌كردن و هه‌ڵگرتنی ئه‌و سیسته‌م مووشه‌كییه‌ له‌ بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی ئه‌مریكا له‌ توركیا رازی بێت به‌ڵام ئه‌مریكا به‌مه‌یش رازی نابێت و جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و سیسته‌مه‌ پێویسته‌ له‌ ژێر چاودێری كۆمیته‌یه‌كی هاوبه‌شی توركی ئه‌مریكیدا بێت.

سۆنه‌ر ده‌ڵێ : ئه‌گه‌ر توركیا به‌م پێشنیاره‌ی ئه‌مریكا رازی بێت و سیسته‌مه‌كه‌ هه‌ڵبگرێت و راده‌ستی كۆمیته‌یه‌كی هاوبه‌شی بكات ئه‌وا ئه‌و كاته‌ ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ كه‌ ئه‌مریكا گه‌مارۆكانی سه‌ر توركیا هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌.

جێگای ئاماژه‌ پێكردنه‌ كه‌ له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی دۆناڵد ترامپدا ئه‌مریكا به‌ هۆی كڕینی سیسته‌می به‌رگری مووشه‌كی ئیس 400 گه‌مارۆی به‌سه‌ر كه‌رتی پیشه‌سازی توركیاو چه‌ند به‌رپرسێكی توركیادا سه‌پاندبوو.

ئه‌رده‌لان گۆران

تورکیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.