Erbil 5°C یەکشەممە 29 کانونی یەکەم 04:31

په‌رله‌مانی کوردستان یاداشتێک ئاڕاسته‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ده‌کات

کوردستان TV
#7
100%

دیدارى لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و ڕه‌وه‌ندى كوردستانی له‌مه‌ڕ ئالنگارییه‌كان و پێشهاته‌كانى به‌رده‌م هه‌رێمی كوردستان ده‌ستیپێكرد.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 2021/6/6، به‌ئاماده‌بوونی د.ڕێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و د.هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێرى په‌رله‌مان و ژماره‌یه‌ك له‌به‌رپرسانی حكومی و حزبى و مامۆستایانی زانكۆو ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، له‌ته‌لارى په‌رله‌مان، دیدارى لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و ڕه‌وه‌ندى كوردستانی له‌مه‌ڕ ئالنگارییه‌كان و پێشهاته‌كانى به‌رده‌م هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.

سه‌ره‌تای دیداره‌كه به‌ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان ده‌ستیپێكرد، دواتر د.ڕێبوار بابكه‌یى سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و ڕه‌وه‌ندی كوردستانی له‌په‌رله‌مانی كوردستان وتارى كردنه‌وه‌ى دیداره‌كه‌ی پێشكه‌شكردو تیایدا وێڕای به‌خێرهێنانی ئاماده‌بووان، ڕایگه‌یاند: "به‌داخه‌وه‌ دوێنێ ڕووداوێكی نه‌خوازراو ڕوویدا له‌ئه‌نجامى هێڕشێكی په‌كه‌كه‌ بۆ سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌داخه‌وه‌ پێنج پێشمه‌رگه‌ شه‌هید ده‌كه‌وێ و چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌كیش بریندار ده‌بن، ئێمه‌ وێڕای ئیدانه‌كردنی ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ی په‌كه‌كه‌ هاوكات سه‌ری ڕێزو نه‌وازش داده‌نوێنین به‌رامبه‌ر به‌شه‌هیده‌كانمان و هیوای زوو چاكبوونه‌وه‌ش بۆ برینداره‌كانمان ده‌خوازین".

هه‌ر له‌وته‌كه‌یدا سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و ڕه‌وه‌ندی كوردستانى ئامانجه‌كانى پشت سازكردنی ئه‌و دیداره‌و ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه له‌پانێڵه‌كانی دیداره‌كه‌دا پێشكه‌ش ده‌كرێن خسته‌ڕوو و ڕاشیگه‌یاند: "ده‌مانه‌وێ په‌رله‌مان بخه‌ینه نێو وێنه‌ی ڕووداوه‌كان و گفتوگۆكان له‌هۆڵی په‌رله‌مان كه‌قه‌تیس ده‌كرێته‌وه به‌تێڕوانینی په‌رله‌مانتاران له‌سه‌ر پرسه ته‌شریعییه‌كان بێین له‌دانیشتنێكی ئاواشدا خه‌ڵكی خاوه‌ن ئه‌زموونى مه‌عریفی و خه‌ڵكی خاوه‌ن ئه‌زموونی سیاسی قسه‌یان له‌سه‌ر بكات بۆئه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر ڕووداوه سیاسییه‌كانیش قسه‌ی هه‌بێت"، گووتیشی: "ئێمه ده‌مانه‌وێ به‌رمه‌بنای ئه‌و گفتوگۆیانه‌ى ده‌كرێ كۆمه‌ڵێك بژارده دواجار بخه‌ینه به‌رده‌م سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بۆئه‌وه‌ى بزانین چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پرسه سیاسییه‌كان ده‌كرێ".

پاشان د.ڕێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان وته‌یه‌كی پێشكه‌شكردو تیایدا باسى له‌قه‌واره‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی په‌سندكراو له‌ده‌ستوورى عێراقی كردو ڕایگه‌یاند: "قه‌واره‌ى سیاسیى هه‌رێمى كوردستان قه‌واره‌یه‌كى مێژوو كرده‌و دواى په‌سه‌ندكردنى ده‌ستوورى عێراقى فیدراڵ له‌ساڵى 2005، دانپێدانانى ده‌ستوورى له‌چوارچێوه‌ى ده‌وڵه‌تێكى فیدراڵیدا وه‌رگرت، به‌رهه‌مى خه‌بات و خوێن و فرمێسكى ده‌یان ساڵه‌ى گه‌لى كوردستانه‌و ئێستا له‌گه‌ڵ چه‌ندین ئاسته‌نگ و ته‌حه‌دى له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆیى و عێراقى و ئیقلیمى و ته‌نانه‌ت نێوده‌وڵه‌تیش ڕووبه‌ڕووه‌، بۆیه له‌هاونیشتیمانییه‌كى ئاساییه‌وه تادامه‌زراوه ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێم، حیزبه سیاسییه‌كان و ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى و میدیاى به‌رپرس، هه‌ریه‌كه‌یان به‌پێى قه‌باره‌و كاریگه‌رى و پێگه‌و ده‌سه‌ڵات و ده‌ستڕۆییان، پشكیان له‌ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ته‌حه‌دییه‌كان و چاره‌سه‌رى ئاسته‌نگه‌كان ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ".

هه‌ر له‌وته‌كه‌یدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌و ئالنگارییانه‌ی كه‌ڕووبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان ده‌بنه‌وه‌و ڕایگه‌یاند: "ئه‌گه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ قه‌باره‌و كاریگه‌رى نه‌رێنى ته‌حه‌دییه‌كان بكه‌ین، ئه‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ى كه ته‌حه‌دییاتى ناوخۆیی زیاتر له‌هه‌موو ئه‌وانى تر كاریگه‌ریى له‌سه‌ر بنكۆڵكردن و لاوازكردنى قه‌واره‌كه ده‌بێت، بۆیه ئه‌بێت ئه‌وله‌ویه‌ت له‌ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه لاى هه‌موومان چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانمان بێت له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێم بۆئه‌وه‌ى پێكه‌وه به‌متمانه به‌یه‌كترو به‌دامه‌زراوه‌كانمان، به‌یه‌كڕیزی له‌گه‌ڵ ته‌حه‌دییاتى ئاستى عێراقى و ئیقلیمى ڕووبه‌ڕوو بین".

گووتیشی: "سه‌ره‌ڕاى جیاوازییه‌كانمان له‌ڕووى فكرى و ئایدۆلۆژییه‌وه‌، ده‌بێت ته‌واوى هێزه سیاسییه‌كان ناكۆكییه‌كانیان به‌لاوه بنێن و هه‌مووان یه‌كڕیزبین له‌گه‌شه‌پێدانى كه‌لتوورى دیموكراسى له‌سه‌ر ئاستى دامه‌زراوه‌یى و جه‌ماوه‌رى، له‌فه‌راهه‌مكردنى ئازادییه‌كان و ڕه‌خساندنى زه‌مینه‌ى له‌بارتر بۆ موماره‌سه‌كردنى ئازادیى ڕاده‌ربڕین و ئازادیی بیروباوه‌ڕى ئاینى و سیاسى و ئه‌وانى تر، ئه‌بێت یه‌كڕیزبین سه‌باره‌ت به‌پیاده‌كردنى پڕه‌نسیپى جیاكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كان، له‌به‌هێزكردنى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى و دامه‌زراوه‌ى داواكارى گشتى و پاراستنى سه‌ربه‌خۆییان له‌بڕیاردان، له‌ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و چاكسازى له‌خه‌رجى و داهات و كه‌مكردنه‌وه‌ى بێكارى، به‌بڕینى ده‌ستى حیزب و گرووپه‌كانى به‌رژه‌وه‌ندى له‌نێو ئابوورى و بازاڕى هه‌رێمه‌كه‌مان"، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه له‌ئیستادا تاڕاده‌یه‌كى زۆر خه‌مى مه‌ترسى له‌سه‌ر قه‌واره‌كه له‌ئاسته جیاوازه‌كاندا وه‌ك خه‌مێكى گشتى نه‌ماوه‌، بۆیه گله‌یى و نیگه‌رانییه‌كان سه‌ره‌ڕاى خۆڕاگریى خه‌ڵكى كوردستان، ده‌بێت جێگه‌ى بایه‌خمان بێت و هه‌وڵ بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ى بده‌ین.

هه‌ر له‌وته‌كه‌یدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان باسی له‌دۆخی ناوچه سنوورییه‌كان كردو ڕایگه‌یاند: "ناكرێت دۆخى ناوچه سنوورییه‌كان و هه‌لومه‌رجى ژیان و گوزه‌رانى گوندنشینانى ئه‌و ناوچانه له‌ژماردنى ته‌حه‌دییاته‌كاندا نادیده بگرین و دیاره له‌ئێستادا به‌داخه‌وه بوونه‌ته مه‌یدانى شه‌ڕێكى به‌وه‌كاله‌ت كه‌جگه له‌زیان به‌ئارامى و ژیان و موڵك و ماڵ و ئاقارى هاووڵاتییانى گوندنشین هیچ ده‌سكه‌وتێكى بۆ هه‌رێمى كوردستان تێدا نییه‌و ڕۆژانه پێشمه‌رگه‌و هاووڵاتییانمان به‌ناحه‌ق شه‌هید ده‌بن".

له‌كۆتایی وته‌كه‌یدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان ڕایگه‌یاند: "ئێمه له‌په‌رله‌مانى كوردستان پێمان وایه بژارده‌ى دیالۆگى بونیادنه‌رانه‌و دووركه‌وتنه‌وه‌ى هێزه دژبه‌ره‌كان له‌وڵاتانى ئیقلیمى و ئۆپۆزسیۆنه‌كانیان له‌بژارده‌ى شه‌ڕو په‌لامارى چه‌كداری و به‌ئامانجگرتنى یه‌كترى و له‌شكركێشى بۆ سه‌ر سنووره‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ته‌نها ڕێگه‌یه كه‌دواجار ده‌بێت هه‌مووان ملكه‌چى حوكم و لۆژیكى ببن، چونكه ئارامى و پاراستنى سه‌روه‌ریی هه‌رێمى كوردستان و عێراق زامنى ئارامى و ئاسایشى ته‌واوى ناوچه‌كه‌یه".

گووتیشی: "به‌ئامانجى ڕاگرتنى له‌شكركێشى و دوورخستنه‌وه‌ى بژارده‌ى شه‌ڕ، یاداشتمان ئاڕاسته‌ى نوێنه‌رایه‌تیى گشتیى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌هه‌رێمى كوردستان و هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى ده‌وڵه‌تى عێراقى فیدراڵى كردووه بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رلایه‌ك به‌پێى ئه‌رك و ده‌سه‌ڵاتى خۆى ڕۆڵ له‌كوژاندنه‌وه‌ى ئه‌و ئاگره‌دا بگێڕێت كه‌ڕۆح و ژینگه‌و ژیان و سه‌رو ماڵى هاونیشتیمانییانمان ده‌كاته سوتماك، به‌تایبه‌تى كه‌عێراق ده‌وڵه‌تێكى ئه‌ندام و دامه‌زرێنه‌رى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه‌و پاراستنى ئارامى و ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تیش له‌ئامانج و ئه‌ركه سه‌ره‌كییه‌كانى ڕێكخراوه‌كه‌یه‌و هاوكات پاراستنى شكۆو سه‌روه‌ریى ده‌وڵه‌ت و پاراستنى سنووره‌كان به‌میكانیزمى نێوده‌وڵه‌تى ڕه‌واو ڕێپێدراوو ئه‌ركى ده‌وڵه‌تى عێراقه".

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.