د.بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لهسهر هێرشی ئهمڕۆی چهكدارانی پهكهكه بۆ سهر هێزهكانی پێشمهرگه راگهیاندراوێكی بڵاوكردهوه و رایدهگهێنێت: ھەبوونی ھەر گروپ یان ھێزێکی بیانی لە ناو سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق بە شێوەیەکی نایاسایى رێگە بۆ دەستوەردانی وڵاتانی دراوسێ دروست دەکات.
ئهمه دهقهكهیهتی:
بەیانی رۆژی شەممە، 2021/6/5 ھێزێکی پێشمەرگەی کوردستان لە کاتی ئەنجام دانی ئەرکێک لە چیای مەتین لە پارێزگای دھۆک، کەوتنە ناو بۆسەی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان و بەو ھۆیەشەوە پێنج پێشمەرگە شەهیدبوون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
ئێمە وێراى سەرکۆنەكردنى ئەو کردەوەیە، پێمان وایە ئەو جۆرە کردەوانە زەمینەسازی کردنە بۆ دروستکردنی شەڕی برا کوژی و ناسەقامگیری ھەرێمی کوردستان، و خوازیارین کێشەکان به شێوەی ئاشتییانه و لەسەر مێزی دانوستاندن چارەسەر بکرێن.
ھەبوونی ھەر گروپ یان ھێزێکی بیانی لە ناو سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق بە شێوەیەکی نایاسایى رێگە بۆ دەستوەردانی وڵاتانی دراوسێ دروست دەکات تاوەکو خاکی ھەرێمی کوردستان بکەنە گۆڕەپانی یەکلایی کردنەوەى کێشەکانی خۆیان، بۆیە پێویستە حکومەتی فیدراڵی بە زووترین کات کار بکات بۆ ئاسایی کردنەوەی ناوچە سنوورییەکان و پاراستنی سنوورەکانی بە ھەماھەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگر کردنی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و ھێزەکانی پاسەوانی سنوور لەسەر سنوورەکان، بۆ ئەم مەبەستەش ھەردوو لیژنەی ئاسایش و بەرگری و لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران رادەسپێرین بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە.
لێرەوە پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خانەوادەی ئەو پێشمەرگە شەھیدانە دەکەین و ھیوای زوو چاک بوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.
شایهنی باسه ئەمڕۆ 5-6-2021، لە چیای مەتین لەسنوری قەزای ئامێدی، چهكدارانی پەكەكە هێرشیان كردەسەر كاروانێكی هێزی پێشمەرگەو لەئەنجامدا پێنج پێشمەرگە شەهید بوون و حەوت پێشمەرگەی دیكەش برینداربوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.