Erbil 28°C شەممە 28 ئەیلوول 00:31

پەیامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک- گەرمیان لە(٤٥)مین ساڵیادی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخوازدا

کوردستان TV
100%

به بۆنەی چل و پێنجەمین ساڵیادی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخوازەوه سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی سەرۆکی نەتەوەییمان ھەڵۆی بەرزەفڕ و بیر پاك و بیر تیژ و دووربینی کوردستان مستەفا بارزانی و کاکە ئیدریسی ھەمیشە لەیاد و گشت شەھیدانی کورد و کوردستان و شەھیدانی ئەنفال و پێشمەرگە قارەمانەکان دنێرین و، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی خەڵکی سەربەرزی کوردستان و ھەموو بەرپرس و کادر و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەین، کە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول بە ماویەکی کەم و زۆر پێوانەیی لە دژوارترین کاتەکاندا گیان لەسەر دەست و بە دڵێکی پڕ لە ھیوا و، باوەڕ بە خۆ و، بە گەل و بە پرسی ڕەوای گەلی کوردستان و، بە سەرکەوتن، وەستان و بەرەو ڕووی مەرگ چوون و توندوتیژییەکانی ڕژیمی دیکتاتۆری بەعسی بەغدا و پیلانی نێودەوڵەتی و ھەرێمی و بەرامبەر بە کارە دڕندانەکانیان بە سەربەرزی و نەترسی و مەردانە و بێ سڵکردن لە مەرگ، بە باوەڕی تەواو بە خۆ و پشتئەستوور بە ھێزی گەل وەستان و، شۆڕشی گوڵانی پڕ له شکۆیان بۆ ڕزگارکردنی گەل و خاکی کوردستان لە ستەم و دیکتاتۆریەت و بەدەستھێنانی مافی ڕەوای گەلی کوردستان له کوردستانی باشوور بەرپا کرد و، ووتیان «کوردستان گۆڕەپانی ڕاستەقینەی خەباتە». بۆ ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی پارتیمان بۆ ئەو مەبەستە سەرکردایەتیی کاتی (قیادەی مؤقەتە) -یان دامەزراند و سەرکردایەتیی کاتیش شۆڕشی گوڵانی بەرپا کرد و ئومێد و متمانه و باوەڕی بۆ گەلی سەربەرزی ستەملێکراوی کورد و کوردستان - گەڕاندەوە و بۆ کوردستانییان و گشت عێراق و دەوڵەتەکانی ھەرێمی و جیھانی سەلماند که هیچ کات ئیرادەی گەلی کوردستان ناشکێت و له خەبات و تێکۆشان کۆڵنادەن تاکو تەواوی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان بە دەست دێنن. شۆڕشی گولان ھەستانەوەی نەتەوەیەك بوو دژی داگیرکەرانی گەل و خاکی کوردستان و شکستھێنان بوو بە پیلانەکانی داگیرکەرانی گەلی کورد و کوردستان وەکو ڕێککەوتننامەکانی گامبڵ و سایکس پیکۆ و سەعد ئاباد و ڕێککەوتننامەی شوومی جەزائر و لە ھەمان کاتیشدا ھاوڕدانەوە و وەبیرھێنانەوەی ڕێککەوتننامەی سیڤەر - یش بوو. لەو کاتە تاریك و سامناکەدا کە زۆر بە نھێنی و دڵسۆزی و ئارامی کار کار دەکرا لە پڕ بریسکەی بەھێز و ڕووناك و بەدەنگ لە بادینان و لە سۆران لە ناو جەرگەی کوردستانی باشوور دەنگی دایەوە . بە فەرمانی ڕێزدار سەرۆکی گەلی کوردستان بارزانیی نەمر و، ڕێنمایی ھەردوو ڕێزدار کاکە ئیدریس بارزانیی ھەمیشەزیندوو و سەرۆك کاك مسعود بارزانی و ژمارەیەك لە ئەندامانی سەرکردایەتیی کاتی کە ھەم کادر و ھەم پێشمەرگەی گیان لەسەر دەستی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەی مەرگ بوون بۆ بەدەستھێنانی مافە ڕەوا داگیرکراوەکانی گەلەکەمان و گەڕانەوە بۆ سەر خاکی کوردستانی داگیرکراو بۆ زیاتر بەھێزکردنی باوەڕی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان بە خۆیان و بە ڕەوایەتیی مافەکانیان، بۆ بەدەستھێنانی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان بوو. ھەرچەندە ئەو سەردەمە کوردستان لە ناو تەمومژ و تاریکیی سامناكدا بوو، ڕۆڵە گیان لەسەر دەستانی پارتیمان ھیچ سڵێکیان لە دڕندایەتیی دیکتاتۆرەکان و بیرە شۆڤینییەکانیان و دامودزگا داپڵۆسێنەرکانیان نەدەکرد و ئاسۆی ڕووناکیان دەبینی. دەستیان بە ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی پارتیمان کرد و سنووری کاری سیاسی و چالاکیی سەربازی لە ناو کوردستانی باشوور کرایە دوو ھەرێم، بۆ گونجاندنی کاری سەربازی و سیاسی لەگەڵ بارودۆخی دژوار و لەخۆباییبوونی ڕژێمی دیکتاتۆری ئەو سەردەمە ھەرێمی (١) یەك ناوچەی بادینان - (دھۆك و موصل). بەرپرس و جێگری بەرپرسی بۆ داندرا و سەرەتا ژمارەیەك مەفرەزەی چەکداریان ڕێکخست و لەناو شارەکانیش ڕێکخستنی نھێنییان دامەزراند و لە سنووری ھەولێریش بۆیان ھەبوو کار بکەن. ھەرێمی (٢) دوو ناوچەی سۆران (ھەولێر و کەرکووک و سلێمانی) بەرپرس و جێگری بۆ داندرا. لە ھەرێمی دوو ژمارەیەك مەفرەزەی چەکدار ڕێکخران و ڕێکخستنی نھێنیش لە ناو شارەکان و زانکۆکان دامەزرێندران و، شۆڕشی گولان، ئەو شۆڕشە گرینگەیان ھەڵگیرساند و دەستی پێکرد. ھەر لەو سەردەمە سەخت و دژوارەدا تواندرا ئێزگەی دەنگی کوردستان بگەیەندرێتە چیاکانی ئازادکراوی کوردستان و دەس بەکار بوو. ئەو ڕێزدارانەی کە لەبەر نسکۆی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن چووبوونە ھەندەران بەتایبەت (ئۆروپا و ئەمریکا) کاری سیاسی و دیپلۆماسییان دەکرد و ڕۆڵە دڵسۆزەکانی کوردستان کە ئاوارەی ھەندەران بووبوون ڕێکدەخستەوە. ژمارەیەکیش چووبوونە سوریا و لەوێ خۆیان ڕێکخستبوو بۆ گەڕانەوە و بەردەوامی بە خەباتی چەکداری و سیاسی بدەن لە یەکێك لەو دوو ھەرێمە و ژمارەیەکیانیش چوونە ئۆروپا. لێرەدا زۆر گرینگە بووترێت گەلی سەربەرزی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان ھاوکار و پاڵپشتی زۆر گرینگ بوون بۆ شۆڕشی گوڵان بێپایان سوپاسگوزاری ڕۆڵەکانی نەتەوکەمانین لە باکور و، ڕۆژھەلات و، ڕۆژئاوای کوردستان و، لبنان و گشت سەربەرزانی ئاوارەی ھەندەران لە ئێران و تورکیا و سوریا و ئۆروپا و گشت شوێنێکی جیھان. لەم یادە پڕشکۆیەدا جارێکی دیکە سڵاو لە گیانی پاکی سەرکردەی سەبەرزی گەلی کوردستان بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی ھەمیشە زیندوو. سڵاو بۆ شەھیدانی سەرکردایەتیی کاتی (قیادەی مؤقەتە) و گشت شەھیدان و شەھیدانی ئەنفالکراوی کورد و کوردستان. سڵاو بۆ گشت پێشمەرگە و کادر و بەرپرسانی شۆڕشی گوڵان و سەرجەم پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان. سڵاو له گیانی پاکی شەهیدە سەربەرزەکانی شۆڕشی گوڵان کە بە فیداکاریی بێوێنە شکستیان بە پیلانی دوژمنانی گەلەکەمان ھێنا و ئومێدیان بۆ گشت گەلی کوردستان جێگیر کرد کە سەردەکەوین و مافەکانمان بەدەست دێنین و گەلی کوردستان خۆی فەرمانڕەوایی خۆی دەکات. نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی شۆڕشی گوڵان و گشت شەھیدانی کورد و کوردستان.

دکتۆر کەمال کەرکووكی سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک -گەرمیان

٢٦-گولان-٢٠٢١

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.