مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەبۆنەی (59)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان پهیامێكی پیرۆزبایی بڵاوكردهوه.
بەڕێزان/ سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان
ئەمڕۆ(59) ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەكێتیە تێكۆشەرەكەتان تێدەپەڕێت، ئەو رێكخراوە پیشەییەی بەردەوام خزمەتی توێژی مامۆستایانی كردووە و بۆتە سەكۆیەكی گرنگی خواست و ویستی سەرجەم مامۆستایانی کوردستان.
یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، كە بە رێنوێنی و راسپاردەی (بارزانی نەمر) دامەزرا، هەر لە سەرەتای كاركردنیەوە لە (15ـی5ـی1962)بە پلان و بەرنامەی رێكخراوانە و پیشەییانە توانیویەتی دەستکەوتی زۆر و گرنگ بۆ توێژی مامۆستایان بەدیبێنێ، كە مایەی رێز و شانازییە بۆ گەلەكەمان بە گشتی و توێژی مامۆستایان بەتایبەتی.
یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، شانبەشانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتدا وێرای ئەركی پەروەردەیی و فێركردن، بەشداری لە رەوتی سیاسی و چەكداری گەلەكەمانیش كردووە، لەو پێناوەشدا وەك رێكخراوێكی پیشەیی رۆڵی پێشەنگی هەبووە و هەوڵی زۆری داوە لەپێناو سەركەوتن و بەدیهێنانی ئامانجە پیشەییەكانی لە چوارچیوەی مافە سیاسی و فەرهەنگی و كوولتورییەكان دا.
لەم بۆنەیەدا پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و سەرجەم مامۆستایانی کوردستان دەکەین و خەبات و تێكۆشانی رێكخراوەكەتان بەرز دەنرخێنین، ھاوکات پشتیوانی خۆمان بۆ یەكێتیەكەتان دووپات دەكەینەوە و رۆڵی گرنگ و هەستیاری ئێوە بەهەند دەگرین و، هیوادارین وەك هەمیشە دڵسۆزانە و بەرپرسانە زیاتر برەو بە كار و چالاكییەكانتان بدەن و ھەوڵبدەن ئاستی پەروەردە و فێركردن بەرزتر بكەن و بەرەو پێشتری ببەن بۆ پێگەیاندنی نەوەیەكی هۆشیار و سوودمەند، هەروەها داكۆكی لە مافە پیشەییەكانتان بكەن و دەستكەوتی زیاتر بۆ سەرجەم مامۆستایان بەبێ جیاوازی بەدیبێنن و داكۆكی لەو ئەزموونە و دەستكەوتەكانمان بكەن.
سڵاو و رێز و وەفاداریی بۆ دامەزرێنەران و سەرۆك و سكرتێرە پێشەنگەكانی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان.
پیرۆز بێت(59)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە ئێوە و سەرجەم مامۆستایانی كوردستان..
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
15ـی 5ـی 2021
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.