قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ کۆماری ئەرمینیا بە جیا لەگەڵ مهر گریگۆریان، جێگری سەرۆک وەزیران و هایک چۆپانیان، وەزیری پیشەسازیی تەکنەلۆژیای زانیارییەکانی ئەرمینیا کۆبووەوە و لەگەڵ هەردوولا گەیشتنە كۆمەڵێك رێككەوتنی سەرەتایی.
لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی 14-5-2021 بەڕێوەچوون، تاوتوێی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئەرمینیا کرا. هەروەها بڕیاردرا تیمی هاوبەش لەنێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئەرمینیا دروست بکرێت بە مەبەستی گواستنەوەی ئەزمونی ئەرمینیا لەڕووی بە ئەلکترۆنیکردنی حکومەت و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای زانیاری.
لەتەوەرێکی دیكەی قسەکاندا، باسی پێکەوەبەستنی زانکۆ پۆلی تەکنیکییەکانی کوردستان و ئەرمینیا كرا بەمەبەستی ئەنجامدانی کاری هاوبەشی زانستی.
لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ ئەرمینیا، هەر ئەمڕۆ جێگری سەرۆک وەزیران و شاندی یاوەری لەگەڵ شاندێکی یەکێتی کۆمپانیا پێشكەوتووەکانی بواری تەکنەلۆژیای زانیارییەکانی ئەرمینیا کۆبووەوە، پاش گفتوگۆی چڕ رێککەوتنێکی سەرەتایی کرا بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی ئەرمینیا بێنە هەرێمی کوردستان و لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی بەرفراواندا منداڵ و نەوجەوانانی تەمەن 10_18 ساڵان فێری ئای تی و تەكنەلۆژیای زانیاری بكەن کە ئەمە پرۆگرامێکی تایبەتی کۆماری ئەرمینیایە.
سەردانەکەی قوباد تاڵەبانی بۆ کۆماری ئەرمینیا لەسەر بانگهێشتی فەرمی حکومەتی ئەرمینیایە و سێ رۆژ دەخایەنێت. لەم سەردانەدا هەر یەک لە دارا رەشید وەزیری پلاندان و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران یاوەری جێگری سەرۆک وەزیرانن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.