بەبۆنەی تێپەڕبوونی ساڵیك بەسەر پیکهێنانی کابینەی حکومەتەکەی و جەژنی رەمەزانەوە، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتارێکی پیشکهشکرد و رایگەیاند: لێکتێگەیشتنی باشیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دروستکردووە، ئاماژهی بهوهشكرد ئهوهی كابینهكهی له ماوهی ساڵێك كردوویهتی له 17 ساڵی پێشوو نهكراوه.
لە گوتارەكهیدا مستەفا کازمی گوتی: ئەم کابینەی حكومهت لە بارودۆخێکی نائاسایی ترسناک لەدایکبوو، عێراق لەو کاتەدا بەهۆی قەیرانێکی گەورە و چارەنووسسازەوە لەمەترسییەکی گەورەدابوو، ئەویش بەهۆی خراپ بەڕێوەبردن و نەبوونی ئیرادەی راستەقینە بۆ گۆڕانکاری و گەشەپێدان.
ئاماژهی بهوهشكرد لەرێگەی گێڕانەوەی متمانە لەنێوان هێزه ئهمنییهكان و کۆمەڵگە، کارمان بۆ پتەوکردنی سەروەریی دەوڵەت و هێشتنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەت کردووە، لەپێناو رووبەڕووبونەوەی تیرۆر و چەکی بێ مۆڵەت و مافیاکانی تاوانکاری. ههروهها گوتی رووبەڕووی گرووپە له یاسالادهرهكان بووینەوە و سەدان کەسمان دەستگیرکردوون.
لەبارەی پرسی ڕووبهڕووبوونهوهی گەندەڵی گوتی "ئەوەی لە یەک ساڵ کردوومانە لە حهڤده ساڵی پێشتر نهكراوه، هەموو ئەو پارانەش دەگەڕێنینەوە کە دزراون". گوتیشی: حکومەت پابەندە بە گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و لەماوەی یەکساڵدا نهوهد لە سەدای کەمپەکانی ئاوارەکانیان داخستووە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، مستەفا کازمی روونیکردەوە لێکتێگەیشتنی باش لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان كراوه وەکو سەرەتایەک بۆ چارەسەکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکان.
سەبارەت بە رێککەوتنی شنگال لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ گوتی "چاودێریی رێککەوتنی شنگالمان کرد کە بەرپرسیارێتیی حکومەتی عێراقی بەرامبەر بەکەسوکارە ئیزدییەکانمان لە شنگال لە هەردوو ئاستی کارگێڕی و ئاسایش زیادکرد، بەچەشنێک رێگە دەدات بە گەڕانەوەی ئاوارهكان بۆ زێدی خۆیان.
سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق مستهفا کازمی دووپاتیكردهوه بهڵێنی ههڵبژاردنهكان ناكات و پاڵپشتی هیچ حیزب یان لایەنێک لە دژی لایەنێکی دیکە ناكات و هەڵبژاردنەکە دەپارێزن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.