Erbil 8°C یەکشەممە 12 کانوونی دووەم 01:58

نێچیرڤان بارزانى: با لاپه‌ڕه‌یه‌کى نوێى پێکه‌وه‌یى و یه‌کترقبووڵکردن بکه‌ینه‌وه،‌ تا پێکه‌وه‌ بتوانین خزمه‌تێکى باشترى گه‌ل و وڵاته‌که‌مان بکه‌ین

کوردستان TV
#7
100%

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنى ڕه‌مه‌زان په‌یامێكی پیرۆزبایی بڵاوكرده‌وه‌ رایگه‌یاند: با له‌ ناوخۆى هه‌رێم و له‌ ته‌واوى عێراق جه‌ژن بكه‌ینه‌ ده‌رفه‌تێك بۆ پێچانه‌وه‌ى یه‌كجاریى لاپه‌ڕه‌كانى ڕق و یه‌كترشكاندن و زمانى زبر و به‌ دڵ و نیازێكى پاكه‌وه‌ بیكه‌ینه‌ ده‌سپێكى سه‌ره‌تایه‌كى تازه‌ى ته‌بایى.

جه‌ژنى ڕه‌مه‌زان به‌ گه‌رمى له‌ ته‌واوى موسڵمانانى كوردستان، عێراق و جیهان، به‌تایبه‌تى له‌ خانه‌واده‌ و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان پیرۆز ده‌كه‌م. هیوادارم خێر و خۆشى و ئاسووده‌یى بۆ هه‌مووان له‌گه‌ڵ خۆیدا بهێنێت، جه‌ژن و پشوویه‌كى ئارام به‌سه‌ر به‌رن و بۆنه‌كانى داهاتوومان له‌ دۆخێكى باشتر و دوور له‌ په‌تا و ناخۆشى و قه‌یران و ئاڵۆزى بگه‌ڕێنه‌وه‌.

با هه‌موومان مانا و چه‌مكه‌كانى جه‌ژن له‌ ئاشته‌وایى و لێبورده‌یى و پێكهاتنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خۆمان و ده‌وروبه‌رمان و هه‌مووان، بكه‌ینه‌ بنه‌مایه‌ك بۆ هه‌ڵسوكه‌وت و په‌یوه‌ندى و هه‌نگاوه‌كانى داهاتوومان. با هه‌موومان لاپه‌ڕه‌یه‌كى نوێى پێكه‌وه‌یى و یه‌كترقبووڵكردن بكه‌ینه‌وه،‌ تا پێكه‌وه‌ بتوانین خزمه‌تێكى باشترى گه‌ل و وڵاته‌كه‌مان بكه‌ین و به‌ره‌و داهاتوویه‌كى باشتر، ئاسووده‌یى، سه‌قامگیرى، پاراستنى زیاترى ماف و ئازادییه‌كان و یاسا و دادگه‌رى هه‌نگاو بنێین.

با له‌ ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و له‌ ته‌واوى عێراق جه‌ژن بكه‌ینه‌ ده‌رفه‌تێك بۆ پێچانه‌وه‌ى یه‌كجاریى لاپه‌ڕه‌كانى ڕق و یه‌كترشكاندن و زمانى زبر و به‌ دڵ و نیازێكى پاكه‌وه‌ بیكه‌ینه‌ ده‌سپێكى سه‌ره‌تایه‌كى تازه‌ى ته‌بایى و هاوبه‌شى و هاریكاریى نێوان هه‌موو لایه‌ن و پێكهاته‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئاڵۆزى و كێشه‌ و تێپه‌ڕاندنى قه‌یرانه‌كان و هه‌موومان له‌ ئاست به‌رپرسیاریه‌تیى مرۆیى و نیشتمانیماندا بین.

جه‌ژنى هه‌مووان پیرۆز بێت، هه‌موو ساڵێك به‌ خۆشى.

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2021/5/12

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.