Erbil 29°C دووشەممە 23 ئەیلوول 09:39

کۆمسیۆنى باڵای هەڵبژاردنەکان له‌باره‌ی پرۆسه‌ی ده‌نگدان چه‌ند زانیارییه‌ک ئاشکرا ده‌کات

کوردستان TV
100%

سەرۆکى کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق ڕایگەیاند: نزیکەى چوارسه‌د هەزار فەرمانبەر سەرپەرشتى بەڕێوەبردنى پڕۆسەى هەڵبژاردنی داهاتوو دەکەن و ئەو ئامێرانەشى بۆ پڕۆسەکە بەکاردەهێنرێن جێگه‌ی متمانەن و ڕێگرى لە ساختەکارى دەکات.

جەلیل عەدنان خەڵەف، سەرۆکى کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق لەمیانەى کۆبوونەوەیەکیدا لە نووسینگەى نیشتیمانى سەر بە دەزگاکەى لە به‌غدا ڕایگەیاند: نزیکەى چوارسه‌د هەزار فەرمانبەر لە وەزارەت و دەزگا دەوڵەتییەکان پڕۆسەى هەڵبژاردنى ده‌ی ئۆكتۆبه‌ری ئەمساڵ بەڕێوە دەبەن و متمانەى تەواویشیان بەو ئامێرانە هەیە کە لە پڕۆسەکەدا بەکاردەهێنرێن.

ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، کۆمسیۆن بەوردى کارى کردووە بۆ نوێکردنەوەى ناوى دەنگدەران و هەروەها هەڵبژاردنى ئەو کۆمپانیایەى کە پشکنین بۆ پڕۆسەکە دەکات لەسەر ڕێنماى نەتەوە یەکگرتووەکان و دانانى پلان بۆ هاندانى دەنگدەران لەبەشداریکردنیان لە پڕۆسەکە کە وابڕیارە ده‌ی مانگى ئۆكتۆبه‌ری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

خەڵەف دەشڵێت، کۆمسیۆن بانگهێشتنامەى ئاڕاستەى ژمارەیەک لەوڵاتانى جیهان کردووە بەمەبەستى ڕەوانە کردنى چاودێرەکانیان ئەوەش بۆ گەڕانەوەى متمانە بەکۆمسیۆن و ئەنجومەنە نوێیەکەى و هەروەها کار دەکات بۆ ناردنى پەیامێک بۆ هەموو عێراقیەکان بەمەبەستى بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکە.

لەبارەى گرێبەستەکانیشەوە، خەڵەف ئەوەشى ڕوونکردووەتەوە، هەموو گرێبەستەکان کە کۆمسیۆن دەیانکات خولییە و جێبەجێکارە سەرەکییەکەى وەزارەتى دەرەوە و بازرگانى و پلاندانان و هەواڵگرییە و خراونەتە بەردەم ئەنجومەنى وەزیران و دوا ڕەزامەندیش لەوێووە دەردەچێت.

سەرۆکى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان باسى لەوەش کردووە، ئەو کۆمپانیایەى کە پشکنین بۆ ئامێرەکانى هەڵبژاردنەکە دەکات، کۆمپانیاى (هانس لەدى) ئەڵمانیە و کۆمپانیایەکى خاوەن ناوبانگ و کارى نمونەیە لەوڵاتان و ئەویش وەکو قازییەک متمانەى تەواوى بەو ئامێرانە هەیە.

لەسەر لیستى تۆمارى دەنگدەرانیش خەڵەف وتووشیەتى، لەگەڵ تۆڕى میدیایى عێراقیدا بۆ چاپکردن ڕێکەوتوون ئەگەر چاپخانەیەکى پێشکەوتوویان هەبێت بۆ ئەوەى پارەکە بۆ خەزێنەى دەوڵەت بگەڕێتەوە و بۆ چاپکردنى کارته‌كانى دەنگدانیش خەریکە لەگەڵ کۆمپانیایەکى فەڕەنسیدا ڕێکدەکەون.

كوردستان TV

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.