په‌رله‌مانى کوردستان سه‌رقاڵى په‌سه‌ندکردنى پرۆژەیاساى دادگاى تاوانکاریى تایبه‌تمه‌ند به تاوانه‌کانى (داعش) له هه‌رێمى کوردستانە، تاوه‌کوو لەو ڕێگه‌یه‌وه کار بۆ بەسزاگهیاندنى هه‌موو ئه‌و تیرۆریسته داعشانه بکات که تاوانى دژ به مرۆڤایه‌تییان دژى هاووڵاتییان و خه‌ڵکى سڤیلى کوردستان و ناوچه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره هەرێمى کوردستان کردووە. ئه‌ندامێکى لیژنه‌ى یاساییى په‌رله‌مانى کوردستان رایدهگهێنێت: له دانیشتنى دوێنێى په‌رله‌مان خوێندنه‌وه‌ى یه‌که‌م بۆ پرۆژه‌یاساکه کراوه و له کۆبوونه‌وه‌ى داهاتووى په‌رله‌مان که دواى جه‌ژنى ڕەمه‌زان به‌ڕێوه ده‌چێت، پرۆژه‌یاساکه په‌سه‌ند ده‌کرێت.
خه‌دیجه عومه‌ر مزوورى، ئه‌ندامى لیژنه‌ى یاسایی‌ی په‌رله‌مانى کوردستان، رایدهگهێنێت: هه‌بوونى یاسایه‌کى تایبه‌ت بە تاوانەکانی داعش له سیستمى یاساى هه‌رێمى کوردستاندا زۆر گرنگ بوو، ئێمه ده‌زانین تیرۆریستانى داعش له ماوه‌ى ڕابردوو زۆرترین تاوان و کارى دژ به مرۆڤایه‌تییان ده‌رهه‌ق به هاووڵاتییانى کوردستان، به تایبه‌ت کوردانى ئێزدى و هاووڵاتییانی مه‌ده‌نیى ناوچه جیاوازه‌کان له ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمى کوردستان کرد، بۆیه بوونى یاسایه‌کى له‌م شێوەیه گرنگه بۆ ئێمه وه‌ک هه‌رێمى کوردستان، چونکه ده‌بێته چوارچێوه‌یه‌کى یاسایى، هه‌م بۆ ناساندنى تاوانه جۆربه‌جۆره‌کانى داعش و دۆزینه‌وه‌ى چوارچێوه‌یه‌کى یاسایى بۆیان، هه‌م بۆ خوگونجاندن له‌گه‌ڵ ڕێککه‌وتنى نێوهدهوڵەتى که عێراق واژووى کردووه، چونکه بیرمان نه‌چێت لایه‌نى نێوده‌وڵەتى ده‌توانێت هاوکارێکى سه‌ره‌کى بێت بۆ کۆکرنه‌وه‌ى به‌ڵگه‌نامه‌کان و دۆزینه‌وه‌ى ته‌واوى تیرۆریستان و به‌سزاگه‌یاندیان و ته‌نانه‌ت هاوکاریکردنى که‌سوکارى قوربانیانى تاوانه‌که و قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌یان.
ده‌شڵێت: پرۆژه‌یاساکه له 33 ماده و هۆیه‌کانى ده‌رچوواندنى پێک هاتووه، ئێستا خوێندنه‌وه‌ى یه‌که‌مى بۆ کراوه و له جه‌لسه‌ى داهاتووى په‌رله‌مان کە ده‌کەوێته دواى جه‌ژن په‌سه‌ند ده‌کرێت، هه‌ر به‌پێى یاساکه سندووقێکى هاوکاریی تایبه‌ت به قهرهبووکرنهوى که‌سوکارى قوربانیانى ده‌ستى داعش داده‌مه‌زرێت، ته‌واوى ئه‌و هاوکارییانه‌ی چ له ئاستى ناوخۆ و چ له ئاستى ڕێکخراوه نێوده‌وڵەتییه‌کان کۆ ده‌کرێته‌وه لەو سندووقه‌دا داده‌نرێت و دواتر به شێویه‌کى دادپهروەرانه به سه‌ریاندا دابه‌ش ده‌کرێت.
هه‌روه‌ها رایدهگهێنێت: باره‌گاى سه‌ره‌کیى داگاکه له هه‌ولێر، پایته‌ختى هه‌رێمى کوردستان ده‌بێت و به‌پێى یاساکه سه‌رۆکى دادگاى تایبه‌تمه‌ند ده‌توانێت، داواى یارمه‌تى له کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵەتى بکات بۆ نارنى دادوه‌ر و ڕاوێژکارى شاره‌زا له بوارى لێکۆڵینه‌وه له تاوانى مرۆڤایه‌تى بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و ئه‌رکه‌ى له ئه‌ستۆى دادگاى تایبه‌تمه‌نده وه‌ک خۆى جێبەجێی بکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.