Erbil 14°C پێنجشەممە 16 کانوونی دووەم 16:45

شاندێکی سه‌ربازی به‌ریتانیا پرسی پەیوەندییەکانی نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق تاوتوێ ده‌کات

کوردستان TV
#7
100%

وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند: بەهێزبوونەوەی داعش، مەترسیە بۆ سەر ئاشتی و ئارامی جیهان.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی ئایاری2021، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی کرد له‌ مارشاڵ سامیوڵ سامپسۆن، گه‌وره‌ راوێژکاری به‌رگریی بەریتانیا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باکووری ئەفریقا و کۆڵۆنێڵ چارڵی، راوێژکاری هێزەکانی بەریتانیا لەهەرێم و شاندێكی یاوه‌ری.

له‌ دیدارێکدا، کە هەریەک لە سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەت و فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی و فەریق جەمال محمد سەرۆکی دەستەی ئەرکان و راوێژکارانی باڵای وەزارەت ئامادەیبوون، گفتوگۆ کرا، لەبارەی دوایین پێشهات و جموجۆڵ و  مه‌ترسییه‌كانی داعش لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا.

وەزیری پێشمەرگە، هۆشداریدا لە کردە تیرۆریستیەکانی داعش، کە لە ئێستادا بەتەواوی خەریکی خۆرێکخستنەوەن لە رێگەی تەکتیکی تازەوە، گوتی: بەهێزبوونەوەی داعش، مەترسیە بۆ سەر ئاشتی و ئارامی جیهان، وەک چۆن پێشمەرگە لەرابردوودا شەڕی تیرۆریستانی لەبری جیهان کرد، لەئێستاشدا بۆ رێگری لەو مەترسییە پێویستیمان بەهاوکاری ئێوەو هاوپەیمانان هەیە.

لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، پرسی پەیوەندیەکانی نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق گفتوگۆی لەبارەوەکرا، لەم بارەیەوە جەختکرایەوە لەسەر هەماهەنگی کاری هاوبەش لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپاى عێراق، بە پشتیوانیی هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان لەناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان.

هەروەها وەزیری پێشمەرگە، لەسەر هاوکارییەکانی سوپای بەریتانیا، سوپاسی گەل و حکومەتی بەریتانیای کرد، کە بەردەوام هاوکارێکی گرنگ و کاریگەر بوون.

مارشاڵ سامپسۆنیش لای خۆیەوە، وەزیری پێشمەرگەی دڵنیاکردەوە، کە بەریتانیا لەهاوکاری و یارمەتییەکانی بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت و ئامانجیانە لەم قۆناغەدا سەرکردایەتی رێفۆرمی سەربازی بکەن لەوەزارەتی پێشمەرگەدا.

لەکۆتایی دیدارەکەدا، راوێژکارانی باڵای سەربازی بەریتانیا و تیمی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە، هاوڕابوون لەسەر هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی بۆ لەناوبردن و تێکشکاندنی تەواوەتی تیرۆریستانی داعش.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.