Erbil 9°C پێنجشەممە 16 کانوونی دووەم 22:46

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی هاوبەشی کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا دەکات

کوردستان TV
100%

سەرۆك بارزانی سوپاسی ئەمەریكای كرد كە لە سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو ڕۆڵی باڵای هەبووە لە دابینكردنی ناوچەی ئارام بۆ گەلی كوردستان.

ڕۆژی چوارشەممە ٥ـی ئایاری ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی كۆشكی سپی و وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا كە پێكهاتبوو لە برێت مەگێرك  ڕێكخەری كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا لە كۆشكی سپی و دێریك شۆلێ گەورە ڕاوێژكاری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و دەینا سترۆل جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەند ڕاوێژكاری تری ئیدارەی ئەمەریكی.

لەو دیدارەدا كە هۆشیاری زێباری و مەحموود محەمەد ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانیش ئامادەی بوون، شاندی میوان سڵاوی تایبەتی سەرۆك بایدن و، وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئەمەریكایان بە سەرۆك بارزانی گەیاند. هەروەها پێزانینیشیان بۆ ئەو هاوبەشی و هەماهەنگییە هەبوو كە لە ساڵانی ڕابردوو لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا هەبووە. شاندە باڵاكەی ئەمەریكا جەختیشی لەوە كردەوە كە ئیدارەی تازەی ئەمەریكا زۆر بە باشی ئاگاداری ڕەوش و گرفتەكانی عێراق و ناوچەكەیە و، وڵاتەكەیان پابەندی ئەو هاوبەشییە دەمێنێتەوە كە لەگەڵ هەرێمی كوردستان و هاوپەیمانەكانی تری هەیەتی.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی ئەمەریكای كرد كە لە سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو ڕۆڵی باڵای هەبووە لە دابینكردنی ناوچەی ئارام بۆ گەلی كوردستان و هەروەها پێزانین و سوپاسی خۆشی ڕاگەیاند بۆ ئەو ڕۆڵەی ئەمەریكا لە یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان و عێراق لە شەڕی داعشدا گێڕاویەتی.

لە درێژەی ئەو دانیشتنەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا و تەحەددیاتی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا و، سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە تاوتوێ كران.

داعش و هەڕەشەی تیرۆر تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بوو و پەیوەست بە هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش، سەرۆك بارزانی ئەوەی بە شاندی میوان ڕاگەیاند كە هەڕەشەی تیرۆر و داعش لە عێراق و ناوچەكەدا هەر ماوە، چونكە ئەو هۆكارانەی كە بوونەتە هۆی دەركەوتن و بەهێزبوونی داعش هێشتا چارەسەر نەكراون.

22

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.