Erbil 1°C شەممە 18 کانوونی دووەم 06:54

نه‌جلا مه‌نگۆش: داوا له‌ تورکیا ده‌که‌ین هێزه‌کانی له‌ لیبیا بکێشێته‌وه‌

شاندێكی توركیا له‌ لیبیایه‌ و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی لیبیا كۆبووه‌ته‌وه‌
کوردستان TV
100%

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تی ویفاقی نیشتمانی لیبیا نه‌جلا مه‌نگۆش له‌ میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا مه‌ولوود چاوشئۆغڵو رایگه‌یاند كه‌ پێویسته‌ سه‌ربازانی توركیا و ئه‌و هێزه‌ چه‌كدارانه‌ی كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی پاره‌ له‌ لایه‌ن توركیاوه‌ روانه‌ی لیبیا كراون له‌ لیبیا بكێشێنره‌وه‌.

نه‌جلا مه‌نگۆش كه‌ پێشتریش چه‌ندین لێدوانی دژی هه‌بوونی هێزه‌كانی توركیا و چه‌كدارانی سه‌ربه‌ توركیا له‌ لیبیا دابوو رایگه‌یاند كه‌ هه‌بوونی ئه‌و هێزه‌ بیانییانه‌ له‌ لیبیا له‌ به‌رده‌م پڕۆسه‌ی سیاسی و هێوه‌ركردنه‌وه‌ی دۆخی لیبیا ئاسته‌نگن بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌م هێزانه‌ بكێشێنره‌وه‌.

له‌ سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆیی لیبیادا حكوومه‌تی توركیا بۆ پشتیوانی كردن له‌ حكوومه‌تی ویفاقی نیشتمانی لیبیا بێجگه‌ له‌ سوپای خۆی، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ چه‌كدارنی سووریای له‌ به‌رامبه‌ر پێدانی مووچه‌ی مانگانه‌ روانه‌ی لیبیا كردبوو بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕی دژی حكوومه‌تی نیشتمانی به‌ سه‌رۆكایه‌تی خه‌لیفه‌ خه‌فته‌ر بكه‌ن.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ دوینێ دووشه‌ممه‌ شاندێكی باڵای توركیا كه‌ پێكهاتبوو له‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی، وه‌زیری به‌رگری، به‌رپرسی میتی توركیا وسوپاسالاری توركیا، سه‌ردانی لیبیای كردبوو و داوای له‌به‌رپرسانی لیبیا كردبوو كه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ستراتیژیكی و سه‌ربازییانه‌ی له‌ نێوان توركیا و لیبیادا ئیمزا كراون جێبه‌جێ بكرێن كه‌چی له‌ به‌رامبه‌ردا به‌رپرسانی لیبیا داوای كێشانه‌وه‌ی سوپای توركیا و چه‌كداره‌كانی سه‌ربه‌ توركیا له‌ نێو خاكی وڵاته‌كه‌یاندا ده‌كه‌ن. ئه‌رده‌لان گۆران

تورکیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.