لە ڕێوڕەسمێكدا لە یاریگای كامپ نۆ، خوان لاپۆرتا بەفەرمی لە پۆستی سەرۆكی یانەی بارسێلۆنا دەستبەكاربوو.
لە هەڵبژاردنی پێشوەختی حەوتی ئەم مانگەی یانەی بارسێلۆنا، لاپۆرتا ڕێژەی پەنجاوچوار لە سەدی دەنگەكانی بەدەستهێناو بۆ دووەم جار بە سەرۆكی یانە كاتالۆنیەكە هەڵبژێردرا.
دوای تەواوكردنی ڕێوشوێنە داراییەكانی یەكگرتووی لالیگا، لاپۆرتا بەفەرمی پۆستەكەی وەرگرت و لە ڕێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی ڕۆناڵد كۆمانی ڕاهێنەرو لیۆنێل مێسی ئەستێرەی بلاوگڕاناو ئەستێرەكانی دیكەو كەسایەتیە دیاریەكانی یانەكە وتارێكی پێشكهشكرد، لاپۆرتا ڕایگەیاند كە بەو پەڕی بەهێزی و بە گەشبینیەوە هەوڵ دەدات لەم قۆناغەدا بەرەنگاری تەواوی ئاستەنگەكان ببێتەوەو لەگەڵ هەموو ئەندامانی بارسا بەیەكەوە وەك یەك تیم بەسەر قەیرانی دارایی ئێستای تیپەكەیاندا زاڵ دهبن.
لاپۆرتا ئاشكراشی كرد كە خۆی و تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەنی كارگێڕی بارسێلۆنا پاڵپشتی ڕۆناڵد كۆمان دەكەن لە بەردەوام بوونی لە پۆستەكەی و متمانهی تهواویان به تواناكانی ههیه، هاوكات سەرۆكی بارسا ڕوونیشیكردەوە كە دەستبەرداری مێسی نابن و هەوڵ دەدەن یاریزانەكە ڕازی بكەن گرێبەستی لەگەڵ تیپەكەی درێژبكاتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.