Erbil 11°C پێنجشەممە 16 کانوونی دووەم 10:45

به‌ ڤیدیۆ.. حه‌سنا مه‌ته‌ر کلیپێکی نوێی به‌ زمانی کوردی بڵاوکرده‌وه‌

ئاواز و تێكسته‌كه‌ی له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند هه‌ڵكه‌وت زاهیر ئاماده‌كراوه‌
کوردستان TV
100%

به‌ڤیدیۆ.. حه‌سنا مه‌ته‌ر كلیپێكی نوێی به‌زمانی كوردی بڵاو كرده‌وه‌

حه‌سنا مه‌ته‌ر، خانمه‌ گۆرانیبێژی لوبنانی، به‌م دواییه‌ نوێترین ڤیدیۆ كلیپی گۆرانیی خۆی، به‌ ناوی (ته‌نیام) بڵاو كرده‌وه‌.

حه‌سنا مه‌ته‌ر، خانمه‌ گۆرانیبێژی لوبنانی، به‌م دواییه‌ نوێترین ڤیدیۆ كلیپی گۆرانیی خۆی، به‌ ناوی (ته‌نیام) بڵاوكرده‌وه‌، ئه‌م گۆرانییه‌ له‌ تێكیست و هۆنراوه‌ی مایسترۆ هه‌ڵكه‌وت زاهیره‌، هونه‌رمه‌ند ئارام سه‌ردار كاری ده‌رهێنانی بۆ كلیپه‌كه‌ كردووه‌، گۆرانییه‌كه‌ش وه‌رگێردراوه‌ته‌ سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی.

سه‌باره‌ت به‌م گۆرانییه‌ نوێیه‌ی، خاتوو گۆرانیبێژ حه‌سنا مه‌ته‌ر له‌ لێدوانێكدا رایگه‌یاند: ئه‌وه‌ دووه‌م كاری هونه‌ریمه‌ له‌گه‌ڵ ده‌رهێنه‌رانی كورد له‌ دوای كلیپی (لاتخلینی جن) كه‌ گۆرانییه‌ك بوو به‌هه‌ردوو زمانی كوردی و عه‌ره‌بی. 

گوتیشی خۆشحاڵ بووم به‌ كاركردن له‌گه‌ڵ ده‌رهێنه‌ری به‌توانا ئارام سه‌ردار كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌رنجراكێش كاره‌كانی ئه‌نجام ده‌دات و ئێوه‌ش دوای بینینی كلیپه‌كه‌ هه‌ست به‌ جوانی كاره‌كه‌ی‌ ده‌كه‌ن، هیوادارم كلیپه‌كه‌ به‌دڵی جه‌ماوه‌ر بێت و سوپاسی گه‌لی كوردیش ده‌كه‌م كه‌ هه‌رده‌م هانم ده‌ده‌ن و یارمه‌تیم ده‌ده‌ن بۆ پێشكه‌ش كردنی گۆرانی كوردی.

سه‌باره‌ت به‌كاره‌كانی داهاتووی هونه‌ری ئه‌مساڵ، خاتوو حه‌سنا مه‌ته‌ر ده‌ڵێت: به‌ڵێن به‌ هه‌وادارانم ده‌ده‌م كه‌ ئه‌مساڵ وه‌ك ساڵی رابردوو نابێ، له‌ به‌رنامه‌مدایه‌ چه‌ندین به‌رهه‌می نوێیان پێشكه‌ش بكه‌م به‌ هه‌ردوو زمانی كوردی و عه‌ره‌بی، چه‌ندین به‌رهه‌می هونه‌ریم هه‌یه‌ كه‌ ساڵانی رابردوو له‌به‌ر شه‌ڕو كێشه‌ی ئابووری و هه‌بوونی ڤایرۆسی كۆڕۆنا نه‌متوانی پێشكه‌شیان بكه‌م، به‌ڵكو ئه‌مساڵ بتوانین به‌سه‌ر خه‌م و كێشه‌كان زاڵ بین و خۆشی و خه‌نده‌ بگێڕینه‌وه‌ سه‌ر لێوی هه‌مووان.

له‌باره‌ی چیرۆك و ناوه‌رۆكی گۆرانی (ته‌نیام)، خاتوو هونه‌رمه‌ندی لوبنانی دانیشتووی هه‌رێمی كوردستان حه‌سنا مه‌ته‌ڕ گوتی: گۆرانییه‌كه‌ باس له‌ خۆشه‌ویستی نێوان كوڕو كچێك ده‌كات، گۆرانییه‌كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ گه‌نجان و ویستم به‌م گۆرانییه‌ كه‌مێك له‌ خه‌مه‌كانیان بڕه‌وێنمه‌وه‌، ئه‌وه‌ دووه‌م جاره‌ گۆرانییه‌ك بڵێم ته‌نها بێت به‌‌ زمانی كوردی، خۆم به‌ شه‌رمه‌زار ده‌زانم كه‌ ماوه‌ی 8 ساڵه‌ له‌ كوردستان نیشته‌جێم و ناتوانم به‌ زمانی كوردی ئاخاوتن بكه‌م، به‌ڵام له‌كاتی ئاماده‌كردنی گۆرانییه‌كه‌ زۆر به‌ ئاسانی فێری وشه‌كان بووم.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ ئایا گۆرانییه‌كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی كوردستانیش گوێگری ده‌بێت، خاتوو مه‌ته‌ر ده‌ڵێت: له‌سه‌ره‌تا كاتی ریكلامی بۆ گۆرانییه‌كه‌ كرا له‌ كه‌ناڵه‌كه‌و له‌ یوتیوب، چه‌ندین كه‌س له‌ میسرو لوبنانه‌وه‌ په‌یوه‌ندییان پێوه‌ كردم كه‌ سه‌رسام بوون به‌وه‌ی چۆن ده‌توانم به‌ زمانی كوردی گۆرانی بڵێم، ده‌مانه‌وێت كلیپه‌كه‌ به‌ سه‌بتایتلی عه‌ره‌بی بنووسین تاكو گوێگره‌كانم له‌ وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌كانیش گوێ له‌ گۆرانییه‌كه‌ بگر‌ن.

ئا: سه‌نگه‌ر حوسێن

 

 

 

گۆرانی و مۆسیقا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.