وەزیرى دەرەوەى ئەمریكا مایك پۆمپیۆ، رایگەیاند نێردەى تایبەتى ئەمریكا بۆ سووریا و نوێنەرى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بەرەنگاربوونەوەى داعش باڵیۆز جێمس جێفرى، لەم مانگەدا خانەنشین دەبێت و ئەركەكەى جێدەهێڵێت.
پۆمپیۆ، لە بڵاوكراوەیەكدا رایگەیاند، جێفرى، كە نزیكەى دوو ساڵە وەكو نێردەى تایبەتى ئەمریكا بۆ سووریا و نوێنەرى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بەرەنگاربوونەوەى داعشە، ئەم مانگە وەك خانەنشین ئەركەكەى جێدەهێڵێت.
مایك پۆمپیۆ، ئاماژەى بەوە كرد كە جێفرى، سەركەوتنى گرنگى بەدەستهێناوە لە دۆزینەوە چارەسەرى سیاسى بۆ قەیرانى سووریا و سەركەوتن بەسەر داعشدا و گوتى، "جێفرى، پاڵپشتى گوتووێژەكانى جێگرى سەرۆك پێنس و من كە لە مانگى تشرینى یەكەمى ٢٠١٩دا بۆ بەرپاكردنى ئاگربەست لە نێوان هێزەكانى سووریاى دیموكرات و توركیا ئەنجامماندابوو كرد.
پۆمپیۆ، ئەوەشى راگەیاند كە لە ئێستادا جێگرى راوێژكارى وەزارەتى دەرەوە و باڵیۆزى تایبەتى سووریا جۆیل رایبۆرن، ئەركى نێردراوى تایبەتى ئەمریكا بۆ سووریاى لە ئەستۆ گرتووە.
مایك پۆمپیۆ، ئاشكراشیكرد كە بۆ ئەركى نوێنەرى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بەرەنگاربوونەوەى داعش-یش، بەرپرسى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر لە وەزارەتى دەرەوە ناسان ئەى سالێس دەستنیشانكراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.