Erbil 15°C ھەینی 26 نیسان 21:49

چۆن پەرە بە دیپلۆماسییەتی دیجیتاڵی بدرێت؟

فرسەت سەید شوكر
100%


چۆن پەرە بە دیپلۆماسییەتی دیجیتاڵی بدرێت؟

فرسەت سەید شکور

دەوڵەتەکان لە شانۆی سیاسەتی جیھانیدا، ھەوڵ دەدەن بە کەڵکوەرگرتن لە شێواز و ئامراز و کەرەستەی جۆراوجۆر، بە ئامانجە سەرەکی و دیاریکراوەکانیان بگەن و بەرژەوەندییەکانیان دابین بکەن. یەکێک لەو ئامرازانە کە ئەکتەرە سیاسییەکان بۆ ئەو مەبەستە کەڵکی لێ وەردەگرن، دیپلۆماسییە. 

پێناسەی جۆراوجۆر بۆ دیپلۆماسی کراوە، بەڵام من لێرەدا ئاماژە بەدوو ڕوانگەی دیار و گنگ سەبارەت بە چییەتی دیپلۆماسی دەکەم: ھەندێک لە بیرمەندان، دیپلۆماسی وەک پێکھاتە یان سیستەمێک چاو لێ دەکەن. لەم تێڕوانینەدا، دیپلۆماسی پێکھێنانی پەیوەندییە لە ڕێگای نوێنەرایەتییە فەرمییەکانی ناوخۆ و دەرەوە. بە واتایەکی تر، دیپلۆماسی بریتییە لە سیستەمی پەیوەندییەکان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، کە لەو چوارچێوەیەدا ئەکتەرەکان پێکەوە پەیوەندی دەگرن. ئەرکی سەرەکی ئەو دیپلۆماسییە بریتییە لە بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە ڕێگای گفتوگۆ و وتووێژەوە. 

بەڵام دەستەیەکی دیکە لە چاودێڕان، دیپلۆماسی وەک تەکنیک یان ھونەر چاو لێ دەکەن. کەوابوو، دیپلۆماسی تەکنیکی پەیوەندیگرتن لەگەڵ جیھانی دەرەوە یان ھونەری ئیدارەکردنی سیاسەتی دەرکی و چارەسەرکردنی کێشە و گرفت و ململانێ و ناکۆکییەکانە، بە شێواز و میتۆدێکی ئاشتیخوازانە. لێرەدا زەق بوونەوەی دیپلۆماسی وەک "ئامڕاز"، زیاتر بەرچاو دەکەوێت. واتا سیاسەتی دەرەکی نوێنەری ئامانجە بنەڕەتییەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەکتەرە سیاسییەکانە و دیپلۆماسی ئامڕازی دابینکردنی ئەو ئامانج و بەرژەوەندیانەیە. 

بە گشتی دیپلۆماسیەتی نێوان وڵاتان و بەتایبەت ھەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ وە گۆڕانکاری زۆری بەسەداھاتووە، ئەم کرانەوە کورد زیاتر لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس دەستپێکرد.
بەرژەوەندییە (ئابووری-سیاسیی-ناوچەییەکان) وایان کرد کە بە ڕاددەی زۆر بەرەوپێشچوونی باش بەخۆیەوە ببینێت
ھەر چەندە لە ڕووی مێژووییەوە بەردەوام ئاڵوگۆڕی نوێنەر یان بە واتا ئامرۆییەکەی، ھەناردەکردنی باڵوێز و دیپلۆمات لە نێو سیستەمە جۆراوجۆرەکاندا (عەشیرەتەکان، ئیمپراتورییەکان و...هتد) ھەبووە. بەڵام دیپلۆماسی بە شیوەی مۆدێرن لە ناو دەوڵەتەکاندا لە دوای جەنگی جیھانی دووەم بەشێوەیەکی ئارامتر سەریھەڵدا.

سەدەکانی ڕابردوو کوردەکان، بە دیپلۆماسی نێوان دەوڵەتەکان زۆر جار بە شێوەی نھێنی و لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە و لە ڕێگای نوێنەرایەتی یان لێژنەیەکی دیپلۆماتیکەوە ئەنجام دەدرا و، زیاتریش باس لە کەڵکەڵە، نیگەرانی، بیر و بۆچوون و ویستەکانی پاشا یان ڕێبەرەکان یان باس و گفتوگو سەبارەت بە شەڕ، ئاشتی و ئاسایش دەکرا، بەڵام ئێستا  ھەرێمی کوردستان، خاوەنی نوێنەرایەتین لە وڵاتانی دیکە، ھەروەھا نوێنەرانی بەشێکی زۆر لە دەوڵەتە کاریگەر و بەھێزەکانی دونیا نوێنەرایەتیان ھەیە.

"گرنگی دیپلۆماسییەتی دیجیتاڵی بۆ ھەرێمی کوردستان"

دیپلۆماسییەت یان پەیوەندی دیجیتاڵی ھۆکاری کاریگەرە بۆ بنەمای کاری دیپلۆماسی.  
بەڵام بە گشتی چەند ھۆکارێک ھەیە کە وادەکات ھەرێمی کوردستان، دیپلۆماسییەتی دیجیتاڵی پەرەپێبدەن:

١- عێراق و ھەرێمی کوردستان، لەناوچەیەکی جوگرافی ئاڵۆز و پڕکێشەدان، ھەموو دەوڵەتان ڕەنگە ناتوانن بە ئارامی سەردانی بکەن، ھەرچەندە ھەرێمی کوردستان لەم ڕووەوە زۆر باشترە.

٢- دووری ئەم ناوچەیە لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و خاوەن ھێز و دەسەڵات.

٣- دیپلۆماسییەتی دیجیتاڵی، تەکنەلۆژیایە بەرفراوانە و زوو ھەواڵ و گۆڕانکارییەکان بە ھەموو جیھاندا بڵاو دەبنەوە.

٤-ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەکی (ئۆنلاین) بۆ ھەر بابەتێکی گرنگ و پەیوەست بە دۆخی جیھانی ئاسانتر دروست دەبێت، بەپێچەوانەی کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆ کە ماوەیەکی زۆری بۆ ڕێکخستن دەوێت.

٥- زیادبوونی بەکارھێنەرانی (سۆشیال میدیا) واتا ئەگەر سەرۆکی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نامەیەک لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە ئاراستەی سەرۆکی ئەمریکا بکات، زۆر باشتر ئامانجەکە دەگات.

ئایا ھەرێمی کوردستان توانیویانە دیپلۆماسییەتی دیجیتاڵی بەھێز بکەن؟

لە دوای ساڵی ٢٠١٤ و شەڕی داعش لە عێراق و سوریا، جیھان بە گشتی کەوتە بەر مەترسییەکی گەورەی تیرۆر، بۆیە سەرکردە و نوێنەرانی وڵاتان ھەر زوو کەوتنە سەردانی ھەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی پێکھێنانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ناوچە مەترسیدارەکان لە مەترسی تیرۆر، بەڵام لە دوای شەڕی داعش و لاواز بوونی ئەو گرووپە ڕێخکراوە تیرۆریستییە، تا رادەییەک پەیوەندییەکان کەمبوونەوە، بەڵام ھەرێمی کوردستان، لەڕێگەی فراوانکردنی پەیوەندی دیپلۆماسی بە سوود وەرگرتن لە سۆشیال میدیا و ئامرازەکانی پەیوەندی توانیوویانە لەگەڵ دەوڵەتان و نوێنەرایەتیان پەیوەندی ھاوسەنگ ڕابگرن.
بواری دیپلۆماسی لە سەدەی بیست و یەکەمدا لە لە ڕابردوو باشترە و ئاراستەکەی فراوانە و داھێنراوترە.  
ھەرێمی کوردستان، دەبێت بەشێوازی ئەکادیمی و ڕێک و گونجاو پەرە بە لایەنی (تەکنەلۆژیا) بدات، چونکە لە کاریگەرییە ناوخۆییەکانی دەوڵەت پرسە دەرەکییەکان دەردەکەون. 

ڕێگەی سەرکەوتنی دیپلۆماسییەتی دیجیتاڵی
نموونەکان؛

بە گشتی لە سەرانسەری جیھاندا، بە گوێرەی دواین توێژینەوەکان، زیاترینەکان لە (یوتیوب-فەیسبووک-ئینستاگرام-تویتەر-تیکتۆک-سناپ چاتن) ھەرێمی کوردستان دەتوانێت، لە ڕێگەی ھەریەکە لەم ئەپانە پەیامی دیپلۆماسیی خۆیان بۆ ھەموو دەوڵەتان بنێرن، بەڵام باشترین نموونە (تویتەر-یوتیوب) چونکە زۆرینەی سیاسییەکانی جیھان بەکارھێنەری تویتەرن، واتا پەیامێکی دیپلۆماسیی لەڕێگەی تویتەرەوە زۆر باشتر دەگاتە وڵاتانی دیکە.
بەپێی نوێترین ڕێزبەندی جیھانی وڵاتی (ھیندستان لە پلەی یەکەم و ئەمریکا و فەرەنسا، بەرازیل، کەنەدا، بەریتانیا، مەکسیک، یابان، ڕووسیا، ئەندەنۆسیا) لە پلەی یەکەم تا دەیەمی ئەو وڵاتانەن کە پەیوەندییەکان لە ڕێگەی دیپلۆماسی دیجیتاڵییەوە بەکاردەھێنن.

کاریگەری میدیا لەسەر پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان

ئه‌گه‌ر سه‌رپشك بم كه‌ له‌نێوان ده‌وڵه‌تێكی بێ راگه‌یاندن و راگه‌یاندنێكی بێ ده‌وڵه‌ت یه‌كیان هه‌ڵبژێرم، بێ ئه‌ملاو ئه‌ولاكردن دووه‌میان هه‌ڵده‌بژێرم. (تۆماس جێفرسۆن 1787)/ ئه‌م وته‌یه‌ی جێفریسۆن به‌ ته‌واوه‌تی ته‌عبیر له‌ گرنگی میدیا و راگه‌یاندن ده‌كات. گرنگی میدیا تا ئه‌و ئاسته‌یه‌ كه‌ جێفرسۆن راگه‌یاندنی بێ ده‌وڵه‌ت له‌به‌رانبه‌ر ده‌وڵه‌تێكی بێ راگه‌یاندن دا هه‌ڵده‌بژێرێت، واته‌ راگه‌یاندن زیاتر له‌ حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات بۆ كۆمه‌ڵگا و ده‌وڵه‌ت پێویسته‌. نووسه‌ر له‌ كتێبه‌كه‌ی دا كۆمه‌ڵێك چه‌مكی وه‌كو: دیپلۆماسی، دیپلۆماسی نه‌ریتی، نهێنی، كراوه‌، كلتووری، گشتی، میدیایی، رای گشتی، لۆبی، لۆبی میدیایی ده‌خاته‌ به‌رباس و لێكدانه‌وه‌.

دیپلۆماسی میدیایی واته‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ میدیا گشتییه‌كان بۆدروستكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كاراكته‌ره‌ ده‌وڵه‌تی و ناده‌وڵه‌تییه‌كان، بۆ دروستكردنی متمانه‌ به‌ره‌وپێشبردنی دانوستان و وتوێژه‌كان و راكێشانی پشتیوانی گشتی له‌ رێككه‌وتنه‌كان.

ئامرازەکانی دیپلۆماسی میدیایی
1)    ته‌له‌فزیۆن
2)    رادیۆ
3)    ئاژانسه‌كان
4)    چاپه‌مه‌نییه‌كان
5)    ئینته‌رنێت

" کاریگەرییەکانی سۆشیال میدیا لەسەر پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان"

سۆشیال میدیا پڕۆسەیەكی كۆكردنەوەی كۆمەینیكەیشنی ئۆنلاینییە، ئەم كۆمەینیكەیشنە ئۆنلاینە لەسەر بنەمای گریمانەییە، ئەوەش بەرهەمی گەشەی تەكنەلۆژیایە، پیشەسازی میدیا ئەمڕۆ گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، جاران پیشەسازی میدیا جیاجیا بووە، چاپ بەجیابووە، تەلەفزیۆن، رادیۆ جیابوون، بەڵام ئەمڕۆ حاڵەتێكی تر دروستبووە كە پیشەسازی میدیا هەمەجۆر بووە. بۆنموونە ئەمڕۆ لەدنیادا كۆمپانیا هەیە كە هەموو بوارەكانی كۆكردۆتەوە، واتە پیشەسازی میدیا لەبەش بەش‌و زۆرییەوە بووە بەیەك، راستە لەسەرەتادا بەرنامەڕێژی نەبووە، كاتێك دوو قوتابی زانكۆی هارفارد لەئەمریكا ئەمە دادەنێن بۆ پڕۆسەیەكی خوێندن دەبێت، بەڵام دواجار سۆشیال میدیا بەتایبەت فەیسبووك كە ئێستا یەك ملیار كەس بەكاری دەهێنێت وەك مارك ئاماژەی بۆ دەكات كە ئەوە بەرەو ئەوە دەچێت فەیسبووك بكەمە سەرچاوەیەكی هەواڵی، چونكە یەك ملیار كەس گوێ لەمن دەگرێت، کەواتە ھەرێمی کوردستان و عێراق بە دروستی پێویستیان بەوە ھەیە کە توانا دیپلۆماسییەکانیان لە سۆشیال میدیا چڕ بکەنەوە ھەوڵی تەواوەتی بدەن بۆ بەکارخستن و بەرفراوانکردنی پەیوەندییە ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان لەم ڕێگەیەوە.

کۆتایی

ھەرێمی کوردستان لەم قۆناغەی ئێستا و بۆ داھاتوو زیاترین کات پێویستیان بە پەرەپێدانی ئەم بەشە لە پەیوەندی دیپلۆماسی ھەیە، چونکە ڕەنگە ئیدی گۆڕانکارییە جیھانییەکان زیاتر خێرا بن، ئێمە بینیمان لەماوەی ڕابردوو, بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەبەر باری تەندروستی خەڵک نەدەکرا کۆبوونەوەی راستەوخۆ بکرێت، بەڵکو ھەموو ئەوانە لە ڕێگەی بەرنامە تایبەتەکانی ئینتەرنێت ئەنجامدران.
کەواتە، بۆ خۆئامادەکردن بۆ ڕووداوە نێوخۆیی و نێودەوڵەتی و دەرەکییەکان، پێویستە بە وردی و گرنگییەوە ئامرازەکانی پەیوەندی دیجیتاڵی دیپلۆماسی فراوانتر بکرێن.

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.