Erbil 15°C ھەینی 26 نیسان 04:24

لەگەڵ هەر هەنگاوێك وپێشكەوتنێك كوردستان تووشی پەڵاماردان بووەتەوە

100%

لەگەڵ هەر هەنگاوێك وپێشكەوتنێك كوردستان تووشی پەڵاماردان بووەتەوە

لە ماوەی سێ‌ دەیەی رابردوویی حكوومرانی هەرێمی كوردستان دەستیكردووە بە بنیاتنانەوەی نیشتیمان لەرووەی  ئابووری و كۆمەڵایەتی و ئاوەدانی و هەروەها لە رووی پەیوەندییە سیاسی ودیپلۆماسییەكانیش هەنگاویی گرنگ و ستراتیژی بەرەو زیاتربەهێزكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان بەرەو پێشەوە ناوە ، ئەم بنیاتنانەوە و سەركەوتننانەش وایكردووە كە زۆرجار  قەوارەوی هەرێم  ڕووبەرٍووی مەترسی و هەڕەشە بوو، هەندێكیان نێوخۆیی و هەندێكی دیكە هەرێمی و دەرەوە بوون، بەڵام تا ڕاددەیەك ئەم بابەتە ئێستا لە ژێر دیراسەتدایە و بە پەیڕەوكردنی سیاسەتی وەبەرهێنان وای كرد كە هەرێم بەرەو ئاستێكی دیكە بڕوات و ئەمڕۆ هەموو جیهان خوازیاری پەیوەندیین لەگەڵ هەرێمی كوردستان .
بۆیە، هەرێمی كوردستان سەرەرایی هەموو كۆسپ و ئاستەنگەكانی بەردەمی ، توانیوێتی سیمایەكی جوانی پێشكەش كردووە ، هەڵبەت نابێت ئەوشمان لە بیر بچێت لەگەڵ هەر پێشكەوتن و گەشەندنێك هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی یاسایی و دەستووری ڕووبەرووی هەرەشە و مەترسی عێراقی و دەرەكی بووەتەوە ، بەتایبەت لە هەڕەشەی سیاسی، دیپلۆماسی و زۆرجاریش سەربازی و ئابووری ، كە ئامانج تێیدا ناسەقامگیركردنی ئاسایشی نیشتیمانی و نەتەوەییمان بووە ، هەرێمی كوردستان لە ماوەی پێنج خوڵی پەرلەمانی و 9 كابینەی حكووومەت  بە شێوەیەكی زۆر دیموكراسیانە  و ئاشتیانە دەستاودەستەی دەسەڵاتی كرووە و زۆرێك لە پرس و كێشەكانیش بە دیپلۆماسی و سازان و دیموكراسی چارەسەركراون .

هەرێمی كوردستانی وەك كیانێكی دەستووری و یاسایی وبە بوونی سەركردایەتییەكی ژیر و دانا توانیوێتی بە دیپلۆماسی و سیاسەتێكی دۆستانە و ئابووریی هەمەچەشن لەگەڵ ئەم قەوارەیە توانیویەتی تا ڕاددەیەك كاریگەریی لەسەر سیستەمی ئەمنیی هەرێمی هەبێت، بە دڵنیاییەوە هاتنەكایەوەی هەرێمی كوردستان لەسەر نەخشەی وزەی جیهانی وای كرد، هاوكێشەكانی وڵاتە هەرێمی و جیهانییەكان بۆ هەرێمی كوردستان بگۆڕدرێت، بە تایبەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیدا ئەم كێشانە دەردەكەوێت، ئێمەش بەشێكین لەم جیهانە و دەبێ خۆمان و دەوروبەرمان بخوێنینەوە، چونكە ئەم هەڕەشە نێودەوڵەتییانە بۆ ئێمە جددین.
 
گشتە هەنگاوەكانی سەركردایەتیی سیاسی هەرێم  و بەتایبەت سەرۆكی هەرێم و حكوومەتی  هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەری كێشەكان بەتایبەت دیپلۆماسی ئابووری ، كە لە ماوەی رابردوو كارتی نەیاران كارتی  ئابووییان وەك كارتێكی  گوشار لە دژی گەلی كورد بەكاریان هێناوە ،  سەركردایەتیی سیاسی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت سەرۆكی حكوومەت لە ڕێگەی گرتنەبەری دیپلۆماسی و سیاسی وزە ، وایكردووە كە ڕووبەرووی پیلان و قەیرانەكانی بەرامبەر هەرێمی كوردستان ببێتەوە و هەمیشە هەوڵی داوە بە لۆژیك پرسەكانی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا چارەسەر بكات .
 
هەروەها لەماوەی چەند ساڵی رابردوو، هەرێمی كوردستان لەرووی پارێزگاریكردن لە سەقامگیری و ئارامی نیشتیمان و نەتەوەكەی ڕووبەرووی هەڕەشەی گەورەی تیرۆر و میلیشایی جۆراجۆر بووەتەوە و توانیوێتی بە شێوەیەكی سەركەوتووانە خاك و نیشتمانەكەی لە مەترسیی گەورە بپارێزێت و ناكرێت ئاماژە بە رۆڵ و قارەمانیەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆك مسعود بارزانی نەكەیەن كە هەمیشە وەك چییاییەك پۆڵایین بەرامبەر نەیاران وەستاونەتەوە
 .
هەروەها حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی بەرنامەیەكی گرنگ لە بواری ڕیشەكێكردنی گەندەڵی و چاكسازی  هەنگاو بەهەنگاو بۆ ئەو پرۆسەیە پێشكەوتنی زۆری لە بواری چاكسازی بابەتی ئیدارەی ، مووچە و داهاتنی نێوخۆیی و بوارەكانی تر ناوە . ئەو هەنگاو و گەشەسەندانە لە گشت بوارەكاندا درێژەی هەیە و لەبواری كانی سیاسی و كۆمەڵایەتیش بەهەمان شێوەیە و حكوومەتی كوردستان هەوڵە ئابوورییەكانی چڕتر كردۆتەوە لە پێناو بونیاتنانی ئابوورییەكی بەهێز و نەهێشتنی هەژاری و كەم داهاتی  و هەروەها چارەسەری كێشەی بێكاری و فەراهەمكردنی هەڵی كار بۆ گشت چین وتوێژەكان بەتایبەت لاوان  و دەرچووانی پەیمانگە و زانكۆكان .

هەموو ئەو هەڕەشە و مەترسییانەی كە بۆ سەر هەرێمی كوردستان دروست دەكرێن ،خۆیان لە هەڕەشەكانی نێو عێراق و ئێران دەبیننەوە بۆ سەر ئاسایش نەتەوەییمان،بەتایبەت لە دوای بەدەستەوەگرتنی جەڵەوەی دەستەڵات لە ساڵی 2003 لایەن شیعەكانەوە و هەژموونی ئێران ، هەروەها ڕەتكردنەوەی هەموو ئەو سەركەوتن و پێشكەوتننانەی هەرێمی كوردستان كە هەر گیز لەگەڵ ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بەراوەرد ناكرێن .بەتایبەت ئەگەر ئاماژە بە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و جێبەجێ نەكردنی لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەغدا بكەین ئەوا راستییەكی حاشاهەڵنەگرمان بۆ دەردەكەوێت ئەویش باوەر نەبوونی بەغدایە بە بنەماكانی هاوبەشی و سازان و هاوسەننگی و دەستوورو پێكەوە ژنیان نییە ، ئەوەی لە سیاسەت و زێهینەتی دەسەڵاتدارانی بەغدا دەبینرێت كە زۆرێك لە گروپ و لایەنەكان لەلایەن ئێرانەوە بەكاردەهێنرێت وەك چۆن لەماوەی چەند ساڵی رابردوو و بە ئێستاشەوە  بە شێوازی جۆراجۆر و پەڵاماری هەرێمی كوردستانی یان داوە ، خەیاڵێك و پیلانگێرییەك كە تێیدا هاوشێوەكردنی هەرێمی كوردستان وەك ناوچە نائارامەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق چونكە ئەوان چاویان بە گەشەسەندن و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان كە لەرووی جیۆسیاسی و ئابووریی كە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و جیهان لە سەر بنەمای بەرژوەندی هاوبەش و بە پێی دەستووری هەمیشەیی عێراق رێگەی پێدراوە هەڵنایەت ، بەڵگەش حاشاهەڵنگریش  هەموو ئەو بانگهێشتە و سەردانە فەرمی و دیدارەكانی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە لە میوشن و داڤۆس و دوبەی و زۆر دیداری دیكە، بۆیە هەولێری پایتەختی كوردستان بە مووشەكی بالستیك و درۆن كراوەتە ئامانج، چونكە ئەم شارە كاریگەری هەیە لە زۆر هاوكێشەی ناوچەكە، هەولێری پایتەخت فاكتەرێكی گرنگە بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سیستەمێكی ئەمنیی هەرێمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە ئەمەش بەشێكە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەم بەشەش گیروگرفتی زۆرە، فاكتەری سەقامگیرییش هەرێمی كوردستانە، بۆیە هەوڵ دەدەن ئەم سەقامگیرییە تێك بدەن.
هەروەها هەنگاوەكان یەكریزی  نێوماڵی كورد و ڕۆڵی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە بۆ بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی ئایندە لە هەرێمی كوردستاندا، هەروەها لێك نزیككردنەوەی لایەنە سیاسییەكان و سەرپەرشتیی كۆبوونەكان، چونكە ئەم كۆبوونەوە و لێك نزیكبوونەوانە فاكتەری سەرەكی دەبن بۆ سەقامگیری لە هەرێمی كوردستان وشكستی ئەو خەون و پیلانگێرییانەی كە نەیارانی كورد لەگەڵ هەر پێشكەوتن و هەنگاوێك بەرەو پێشەوە لە دژی هەرێمی كوردستان دەبینن.

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.