ن / وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د
كه ده‌ڵێین ره‌سه‌ن، ئه‌وه‌یه كه به‌م دواییه چۆپیی گۆرانیبێژ له گۆرانییه‌كدا پێشانمانی دا، بێگومان له ره‌سه‌نیشدا ستایلگهلێكی زۆر هه‌ن، سۆفیگه‌ری و شاد و زۆری تر، ئه‌وه‌ی ئه‌و خاتوونه له گۆرانیی "بێرۆ" وه‌ك كلیپ خستیه به‌رچاو، ده‌توانی به شاد یان ریتمی خێرا یاخۆ هه‌ڵپه‌ڕكێی كوردی وه‌ك ستایل وێنای بكه‌یت كه ئێمه به‌كورتی له‌سه‌ر ده‌وه‌ستین.
چۆپی ته‌نیا گۆرانیبێژێكی باش نییه كه هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بكه‌ین، به‌ڵكو جوانناسیشه، له‌و گۆرانییه‌دا وه‌ك میلۆدی و تۆزقاڵێكیش تێكست، وه‌ك بنچینه گه‌لێ كۆنه، كه ده‌ڵێم كۆن، واته وه‌ك یاده‌وه‌ریی خۆم نزیكه‌ی 50 ساڵ به‌ر له ئێسته گوێم له‌و میلۆدییه و هه‌ندێكیش له تێكسته‌كه‌ی بووه. كه ئێسته‌یش چۆپی وه‌ك گۆرانییه‌كی نوێ ده‌یخاته‌وه به‌رچاومان، ئێمه ناتوانین وه‌ك گۆرانییه‌كی نوێ لێی وه‌رنه‌گرین، چونكه جوانناسینهكهی ئه‌و خاتوونه‌یه وا ده‌كات یارییه‌كی هونه‌ریی ده‌نگی له‌گه‌ڵ میلۆدی و تێكسته‌كه‌یشی بكات، دواتریش وه‌ك گۆرانییه‌كی نوێ به هونه‌ری كوردیی ببه‌خشێت.
به‌پێی زانیاری و شاره‌زایی خۆم له بواره‌كه‌دا، میلۆدی و تێكستی گۆرانییه‌كه سه‌رچاوه‌كه‌ی بۆ كه‌ركووك ده‌گه‌ڕێته‌وه، له شارهكهیشدا بۆ گه‌ڕه‌كی شۆریجه، له‌ناو گهڕهكهكهشدا، قه‌ره‌جه‌كان باشوه‌ستا و مامۆستای ئه‌و شێوه میلۆدییه بوون كه خۆم ده‌یان جار گۆرانیم له‌گه‌ڵ گوتوون، له‌ناویاندا گۆرانییه‌كانی "دیگ مه‌سۆ" و "ره‌عنا" و "دێ بێرۆ" و زۆری تر، بۆیه گۆرانیی "بێرۆ" له گۆرانییه كوردییه زۆر كۆنه‌كانی كه‌ركووك و ده‌ڤه‌ری گه‌رمیانه، بێگومان ئه‌وكات ته‌كنه‌لۆجیا له‌وپه‌ڕی لاوازی‌دا بوو، بۆیه وه‌ك موزیك و ئهدایش هه‌ر به لاوازی پێشان ده‌دران، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بۆ سه‌رده‌می خۆیان، زۆرترین بینه‌ر و گوێگریان هه‌بوو، به‌تایبه‌ت گۆرانیی "دیگ مه‌سۆ" كه "شاكر قه‌ره‌ج" مامۆستا و باشوهستای ئه‌و گۆرانییه بوو.
من نازانم چۆپی چۆن و له‌كام رێگه‌وه میلۆدییه‌كه‌ی ده‌ست كه‌وتووه، ره‌نگه له داهاتوودا خۆی روونكردنه‌وه‌ی بۆ هه‌بێت، به‌ڵام چونكه خێزانی ئه‌و خاتوونه له باوكه‌وه "كاك ئیحسان" په‌روه‌رده‌ی گه‌ڕه‌كی شۆریجه‌ی كه‌ركووك بوون، بۆیه نامۆ نییه میلۆدیی گۆرانییه‌كه له شێوه كۆنه فۆلكلۆرییه‌كه‌ی خۆی خرابێته به‌رده‌ستی چۆپی. راسته ئه‌و خاتوونه زۆر منداڵ بووه كه كه‌ركووكی جێهێشتووه و وه‌ك خێزان روویان له ئه‌وروپا كردووه، به‌ڵام به‌پێی هه‌ندێك نزیكیم له خێزانه‌كه، ده‌زانم كه چۆپی به‌رگی په‌روه‌رده‌یه‌كی كوردییانه و كهركووكییانهی له‌به‌ر كردووه.
هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌یانڵێم، ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت وێڕای ئه‌وه‌ی گۆرانییه‌كه زۆر كۆنه، به‌ڵام شاره‌زایی له ئه‌دا و رازیبوون به جۆری موزیك و به‌رجه‌سته‌كردنی به تێكستێك كه هه‌ندێك وشه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی فۆلكلۆره‌كه‌ی خۆی بوون له‌لایه‌ن چۆپییه‌وه، وا ده‌كات به نوێترین به‌رهه‌می ئه‌و خاتوونه‌ی وه‌ربگرین.
دیقه‌ت بده‌ن، بڵاوبوونه‌وه‌ی گۆرانیی "بێرۆ" له ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكدا، زۆرترین جه‌ماوه‌ری له ده‌وری خۆی كۆ كردبووه‌وه. ئه‌مه‌یه ره‌سه‌ن و هه‌ڵسوكه‌وتكردن له‌گه‌ڵ ره‌سه‌ن، ئه‌گه‌ر نا گۆرانییه‌كانی چۆپی زۆرن، هه‌ریه‌كه‌یان تا ئاستێك چوونه‌ته ناو جه‌ماوه‌ر، به‌ڵام هیچ یه‌كێك له گۆرانییه‌كانی ئه‌و خاتوونه، بارته‌قای "بێرۆ" نه‌بووه‌ته قسه‌وباس له‌ناو خه‌ڵك.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.