Erbil 10°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 04:51

پێشمەرگە و فەرماندە حەسەن جەسیم پێندرۆیی کۆچی دوایی کرد

هەڵگری مەدالیای بارزانیی نەمر
کوردستان TV
#7
100%


خاوەن هەڵگری مەدالیای بارزانیی نەمر( حەسەن جەسیم پێندرۆیی) لە تەمەنی 81 ساڵی دا كۆچی دوایی كرد.

دوای ململانێكی زۆر لەگەڵ نەخۆشی بەیانی ئەمڕۆ لە پیرمام پێشمەرگە و فەرماندەی ماندوونەناسی گەلەكەمان و خاوەن هەڵگری مەدالیای بارزانیی نەمر (حەسەن جەسیم پێندرۆیی) كۆچی دوایی كرد و دواتر تەرمی خوالێخۆشبوو لە یەكێك لە گۆڕستانەكانی سەربەناحیەی پیرمام بەخاك سپێردرا.

ژیاننامه‌ی خوالێخۆشبوو پێشمەرگەی دڵسۆز( حەسەن جەسیم ئەحمەد) ناسراو بە(حەسەن جەسیم پێندرۆیی) لە ساڵی 1939 لە گوندی پێندرۆیی سەربە دەڤەری بارزان لە بنەماڵەیەكی كوردپەروەر لە دایكبووە، لە تەمەنی 6 ساڵی دابووە لەگەڵ كەسوكاری ئاوارەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بووە، برا و باوكی و كەسوكاری بەشداریان لە پاراستنی كۆماری كوردستان لە مەهاباد كردووە، ساڵی 1947 دوای تێكچوونی كۆماری كوردستان لە مەهاباد  دوو برای خوالێخۆشبوو ئەحمەد جەسیم پێندرۆیی و شەهیدی فەرماندە (عەبدولڕەحیم جەسیم پێندرۆیی) و 17 كەس لە گوندەكەیان پێندرو لەگەڵ هەڤاڵەكانیان یاوەری بارزانیی نەمر بوون بۆ ڕێرەوە مێژووییەكەی بۆ یەكێتی سۆڤیەتی جاران.

خوالێخۆشبوو خەباتكار(حەسەن جەسیم پێندرۆیی) تەمەنی 8 ساڵانە بوو كە كەسوكاری لەگەڵ( شێخ ئەحمەد بارزانی ) دەگەڕێنەوە كوردستان.

هەمان ساڵ باوكی شۆڕشگێری( جەسیم ئەحمەد پێندرۆیی) لە ناو سیمی دیانا لەگەڵ پیاوە بارزانییەكان گواستراوەتەوە بۆ زیندانی كەركوك و بە هۆی ماندووبوون و خەباتی چەند ساڵەی لە ناوچەی دەشتی هەولێر گیان لەدەست دەدا، خوالێخۆشبوو (حەسەن جەسیم پێندرۆیی) لەگەڵ دایك و خوشكەكانی زۆر غەریبی و دەردەبەری دەبینی، ساڵی 1959 هەردوو براكانی لەگەڵ هەڤاڵانی بارزانیی نەمر كە بە كوردستان شاد دبەنەوە، ساڵی 1961 خوالێخۆشبوو حەسەن جەسیم پێندرۆیی لە تەمەنی لاویەتی چەك لە شان دەكات و لەگەڵ براكانی دەبێتە پێشمەرگە و بەشداری لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە رابەرایەتی بارزانیی نەمر دەكات،بەشداری شەڕەكانی گەلی زاخۆ، مرێبا، گەلی زاوێتە و هتد..

كردووە و دواتر لە گەڵ براكانی شەهیدی فەرماندە (عەبدولڕەحیم جەسیم پێندرۆیی) و خوالێخۆشبوو (ئەحمەد جەسیم پێندرۆیی) لە هێزی زاخۆ ماونەتەوەو لەگەڵ شەهیدی فەرماندە (عیسا سوار سێلكی) لە هێزی زاخۆ و شان بە شانی پێشمەرگەكان بەرگریان لە ناوچەی زاخۆ كردووە، ساڵی 1970، بەر لە ڕێككەوتنی 11ی ئادار، پارتی دیموكراتی كوردستان هێزی حەمرین لە ناوچەی ئاكرێ‌ دامەزراندوە وە شەهیدی فەرماندە( عەبدولڕەحیم جەسیم پێندرۆیی) دەبێتە فەرماندەی ئەو هێزە، خوالێخۆشبوو( حەسەن جەسیم پێندرۆیی) دەبێتە سەرلقی بارەگای هێز، دوای نسكۆی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول لەگەڵ كەسوكاری ئاوارەی ئێران دەبن و دووبارە لەگەڵ برای شەهیدی فەرماندە (عەبدولڕەحیم جەسیم پێندرۆیی) دەبێتە پێشمەرگە و بەشداری لە شۆڕشی گوڵان دەكات و رۆڵیان لە چەندەها داستان هەبووە، لە ڕێكەوتی 1-9-1983 برای شەهیدی فەرماندە (عەبدولڕەحیم جەسیم پێندرۆیی) لەگەڵ هاوسەنگەری شەهیدی (فەرماندە حەسۆ میرخان ژاژوكی)كە هەڤاڵی بارزانیی نەمر بۆ یەكێتی سۆڤیەتی جاران بوون، لە 1-9-1983 لە چیای قەندیل لەگەڵ پۆلێكی پێشمەرگە لە شۆڕشی گوڵان شەهید دەبن، خوالێخۆشبوو (حەسەن جەسیم پێندرۆیی)لە سەر رێگا برا و هاوسەنگەرانی شەهیدی بەردەوام دەبێت و بەچەكی خەبات دەكات و هەروەها كەسێكی نزیكی سەركردەی نەمر (ئیدریس بارزانی) و جەنابی (سەرۆك بارزانی) بووە و هەروەها فەرماندەی لقێكی پێشمەرگە لە خواكوڕك بووە و ساڵی 1987 لەگەڵ جەنابی (سەرۆك مسعود بارزانی) دەچێتە ناوچەی یەكی بادینان كە رۆڵی هەبووە، ساڵی 1988 وەك فەرماندەیەكی دیار بەشداری لە داستانی خواكوڕك دەكات، بەشداری لە ڕاپەڕینی ساڵی 1991 دەكات و دواتر لە گەڵ بەڕێز( نێچیرڤان بارزانی) چووەتە سلێمانی وكەركوك، دوای ڕاپەڕین چەند ئەركی هەبووە و ساڵی 1995 دەگواستراوتەوە بۆ ڕێكخستنی تایبەت لە مەسیف سەلاحەدین.

ئەو تێكۆشەرە مرۆڤێكی تێكۆشەر و خۆشەویست لە ناو هەڤاڵ و هاوسەنگەرانی بووە و هەروەها كەسایەتێكی دیاری دەڤەری بارزان بووە، لە بەر خەبات و تێكۆشانی دەیان ساڵانەی لە كونگرەی 13ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لایەن جەنابی سەرۆك (مسعود بارزانی) مەدالیای (بارزانیی نەمر) پێ‌ بەخشرا، هەموو ئاواتی ئەو تەنها خزمەتكردن بە ڕێبازی بارزانیی نەمر بوو، كوڕ و كەسوكاری بە بنەماڵەوە بە هەمان رێبازی ئەوان خزمەت بە كوردستان دەكەن، ماوەی چەندین ساڵ لەبەر خەبات و ماندووبوونی تووشی نەخۆشی ببوو لە تەمەنی 81 ساڵی دا كۆچی دوایی كرد

ئاماده‌كردنی: سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی

كوردستان TV

هه‌واڵ و چالاكییه‌كانی پ.د.ك

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.