Erbil 12°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 12:31

یه‌که‌مین سروودی نه‌ورۆز هه‌ڵبه‌سته‌که‌ی پیره‌مێردی شاعیر و ئاوازدانه‌ره‌که‌ی قادر دیلان بوو

جه‌ژنێكی كۆنی كورده‌ به‌ خۆشی و به‌هاته‌وه‌
کوردستان TV
100%

 نه‌ورۆز  پیره‌مێرد

ئه‌م ڕۆژی ساڵی تازه‌یه‌ نه‌ورۆزه‌ هاته‌وه‌

 

جه‌ژنێكی كۆنی كورده‌ به‌ خۆشی و به‌هاته‌وه‌

 

چه‌ند ساڵ گوڵی هیوای ئێمه‌ پێ په‌ست بوو تاكو پار

 

هه‌ر خوێنی لاوه‌كان بوو گوڵی ئاڵی نه‌و به‌هار

 

ئه‌و ڕه‌نگه‌ سووره‌ بوو كه‌ له‌ ئاسۆی بڵندی كورد

 

مژده‌ی به‌یانی ، بۆ گه‌لی دوور و نزیك ئه‌برد

 

نه‌ورۆژ بوو ئاگرێكی وه‌های خسته‌ جه‌رگه‌وه‌

 

لاوان به‌ عه‌شق ئه‌چوون به‌ به‌ره‌و پیری مه‌رگه‌وه‌

 

وا ڕۆژهه‌ڵات له‌ به‌نده‌نی به‌رزی وڵاته‌وه‌

 

خوێنی شه‌هیده‌ ڕه‌نگی شه‌فه‌ق شه‌وق ئه‌داته‌وه‌

 

تا ئێسته‌ ڕووی نه‌داوه‌ له‌ تاریخی میلله‌تا

 

قه‌ڵغانی گولله‌ سنگی كچان بێ له‌ هه‌ڵمه‌تا

 

پێی ناوێ بۆ شه‌هیدی وه‌ته‌ن شیوه‌ن و گرین

 

نامرن ئه‌وانه‌ وا له‌ دڵی میلله‌تا ئه‌ژین

 

ئه‌ز ناخوازم له‌م كورته‌ نووسینه‌مدا ده‌رباره‌ی مێژووی یه‌كه‌مین سروودی نه‌ورۆز وه‌ك لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی دوور ودرێژ له‌سه‌ری بنووسم ،به‌ڵكو له‌و نووسینه‌دا مه‌به‌ستمه‌ ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ ڕاست بكه‌مه‌وه‌ كه‌ ساڵانه‌ له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كانی باشووری كوردستان به‌گشتی بینراو و بیستراو به‌تایبه‌تی به‌ناوی هونه‌رمه‌ندی مه‌زنی میللی گه‌له‌كه‌مان حه‌سه‌ن زیره‌ك ده‌توانین ببێژین دانه‌ری بووژانه‌وه‌ی گۆرانی فۆڵكلوری كوردی ده‌ڤه‌ری موكریان به‌ گشتی و باشوور و ڕۆژه‌هه‌ڵاتی وڵا‌ته‌كه‌مان به‌ تایبه‌تییه‌ و كه‌ ئه‌م هه‌موو گه‌نجینه‌یه‌ی له‌ بزر بوون ڕزگار كردوه، سروودی نه‌ورۆزیش كه‌ له‌ هه‌ڵبه‌ستی پیرمێردی شاعیری نه‌مرمانه‌ هه‌ر به‌ناوی زیره‌كی هونه‌رمه‌ند بڵاوبۆته‌‌وه‌‌، بێگومان مانای ئه‌وه‌ نییه‌ هه‌موو به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ میللییه‌ پایه‌ بڵنده‌ گوتویه‌تی یان تۆماری كردوون هه‌ر هه‌مووی مولك و ئاوازی زیره‌كی مامۆستای به‌سته‌ی فۆڵكلۆری ڕه‌سه‌نی كوردی بن.

 

گومانی تێدا نییه‌ زیره‌كی هونه‌رمه‌ندی میللی سروودی نه‌ورۆزه‌كه‌ی‌ كه‌ له‌ هه‌ڵبه‌ستی پیره‌مێردی شاعیری نه‌مرمانه‌ له‌ ئاداری ساڵی 1948دا نووسیویه‌تی و هه‌ر له‌سه‌ر داخوازی خودی شاعیر هه‌مان ساڵ ئاوازی بۆ داندراوه‌، زۆر دره‌نگتر یان ڕاستر بڵێم پێموایه‌ زیره‌كی بلیمه‌ت له‌ نێوه‌ڕاستی ساڵانی په‌نجاكان له‌ ئێران به‌ده‌نگه‌ خۆش و ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی خۆی تۆماری كردوه‌، به‌ڵام مخابن زیره‌ك غه‌درێكی زۆر گه‌وره‌ی له‌ شاعیری نه‌مر پیره‌مێرد و هه‌روه‌ها ئاوازدانه‌ر و یه‌كه‌مین گۆرانیبێژی ئه‌م سرووده‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ی گوتوه‌ كردوه‌، چونكه‌ له‌ كۆپله‌یه‌كی سرووده‌كه‌دا زیره‌كی نه‌مر هه‌ندێك وشه‌ و ده‌سته‌واژی سه‌قه‌تی خستۆته‌ ناو هه‌ڵبه‌سته‌ ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی مامه‌ پیره‌میردی شاعیر و به‌ به‌ژن و باڵای شاهنشایی گۆڕ به‌ گۆڕی ئێرانیدا هه‌ڵگوتوه‌، ئه‌مه‌شیان به‌م مانایه‌ دێت كه‌ ئه‌‌مانه‌تی هونه‌ری ئه‌م به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌ی نه‌پاراستوه‌. ڕاسته‌ زیره‌كی هونه‌رمه‌ند زۆر وه‌ستایانه‌ و هونه‌رمه‌ندانه‌ ئه‌م سرووده‌ی تۆمار كردوه‌، هه‌ربۆیه‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كورد ئه‌وانه‌ی ئاگایان له‌ مێژووی گۆرانی و ئاواز و سروودی كوردی نییه‌ وا تێده‌گه‌ن كه‌ سروودی نه‌ورۆز هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك بۆ یه‌كه‌مینجار له‌ ئاواز و گوتنی خۆی له‌ ئێران تۆماری كردوه‌، كه‌ له‌ ڕاستیدا وانییه‌.

Ktv

ئه‌وی شایه‌نی گوتنه‌ بۆ یادی جه‌ژنی نه‌ورۆز له‌ شاری ستۆكهۆلمی سوید له‌نێوه‌راستی مانگی ئاداری ساڵی 1997دا ئه‌و ده‌مه‌ له‌ ستۆكهۆڵم كۆمه‌ڵێك رادیۆی لۆكاڵ كه‌ له‌سه‌ر شه‌پۆڵی FM به‌رنامه‌كانی خۆیان بڵاوده‌كرده‌وه‌، یه‌كێك له‌م ڕادیۆیانه‌ ڕادیۆێك هه‌بوو به‌سه‌رناوی په‌نچه‌ره و له‌لایه‌ن مامۆستا‌ بارزان شاسوار كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ له‌ ته‌له‌ڤزێۆنی ڕۆژ به‌رنامه‌ی هه‌یه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چوو، له‌ ڕۆژی 1997-03-15دا بۆ كۆمه‌كی ڕادیۆیه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ندانی ده‌نگخۆش مامۆستا قادر دیلان و مامۆستا خالید ڕه‌شیدی هونه‌رمه‌ندیشی له‌گه‌ڵدا بوو، شه‌و ئاهه‌نگه‌كه‌ ئێواره‌ ده‌ستی پێده‌كرد و ڕادیۆی سه‌رله‌ به‌یانیانیش له‌ ڕۆژانی شه‌ممه‌ ڕادێۆی ده‌نگی كورد بوو كه‌ له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندی شانۆكار ڕه‌سمی جه‌لال به‌ڕێوه‌ده‌چوو، به‌نده‌ش ئه‌و ده‌مه‌ به‌رنامه‌یه‌كم به‌سه‌رناوی دیوانی ده‌نگبێژان كه‌ له‌ ئاماده‌ كردن و پێشكه‌ش كردنی خۆم هه‌فتانه‌ له‌ هه‌مان ڕادیۆ ڕاسته‌وخۆ په‌خش و بڵاوده‌كرده‌وه‌. هه‌ڵبه‌ته‌ مامۆستا بارزان شاسواریش بێجگه‌ له‌ كاری ڕۆژنامه‌وانی شانۆكاریشه‌ له‌وه‌ تێده‌گا كه‌ به‌چ شێوه‌یه‌ك گوێگران بۆ شه‌وئاهه‌نگه‌كه‌ی ڕابكێشێت هه‌ر بۆیه‌ داوای له‌ كاك ڕه‌سمی جه‌لال كردبوو كه‌ سه‌رله‌به‌یانی ڕۆژی ئاهه‌نگه‌كه‌ مامۆستا قادر دیلان له‌ ستۆدیۆی رادیۆی ده‌نگی كورد دیمانه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆی له‌گه‌ڵدا بكرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌نده‌ به‌رنامه‌ی هونه‌ریم له‌ ڕادیۆكه‌دا هه‌بوو ئه‌ركی دیمانه‌كه‌ له‌گه‌ڵ مامۆستای هونه‌رمه‌ند قادر دیلان یان به‌ من سپارد، سه‌رله‌به‌یانییه‌كه‌ی كه‌ مامۆستا دیلان ته‌شریفی بۆ ستۆدیۆی ڕادیۆ هێنا هونه‌رمه‌ند خالید ڕه‌شیدیشی له‌گه‌ڵدا بوو، دیار بوو مامۆستا بارزان شاسوار گفتی به‌ كاك ڕه‌سمی جه‌لال دا بوو كه‌ كامیرای ته‌له‌ڤزێن بهێنێت بۆ ئه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ دیمانه‌كه‌ له‌ناو ستۆدیۆی ڕادیۆكه‌ بۆ ئه‌رشیف تۆمار بكه‌ن، مخابن به‌یانی كه‌ مامۆستا بارزان شاسوار‌ زانیبوویه‌وه‌ كه‌ به‌نده‌ سه‌رپه‌رشتیاری دیمانه‌كه‌ ده‌كه‌م ،بۆیه‌ نه‌ به‌ خۆی هات بۆ ستۆدیۆ و نه‌ هیج كامیرایه‌كیشی بۆ وێنه‌گرتنی دیمانه‌كه‌‌ ڕه‌وانه‌ نه‌كرد، به‌ڕاستی بۆ من زۆر ناخۆش بوو له‌لایه‌ك كه‌ خۆم وه‌ك یه‌ده‌گێك هه‌ر هیچ نابایه‌ كامیرای فۆتۆم له‌گه‌ڵ خۆم بۆ ستۆدیۆی ڕادیۆ ببردبووایه‌ چونكه‌ بۆ یه‌كه‌مینجار و دواجار مامۆستا قادر دیلانم بینی و چیدیكه‌ فرسه‌تم بۆ هه‌ڵنه‌كه‌وت به‌ خزمه‌تییان شاد ببمه‌وه‌ و هه‌نده‌ی پێنه‌چوو بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ ماڵئاوایی له‌ هونه‌ر و خاك و نه‌ته‌وه‌كه‌ی كرد.

بێگومان هه‌ر ئه‌وده‌مه‌ تێگه‌یشتم كه‌ له‌به‌ر من بووه‌ نه‌یانویستووه‌ كامیرای ته‌له‌ڤزیۆن به‌ فه‌رمانی جه‌نابی ڕۆژنامه‌وان و شانۆكاری ناسراوی كورد مامۆستا بارزان شاسوار قه‌بوڵ نه‌كراوه‌ ئه‌م دیمانه‌یه‌ له‌ ستۆدیۆی رادیۆ تۆمار بكرێت،به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ ڕادیۆی ده‌نگی كورد دیمانه‌كه‌ی له‌سه‌ر كاسێت تۆماركرد‌ و دانه‌یه‌كیشم له‌ ئه‌رشیفی خۆم پاراستووه‌ و دواتر له‌ یه‌كێك له‌ ژماره‌كانی گۆڤاری ڕامان له‌ هه‌ولێر هه‌ندێك لایه‌نی دیمانه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ مامۆستا دیلانم سازدابوو بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، مخابن ئێستاكه‌ ژماره‌كه‌م له‌به‌ر ده‌ستدا نییه‌،بۆ ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ به‌ ژماره‌ و مانگ و ساڵی بڵاوبوونه‌وه‌ی بكه‌م، هه‌وڵده‌ده‌م له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا هه‌موو دیمانه‌كه‌ جارێكی دیكه‌ بڵاوبكه‌مه‌وه‌.

داوای لێبووردن له‌ خوێنه‌رانی بابه‌ته‌كانم به‌ گشتی و ئه‌م نووسینه‌‌‌ی خۆم به‌ تایبه‌تی ده‌كه‌م كه‌ ئێستاكه‌ له‌به‌ر ده‌ستاندایه‌ و ده‌یخوێننه‌وه‌ به‌ره‌و ئاقارێكی ترم برد بێ،دیاره‌ مه‌به‌ستم بوو هه‌ر بۆ مێژوو ئه‌و راستییه‌ بخه‌مه‌ ڕوو كه‌ بۆمن جێگه‌ی شانازیێكی مه‌زنه‌ بۆ دواجار له‌ ژیانی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ قادر دیلان دوا دیمانه‌ی له‌گه‌ڵ سازدابێ من بووم، چونكه‌ لێره‌و له‌وێ نووسینی خه‌ڵكانێكم خوێندۆته‌وه‌ كه‌ خۆیان به‌ خاوه‌نی دوا چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ مامۆستا دیلان نیشان ده‌ده‌ن ئاگایان له‌وه‌ نییه‌ كه‌ دوا دیمانه‌ له‌ شاری ستۆكهۆڵمی سوید له‌ رادیۆی ده‌نگی كورد له‌لایه‌ن منه‌وه‌ له‌گه‌ڵی سازدراوه‌ و له‌بیریشمان نه‌چێت هونه‌رمه‌ند مامۆستا خاڵید ڕه‌شیدیش له‌ستۆدیۆ له‌گه‌ڵماندا ئاماده‌ بوو هه‌ندێك پرسیاریشمان ڕوو به‌ رووی به‌رێزیان كردۆته‌وه‌ و هه‌روه‌ها بۆ سازدانی دیمانه‌كه‌ی خۆم زۆر سوودم له‌ دیمانه‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی ڕۆژنامه‌نووسی هاوڕێم كاكه‌ هه‌رێم جاف كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌‌ له ‌له‌نده‌ن ده‌ژیت، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌م نه‌كردبێت له‌مانگنامه‌ی هه‌نگاو بڵاویكردبۆوه‌ وه‌رگرتبوو،چونكه‌ دیمانه‌كه‌ی كاكه‌ هه‌رێم كۆمه‌ڵێك زانیاری وورد و به‌ دیقه‌تی له‌سه‌ر ژیاننامه‌ و هونه‌ری مامۆستا قادر دیلان تێدا بوو، هه‌ڵبه‌ته‌ خۆشم بێ ئاگا نه‌بووم له‌ ژیان و به‌رهه‌مه‌كانی هونه‌رمه‌ند قادر دیلان و تا ئێستاكه‌ش له‌ ئه‌رشیفه‌كه‌مدا كۆمه‌ڵێك وێنه‌ و چه‌ند نۆته‌یه‌كی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ مامۆستا قادر دیلانم له‌لای خۆم پاراستووه‌.

مخابن من زۆر جار گوتومه‌ و به‌بێ دوو دڵیش دوباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه‌ ئێمه‌ی كورد میلله‌تێكین قه‌دری زانا و هونه‌رمه‌نده‌ بلیمه‌ته‌كانی خۆمان نازانین چونكه‌‌ هه‌مووشتێكمان هه‌نوكه‌ خه‌ڵكی نه‌زان له‌ زۆربه‌ی پیشه‌كان به‌ گشتی و كاری میدیا به‌ تایبه‌تی كه‌ ئێستاكه‌ له‌ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی كوردی له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان به‌ گشتی كار به‌ده‌ستن و له‌ بواری ڕاگه‌یاندندا حه‌رفێكییان نه‌خوێندوه‌ و خۆشیان به‌ ڕۆژنامه‌نووس ده‌زانن،،بێگومان مه‌به‌ستم هه‌ر هه‌موویان نییه‌ خه‌ڵكانێكییان تێدا هه‌ڵكه‌وتووه‌ كه‌ له‌ كاری میدیادا توانیویا‌ته‌ سه‌ركه‌وتن به‌ ده‌ستبهێنن و خۆشیان له‌م بواره‌دا دروست كردوه‌،به‌ڵام هه‌شیانه‌ خۆی به‌ كاره‌كه‌وه‌ گرێداوه‌ كه‌ كاری ئه‌و نییه‌ و وازیش ناهێنێ ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ زه‌ره‌ریان له‌ قازانجییان پتره،هه‌ر وه‌ك خه‌لكی ده‌شته‌كی ده‌شتی هه‌ولێرێ ده‌ڵێن: گێره‌یان له‌ ئاقاری ده‌گه‌ڕێ...!!!

به‌هه‌رحاڵ با بگه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیمان له‌م نووسینه‌دا كه‌ ئه‌مه‌یه‌ كاتێك له‌ ستۆدیۆدا مامۆستا قادر دیلانم ڕوو به‌ رووی كۆمه‌ڵێك پرسیاركرده‌وه‌ و یه‌كێك له‌ پرسیاره‌كانم ئه‌وه‌ بوو كه‌ چۆن و له‌ كوێ و چ ساڵێك بوو كه‌ پیره‌مێردی شاعیر داوای له‌ به‌رێزیان كردوه‌ كه‌ هه‌ڵبه‌ستی نه‌ورۆزه‌كه‌ی ئاوازی بۆ دابندرێت و ئینجا مامۆستا حه‌مه‌ ساڵح دیلان وه‌ك ده‌نگخۆشێك له‌ شێوه‌ی سروودێك بیچڕێت...؟

مامۆستا قادر دیلان له‌ وه‌ڵامدا گوتی: له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئاداری ساڵی1948 دا بوو ڕۆژێك من و كاك حه‌مه‌ ساڵحی برام له‌ شه‌قامی مه‌وله‌وی له‌گه‌ڵ شاعیری مه‌زنی گه‌له‌كه‌مان له‌یه‌ك راست هاتین و دوای سڵاو و چاك و چۆنی حاجی تۆفیقی پیره‌مێرد ڕووی تێكردم و گوتی كاك قادر هه‌ڵبه‌ستێكی تازه‌م له‌م ڕۆژانه‌ له‌سه‌ر جه‌ژنی نه‌ورۆز نووسیوه‌ ئه‌گه‌ر بتوانیت ئاوازێكی له‌ شێوه‌ی سروود بۆ دابنێیت و كاك حه‌مه‌ ساڵحی برات به‌ ده‌نگه‌خۆشه‌كه‌ی بیچڕێت و خۆشت ده‌زانیت جه‌ژنی نه‌ورۆزیش نزیك بۆته‌وه‌... ها ئه‌ڵێی چی ...؟

مامۆستا قادر دیلان له‌ درێژه‌ی ئاخاوتنه‌كانیدا گوتی پرسیارم لێكرد و وتم : ئێستاكه‌ هه‌ڵبه‌سته‌كه‌ت له‌لایه‌ ..؟

مامۆستا دیلان گوتی: پیرمێردی نه‌مر له‌ گیرفانی پاكه‌تێكی جگه‌ری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ده‌رهێنا و چه‌ند جگه‌ره‌یه‌كی تێدا بوو و ده‌ری هێناو هه‌ر له‌سه‌ر به‌رگی پاكه‌ته‌ جگه‌ره‌كه‌ هه‌ڵبه‌ستی نه‌ورۆزی به‌ ده‌ست خه‌تی خۆی بۆ نووسیمه‌وه‌ و منیش له‌ ماوه‌ی یه‌ك دوو ڕۆژدا ئه‌م ئاوازه‌م بۆ دانا كه‌ ئێستاكه‌ له‌سه‌رتا سه‌ری كوردستانی گه‌وره‌دا زۆر بڵاوه‌، له‌بیریشم نه‌چێت بۆ یه‌كه‌مینجاریش كاك حه‌مه‌ ساڵح دیلانی برا گه‌وره‌م به‌ ده‌نگی خۆی تۆماری كرد و هه‌موو ساڵێكیش له‌ ڕۆژی جه‌ژنی نه‌ورۆزدا ئه‌م سرووده‌ی ده‌خوێند، بێگومان دواتریش زۆر گۆرانی بێژی تریش ئه‌م سرووده‌یان وتوته‌وه‌، به‌ڵام هیچیان به‌ قه‌ده‌ر كاك حه‌مه‌ ساڵحی برام به‌ سۆز نه‌یانتوانیوه‌ بیخوێنن... تا ئێره‌ ئاخاوتنه‌كانی مامۆستا قادر دیلانی نه‌مره‌ كه‌ به‌ ده‌نگی خۆی له‌سه‌ر كاسێت له‌ ئه‌رشیفمدا ماوه‌.

له‌دوا په‌یڤه‌كانی ئه‌م نووسینه‌مدا كه‌ هه‌نوكه‌ لێره‌دا به‌ كۆتا ده‌هێنم و ده‌لێم و داواش ده‌كه‌م له‌ گشت ڕاگه‌یاندنه‌كانی كوردی له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌روه‌ی كوردستاندا با چیدیكه‌ مێژووی خۆمان به‌ گشتی و هونه‌ری ڕه‌سه‌نی كوردی به‌ تایبه‌تی به‌بێ ئاگایی و یان به‌ چه‌واشه‌یی باسی لێوه‌ نه‌كه‌ین.

هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ماوه‌ ببێژم : جه‌ژنی نه‌ورۆژ له‌ ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستان له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان پیرۆز ده‌كه‌م.

له‌ دوماهیدا سه‌ری ڕێز و نه‌وازش له‌سه‌ر هه‌ردوو ئارامگه‌ی كه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌ندانی كورد مامۆستایان حه‌مه‌ ساڵح و قادر دیلان داده‌نوێنم و ده‌ڵێم : بنوون به‌ هێمنی و به‌ ئارامی، ئارا‌مگه‌كه‌تان پر بێ له‌ بۆن و بارامی گوڵه‌ ڕه‌یحان و به‌یبوون و نێرگزی كوردستان و خه‌وتان خۆش و ئۆخرتان خێر بێ.

ئه‌م نووسینه‌ له‌لایه‌ن نووسه‌ر وهونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو " فه‌خره‌دین تاهیر"وه‌ نووسراوه‌ پێمان باش بوو له‌ یادی نه‌ورۆز بۆ ئێوه‌ی ئازیز بكه‌ینه‌ دیاری.

كوردستان TV

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.