رێكخراوی ئۆپێك بڵاوی كردەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە ئێران رۆژانە 45 هەزار بەرمیلی تر كەمیكردووە و ئێستا رۆژانە سەرووی دوو ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت.
ئەو بڕە نەوتەی ئێران بەرهەمی دەهێنێت، ناتوانێت هەمووی هەناردە بكات، بەڵكو ملیۆنێك و 800 هەزار بەرمیلی بۆ پێداویستی ناوخۆیی بە بەنزین و نەوت و گازوایل و پێترۆكیمیایی بەكار دەهێنێت و 300 هەزار بەرمیلی بۆ دەمێنێتەوە تا هەناردەی بكات، هەرچەندە لە مانگی تشرینی دووەمدا بە تێكڕا رۆژانە تەنیا 200 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە.
بەگوێرەی "رادیۆ فەردا" پێش ئەوەی ئەمەریكا سزاكانی بەسەر ئێراندا بسەپێنێت، ئەو وڵاتە سێ ملیۆن و 830 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنا و بە دووەم وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوت لە نێو ولاتانی ئۆپێك هەژمار دەكرا، بەڵام ئێستا پلەكەی زۆر دابەزیوە.
دابەزینی هەناردەی نەوتی ئێران لە كاتێكدایە حكوومەتی ئەو وڵاتە لەو پڕۆژەیاسایەی بودجەی رەوانەی پەرلەمانی كردووە، بڕی هەناردەی نەوت بۆ ساڵی داهاتووی بە یەك ملیۆن بەرمیل خەمڵاندووە و ئەگەر هەمان ئەو بڕە درێژەی هەبێ كە لە مانگی رابردوودا هەناردەی كردووە، ئەوا بودجەكەی تووشی كورتهێنانێكی مەزن دەبێت.
سزاكانی سەر ئێران دۆخی ئابووری ئەو وڵاتەی بە تەواوی شڵەژاندووە و وێڕای بێ بەهاكردنی دراوی تمەن، هاوكات رێژەی بێكاری هەژاریی هەڵكشاوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.