Erbil 11°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 17:54

شۆربای بزمار!!

له‌ فۆلكلۆری سویدییه‌وه‌
کوردستان TV
100%

ئا: به‌هادین جه‌لال

به‌شی یه‌كه‌م

ده‌گێڕنه‌وه‌ كابرایه‌كی داماوی ده‌ربه‌رده‌ری بێكه‌س له‌ دارستانێكدا ده‌سووڕایه‌وه‌، ماڵه‌كانی ناو دارستانه‌كه‌ زۆر له‌ یه‌كدی دوور بوون، به‌ شێوه‌یه‌ك ئه‌و پیاوه‌ بێ ئومێد بوو كه‌ به‌ر له‌وه‌ی تاریكی دابێت، په‌ناگه‌یه‌ك بۆ خۆی بدۆزێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ ناكاودا رووناكییه‌كی له‌ناو دره‌خته‌كاندا به‌دی كرد، سه‌رچاوه‌ی رووناكییه‌كه‌ش ئاگری ناو خانوویه‌كی بچووك بوو، بیری بۆ ئه‌وه‌ چوو كه‌ چه‌ند خۆشه‌ به‌م سه‌رمایه‌ له‌ نزیك ئاگره‌كه‌ دابنیشێت و پارچه‌ نانێك بخوات، چونكه‌ زۆری برسی بوو، ورده‌ ورده‌ له‌ خانووه‌كه‌ نزیك بووه‌وه‌، پیرێژنێكی بینی كه‌ به‌ره‌وه‌ رووی هات.

- ئێواره‌ باش.

+ گیانت باش، پیره‌ژنه‌كه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌و لێی پرسی له‌ كوێوه‌ هاتوویت؟

- له‌ باشووری خۆره‌وه‌، له‌ رۆرژهه‌ڵاتی مانگه‌وه‌، ده‌مه‌وێت بگه‌ڕێمه‌وه‌ نیشتمانی خۆم، سه‌ردانی هه‌موو شوێنێكی دنیام كرد، جگه‌ له‌م شوێنه‌.

+ دیاره‌ تۆ گه‌ریده‌یه‌كی به‌ توانایت.. پێم بڵێ..چیت ده‌وێ لێره‌؟

- به‌ڵێ... په‌ناو جێگه‌یه‌كم ده‌وێت.. ئه‌م شه‌وی لێ بكه‌مه‌وه‌.

+ وا چاكه‌ هه‌ر ئێستا ئێره‌ جێ بهێڵیت، مێرده‌كه‌م له‌ ماڵ نییه‌ ، ماڵی منیش هۆتێل نییه‌.

- پوورێ گیان ئاوا دلڕه‌ق مه‌به‌! ئێمه‌ هه‌موومان مرۆڤین و پێویسته‌ یارمه‌تیی یه‌كدی بده‌ین، ئه‌وه‌ قه‌ده‌رمانه‌.

+ چۆن یارمه‌تیت بده‌م ؟ خۆ من لێره‌ پارچه‌ نانێك شك نابه‌م! بڕۆ شوێنێكی دیكه‌ بدۆزه‌وه‌ باشتره‌.

پیاوه‌كه‌ سوور بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ نه‌ڕوا، پیره‌ژنه‌كه‌ زۆر لێی بێزار بوو، به‌ڵام ئه‌و خۆی به‌ زه‌وی داداو لێی پاڕایه‌وه‌ كه‌ ئه‌م شه‌وه‌ جێی بكاته‌وه‌، ورده‌ ورده‌ هه‌ستی كرد ئه‌و ژنه‌ راستگۆ نییه‌، به‌ڵكو ره‌زیل و پیسكه‌یه‌، به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بوو، هه‌وڵی زۆری دا پیره‌ژنه‌كه‌ شتێكی بداتێ تا بیخوات، به‌ڵام به‌رده‌وام ده‌یگوت: هیچم نییه‌و له‌ به‌یانییه‌وه‌ شتێك نه‌چۆته‌ هه‌ناومه‌وه‌.

پیاوه‌كه‌ زۆر وریا بوو، پێی گوت: ئه‌ی داپیره‌ هه‌ژاره‌كه‌م، وا دیاره‌ زۆر برسیته‌، ده‌ته‌وێت شتێك له‌گه‌ڵ مندا بخۆیت؟

پیره‌ژنه‌كه‌ گوتی: چی شتێك له‌گه‌ڵ تۆدا بخۆم؟ باشه‌ تۆ خۆت برسیته‌، ده‌مه‌وێت بزانم چیت هه‌یه‌ پێشكه‌شم بكه‌یت ئه‌وانه‌ی زۆر سه‌فه‌رده‌كه‌ن و دنیا ده‌بینن، زۆر جار شتی وا ده‌بینن كه‌ خه‌ڵكی دیكه‌ نایبینن، ئاده‌ی پورێ مه‌نجه‌ڵێكم بده‌رێ! پپره‌ژنه‌كه‌ به‌م قسه‌یه‌ تێكچوو، یه‌كسه‌ر مه‌نجه‌ڵه‌كه‌ی دایێ، پیاوه‌كه‌ پڕی كرد له‌ ئاوو خستییه‌ سه‌ر ئاگردان، به‌ هه‌موو هێزێكی فووی له‌ ئاگردانه‌كه‌ كرد تا به‌ جوانی گه‌شایه‌وه‌، دواتر ده‌ستی خسته‌ گیرفانییه‌وه‌و بزمارێكی درێژی ده‌رهێنا كه‌ درێژییه‌كه‌ی چوار گرێ بوو، یه‌كسه‌ر هاویشتییه‌ ناو مه‌نجه‌ڵه‌كه‌وه‌. پیره‌ژنه‌كه‌ زۆر سه‌رسام بوو، لێی پرسی ئه‌وه‌ چییه‌؟

پیاوه‌كه‌ له‌گه‌ڵ تێكدانی مه‌نجه‌ڵه‌كه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌، ئه‌وه‌ شۆربای بزماره‌!!

پیره‌ژنه‌كه‌: من هه‌موو جۆره‌ شۆربایه‌كم بیستووه‌، به‌ڵام هه‌رگیز گوێم له‌ شۆربای بزمار نه‌بووه‌، له‌لایه‌ك ئه‌مه‌ باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ژاران فێری ببن، بۆیه‌ منیش حه‌ز ده‌كه‌م بیزانم!

پیره‌ژنه‌كه‌ تا ده‌هات مێشكی له‌م پیاوه‌ ئه‌ستوور ده‌بوو، ناچار به‌ چوارمه‌شقی به‌رامبه‌ری دانیشت و له‌ نزیكه‌وه‌ سه‌یری ده‌ستی ده‌كرد كه‌ چۆن شۆرباكه‌ی تێكده‌دا.

پیاوه‌كه‌ پێی گوت: ئه‌وه‌ من هه‌فته‌یه‌كه‌ به‌ڕێوه‌م و چه‌ندین جار ئه‌و بزماره‌م به‌كارهێناوه‌، له‌وانه‌یه‌ تامی تێدا نه‌مابێت  و شۆرباكه‌ زۆر خه‌ست نه‌بێت!

بۆیه‌ خۆزگه‌ تۆزێك ئاردمان ده‌ست ده‌كه‌وت! تێكه‌ڵمان بكردایه‌! پیره‌ژنه‌كه‌ له‌ شوێنی خۆی هه‌ڵیدایێ. وا بزانم هه‌ندێ ئاردمان هه‌یه‌، كه‌ هێنای ، پیاوه‌كه‌ كردییه‌ مه‌نجه‌ڵه‌كه‌وه‌و پیره‌ژنیش زۆر به‌ سه‌رسامییه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامه‌كه‌ی ده‌كرد. پیاوه‌كه‌ هه‌ر له‌  قسه‌كردن به‌رده‌وام بوو: ئه‌م شۆربایه‌ زۆر خۆش ده‌بێت ئه‌گه‌ر تۆزێك گۆشتی سووكراوه‌و چه‌ند پارچه‌ په‌تاته‌یه‌كی تێ بكرێت، ئه‌مه‌یان خواردنی پاشاو كاربه‌ده‌ستانی خواپێداوه‌، پیره‌ژنه‌كه‌ ئه‌مه‌شیانی كرد به‌ ئومێدی ته‌واوبوونی شۆرباكه‌، به‌رده‌وامیش سه‌یری ده‌ستی پیاوه‌كه‌ی ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌و هێشتا داوای شتی دیكه‌ی ده‌كرد، ئه‌م جاره‌یان رووی تێ كرد: خۆزگه‌ هه‌ندێ ده‌نكه‌ جۆو چۆڕێك شیرمان تێده‌كرد كه‌ شازاده‌و ئافره‌ته‌ شۆخ و جوانه‌كانی نێو كۆشكه‌كانی پاشا له‌م جۆره‌ شۆربایه‌ فڕده‌كه‌ن، پیره‌ژنه‌كه‌ یه‌كسه‌ر بیری بۆ ئه‌وه‌ چوو، كه‌ ئه‌و به‌م زوانه‌ مانگایه‌كی زاوه‌و ده‌توانێت شیر بۆ پیاوه‌كه‌ په‌یدابكات، ته‌نانه‌ت چووه‌ حه‌وشه‌كه‌وه‌و هه‌ندێ ده‌نكه‌ جۆشی هێنا، دوای ماوه‌یه‌ك له‌ تێكدانی شۆرباكه‌، دواجار پیاوه‌كه‌ بزماره‌كه‌ی له‌ مه‌نجه‌ڵه‌كه‌ ده‌رهێنا، به‌ پیره‌ژنه‌كه‌ی گوت: ئێستا خواردنه‌كه‌مان ئاماده‌یه‌، به‌ راستی ئه‌مڕۆ جه‌ژنه‌مانه‌! به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستا گوتی: ئایا ده‌زانی شاو شاژنه‌كان له‌گه‌ڵ خواردندا هه‌میشه‌ مه‌ی ده‌خۆنه‌وه‌و ناو به‌ناوێكیش گۆشتی سووره‌وه‌كراو ده‌خۆن و دیاره‌ ئه‌و هه‌موو خواردنانه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر مێزێك دابنرێن و بڕازێنرێته‌وه‌!

پیره‌ژنه‌كه‌ ئه‌م جاره‌یان هه‌ستی به‌ گه‌وره‌یی و خۆبه‌زل زانین كردو به‌و ناوه‌ی كه‌ ئه‌و، شاژنه‌و ئه‌م پیاوه‌ش داماوه‌و ئاواره‌یه‌! بۆیه‌ بێ دوودڵی، له‌ناو كاونته‌ره‌كه‌ شووشه‌یه‌ك مه‌ی ده‌رهێناو پارچه‌ گۆشتێكی برژاوو هه‌ندێ كه‌ره‌و په‌نیریشی هێنایه‌ سه‌ر سفره‌كه‌! ئه‌م پیره‌ژنه‌ به‌ درێژایی ته‌مه‌نی ئه‌م جۆره‌ خواردنانه‌ی تام نه‌كردووه‌! كه‌ له‌ بزمارئاماده‌كراوه‌! ئه‌و زیاتر دڵی به‌وه‌ خۆش بوو كه‌ له‌مه‌ودوا ده‌توانێت به‌و خه‌رجییه‌ كه‌مه‌ ئه‌م جۆره‌ خواردنه‌ ئاماده‌بكات، بۆیه‌ نه‌یده‌زانی چۆن سوپاسی ئه‌و پیاوه‌ داماووئاواره‌یه‌ بكات و پاداشتی بداته‌وه‌. بۆیه‌ به‌م رێگه‌یه‌ هه‌ردووكیان تێریان خواردو خوارده‌وه‌، تا پیاوه‌كه‌ له‌ دره‌نگانی شه‌ودا زۆر خه‌وی ده‌هات، بۆیه‌ له‌سه‌ر زه‌وییه‌كه‌ پاڵ كه‌وت، به‌ڵام پیره‌ژنه‌كه‌ به‌ بیری داهات چۆن ئه‌م پیاوه‌ زیره‌كه‌ له‌سه‌ر زه‌وی بخه‌وێت، بۆیه‌ داوای لێ كرد له‌سه‌ر چوارپایه‌و له‌ ژوورێكی گه‌رم بخه‌وێت، به‌یانی زوو كه‌ له‌ خه‌و هه‌ڵسا، پیره‌ژنه‌كه‌ قاوه‌یه‌كی گه‌رمی پێشكه‌ش كرد، دواتر كه‌ هه‌نگاوی نا بۆ ئه‌وه‌ی به‌ یه‌كجاری پیره‌ژنه‌كه‌ به‌جێ بهێڵێت، سه‌رسام بوو، كاتێ پیره‌ژنه‌كه‌ دراوێكی خسته‌ ده‌ستییه‌وه‌، ئه‌ویش سوپاسی كرد، به‌ڵام له‌ دوا وته‌یدا رووی له‌ پیاوه‌كه‌ كردو گوتی: زۆر سوپاست ده‌كه‌م كه‌ منت فێری ئه‌و جۆره‌ شۆربایه‌ كرد كه‌  له‌ بزماره‌وه‌ ئاماده‌كرا! پیاوه‌كه‌ : زۆر ئاسانه‌ مادامه‌كی كه‌رسته‌ی دیكه‌ت له‌ژێر ده‌ستدایه‌و ده‌توانیت ئه‌م جۆره‌ خواردنه‌ دروست بكه‌یت، به‌ڵام تا له‌به‌ر چاوی ون بوو، پیره‌ژنه‌كه‌ هه‌ر به‌ سه‌رسامییه‌وه‌ ده‌یڕوانییه‌ ئه‌م پیاوه‌، كه‌ له‌ناكاودا قۆناغێكی ژیانی گۆڕی و وانه‌یه‌كی سوودبه‌خشی فێركرد.

سه‌رچاوه‌ : arabvoic.com

كوردستان تیڤی/ كامران

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.