Erbil 8°C سێشەممە 26 تشرینی دووەم 02:50

دروستکردنی بینه‌ر له‌ شانۆی کوردی دا

نمایش ئاراسته‌یه‌كی په‌روه‌رده‌یی شانۆییشی هه‌یه‌
کوردستان TV
100%

پرسیارێكی گرنگم هه‌بوو بۆ هه‌موو شانۆكارانی كوردستان، ویستم بپرسم ئاخۆ هۆی چیه‌ نمایشێكی شانۆیی كوردی زێتر له‌ 2500 بینه‌ری هه‌بێت و بۆ ماوه‌ی 18 رۆژ له‌ نمایشكردندا به‌رده‌وام بێت و هۆڵی شانۆیی جمه‌ی بێت له‌بینه‌ران، كه‌چی نمایشی تریش هه‌بێ‌ بینه‌ر بۆ ته‌نیا جارێكیش سه‌لیقه‌ی بینینی نه‌بێ‌ و و بیه‌وێت وه‌ك چۆله‌كه‌یه‌كی هه‌ناسه‌لێبڕاو له‌ قه‌فه‌زدا په‌نجه‌ره‌یه‌ك بدۆزێته‌وه‌و بفڕێت و خۆی رزگار بكات؟

ئایا ئه‌و به‌رده‌وام بوونه‌ی به‌ زیندووڕاگرتنی شانۆ، یاخود فاكته‌ره‌كانی مردنی شانۆ له‌ده‌سه‌ڵاتی كێ‌دایه‌، یان كێ‌ لێی به‌رپرسیاره‌؟

بێگومان به‌پله‌ی یه‌كه‌م ده‌رهێنه‌ره‌ كه‌ پێشه‌نگی كاره‌ و شاده‌ماری خوێنی شانۆو به‌ زیندووڕاگرتن، یان كوشتنی شانۆیه‌.

ده‌رهێنه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ ساحیره‌ لێزانه‌یه‌ كه‌ هه‌موو ئامرازه‌كانی گه‌مه‌ی شانۆیی به‌كار دێنێ‌، بۆ ئه‌وه‌ی بینه‌ر بخاته‌ ژێر كاریگه‌رییه‌كانی نمایش ..

ده‌رهێنه‌ر له‌ شانۆدا دوو جه‌مسه‌ری گرنگی به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌، یه‌كێكیان به‌ هاوسه‌نگڕاگرتنی ریتمی نمایشه‌ له‌ رێگه‌ی پیرفۆرمانسی ئه‌كته‌ر و سینۆگرافیای شانۆیی .

دووهه‌میان: به‌هاوسه‌نگڕاگرتنی چێژی بینه‌ره‌ بۆ وه‌رگرتن و دانه‌بڕان له‌به‌رده‌وامبوونی وه‌رگرتنی ئه‌و چێژه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ر كاتێ‌ ئه‌و دوو جه‌مسه‌ره‌ به‌یه‌ك ئاراسته‌و به‌یه‌ك ئاست له‌ریتم وه‌رگرتن نه‌ڕۆیشتن، ئه‌وه‌ ریتمی هاوسه‌نگڕاگرتنی نمایش له‌نگ ده‌بێت و مه‌ودای نێوان نمایش و بینه‌ر ده‌ڕوخێ‌ و زۆر به‌ خێرایی نمایش ده‌مرێت، ئیدی هیچ ده‌سه‌ڵاتێك به‌ده‌ست ده‌رهێنه‌ره‌وه‌ نامێنێ‌ بۆ ئه‌وه‌ی شانۆیه‌كی مردوو له‌ سه‌ر شانۆ زیندوو بكاته‌وه‌ .

به‌ڵام ده‌كرێ‌ بپرسین ئاخۆ سه‌رچاوه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانی ڕاگرتنی ریتمی نمایش و سه‌رچاوه‌كانی ورووژاندنی بینه‌ر له‌كوێ‌دایه‌؟

پیرفۆرمانسی ئه‌كته‌ر

بێگومان له‌كۆی گشتی نمایشدا نواندن و ئه‌كته‌ر، كرۆكی به‌زیندووڕاگرتنی نمایشن كه‌ ده‌توانن به‌ پێرفۆرمانسی ئه‌كته‌ر و به‌رجه‌سته‌كردنی جه‌سته‌، ئه‌كته‌ر ببێته‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌رنجڕاكیشانی بینه‌رو ورووژاندنی …

هه‌ر كات ئه‌كته‌ر توانی ببێته‌ نیگار كێشێكی سه‌ركه‌وتوو له‌ ره‌سمكردنی فۆرمی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی كاراكته‌ر به‌ تایبه‌ت له‌ رووی به‌رجه‌سته‌كردنی حاڵه‌ته‌ سایكۆلۆژییه‌كانی، ئه‌وه‌ ده‌توانێت تایبه‌تمه‌ندییه‌كی جیاواز له‌ كاراكته‌ره‌كانی دیكه‌ دروست بكات و وه‌ك ئه‌كته‌ر كاریگه‌ری ئه‌كتیفی هه‌بێت له‌ڕاگرتنی ریتمی نمایش و ورووژاندنی بینه‌ر به‌ هه‌موو هه‌سته‌ جیاوازییه‌كانییه‌وه‌ ..

كاریگه‌رییه‌كانی سینۆگرافیا له‌سه‌ر بینه‌ر

به‌ڵام جگه‌ له‌ئه‌كته‌ر ده‌رهێنه‌ر زۆر كارتی دیكه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ بۆ ورووژاندنی بینه‌رو كه‌وتنه‌ ژێر كاریگه‌ریی سیحری شانۆ، به‌تایبه‌ت ئه‌و كارتانه‌ی په‌یوه‌ندیی راسته‌وخۆیان به‌چاوی بینه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌، له‌وانه‌ش (سینۆگرافیا) به‌تایبه‌ت (ته‌كنیكی شانۆیی) كه‌ ده‌توانێت به‌هێما و رووناكی چاوی بینه‌ر تێر بكات له‌جوانی، له‌و ته‌كنیكه‌دا ده‌رهێنه‌ر فاكته‌ره‌ ورووژێنه‌ره‌كانی وه‌ك به‌كارهێنانی رووناكی، بۆ تاریك و روونكردنی فه‌زای شانۆو دروستكردنی ئه‌تمۆسفیری شانۆیی و به‌كارهێنانی ره‌نگ بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی وێنه‌ی شانۆیی به‌كار بێنێ‌.

هه‌میشه‌ سینۆگرافیا به‌ره‌گه‌زه‌كانی دیكۆر و رووناكی و جلوبه‌رگ و ته‌كنیكه‌كانی دیكه‌ی شانۆ ده‌بنه‌ پێكهاته‌یه‌كی هه‌مه‌ لایه‌نه‌ له‌ ستاتیكای شانۆیی و دروستكردنی توخمه‌كانی كاریگه‌ربوونی بینه‌ر .

ورووژاندنی سایكۆلۆژی :

له‌پاڵ ئامرازه‌ شانۆییه‌كانی دیكه‌ی ده‌رهێنه‌ر بۆ فێڵی چاوتێركردنی ده‌رهێنه‌ر چه‌ند ئامرازێكی سایكۆلۆژی دیكه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، كه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان به‌هزرو ده‌روونی بینه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌ و ده‌بن به‌ فاكته‌رێكی كاریگه‌ر بۆ ورووژاندنی بینه‌ر له‌ناخه‌وه‌، له‌وانه‌ش به‌كارهێنانی موزیك، كارتێكه‌ره‌ ده‌نگیه‌كان.

ریتم:

هه‌موو ئه‌و ته‌وژمانه‌ به‌یه‌ك ئاست و به‌ یه‌ك ئاراسته‌ روو له‌هه‌ست و بیرو ئه‌ندێشه‌ی بینه‌ر ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌یه‌ بینه‌ر تابوتێك نه‌بێت له‌هۆڵی شانۆدا داندرابێت، به‌ڵكو پارچه‌یه‌كی هه‌ره‌ زیندووی جه‌سته‌ی ئه‌و شانۆیه‌ بێت

كاردانه‌وه‌ی بینه‌ر بۆ سه‌ر نمایش

كه‌واته‌ ده‌رهێنه‌ر چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی كار بۆ دروست بوونی ئه‌كته‌ر و پێكهێنانی ئامرازه‌كانی دیكه‌ی شانۆ ده‌كات، ئه‌وه‌نده‌ش بۆ دروستكردنی بینه‌ر، هه‌ركاتێك بینه‌ر بوو له‌پرۆسه‌ی شانۆییدا له‌زه‌هنی ده‌رهێنه‌ردا غائیب بوو، ئه‌وه‌ بزانه‌ نمایش چاره‌نووسێكی ره‌شی ده‌بێت .

به‌ڵام ئه‌وه‌مان له‌بیر نه‌چێت، چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی نمایش كاردانه‌وه‌ی به‌سه‌ر هزرو ئه‌ندێشه‌و حاڵه‌تی فسیۆلۆژی و سایكۆلۆژی بینه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌نده‌ش بینه‌ر كاردانه‌وه‌ی له‌سه‌ر شانۆكاره‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ سه‌ر شانۆدا، هه‌میشه‌ ئه‌كته‌ره‌كان به‌شێك له‌وزه‌و خوێنی پیرفۆرمانسی خۆیان له‌بینه‌ره‌وه‌ وه‌رده‌گرن، بۆیه‌ كاری شانۆیی هه‌میشه‌ پرۆسه‌یه‌كی دوو لایه‌نه‌یه‌ له‌نێوان نمایش و بینه‌ردا و ناتوانن پێكهاته‌ی شانۆیی تاك تاكه‌یی پێك بێنن .

به‌ كولتووركردنی شانۆ

ئه‌و تیۆره‌ له‌پیشه‌سازی درستكردنی بینه‌ردا له‌لایه‌ن ده‌رهێنه‌ره‌وه‌ هه‌ر ته‌نها گره‌نتیه‌ك نیه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنی نمایش و به‌جێمانی ئاسه‌واره‌كانی نمایش بۆ ماوه‌ی دوورو درێژ له‌سه‌ر پانتایی هزری بینه‌ردا، به‌ڵكو ده‌بێته‌ تیۆرێكش بۆ په‌روه‌رده‌كردنی بینه‌رو به‌كولتوور بوونی شانۆ له‌رووه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌وه‌، چونكه‌ هه‌میشه‌پرۆسه‌ شانۆییه‌ زیندووه‌كانن ده‌بنه‌ هانده‌ر بۆ گه‌ڵاڵه‌ بوونی ئه‌و كولتووره‌و به‌رز بوونه‌وه‌ی قه‌واره‌ی هوشیاری شانۆیی، پرۆسه‌ مردووه‌كانیشن ده‌بنه‌ مایه‌ی تێكشكاندنی كولتووره‌ شانۆییه‌كان له‌كۆمه‌ڵگادا .

په‌روه‌رده‌كردنی بینه‌ر

كه‌واته‌ نمایش ئاراسته‌یه‌كی په‌روه‌رده‌یی شانۆییشی هه‌یه‌، كه‌ هه‌میشه‌ بینه‌ر وه‌ك نموونه‌یه‌كی بچووكی كۆمه‌ڵگا وه‌ری ده‌گرێت و به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا په‌خشی ده‌كات، ئه‌گه‌ر نمایش توانی بینه‌ر له‌ئه‌زموونی خۆی دا رازی بكات و بیخاته‌ ژێر كاریگه‌رییه‌كانی، په‌یوه‌ندیی شانۆ له‌گه‌ڵ بینه‌ردا به‌هێز ده‌كات و بینه‌ر ناچاری ئه‌وه‌ ده‌كات، وه‌ك پێداویستیه‌كی ژیانی رۆژانه‌ی، پێویستی به‌شانۆ بێت و به‌ دوای شانۆدا بگه‌ڕێت، ئه‌گه‌ریش نمایش ئامانجی راسته‌قینه‌ی بۆ بینه‌ر نه‌بوو، به‌ڵكو بینه‌ر بكات به‌وه‌سیله‌ بۆ گه‌یشتن به‌كۆمه‌ڵێ‌ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی، بینه‌ریش نه‌یتوانی جوگرافیای خۆی له‌نمایشدا بدۆزێته‌وه‌، ئه‌وه‌ بینه‌ر شانۆ به‌زه‌روره‌ت نازانێ‌ و پێی وا ده‌بێت كه‌ بوون و نه‌بوونی شانۆ بۆ ئه‌و وه‌ك یه‌كه‌، به‌مه‌ش پرۆسه‌ی به‌كولتوور بوونی شانۆ پێویستی به‌زه‌مه‌نێكی تر ده‌بێت بۆ خۆ دروستكردنه‌وه‌ی دوای رووخان كه‌واته‌ نمایش رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌یه‌ له‌چاره‌نووسی شانۆو به‌كولتوور بوونی شانۆو به‌كولتوور نه‌بوونی..

بینه‌رو مه‌عریفه‌ی شانۆیی

له‌پاڵ ئه‌و تیۆرانه‌ی له‌رووی په‌روه‌رده‌ی شانۆیی و به‌كولتوور بوونی شاانۆ له‌كۆمه‌ڵگادا ورووژاندمان له‌ هه‌مان كاتدا نمایش كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر هوشیاریی و مه‌عریفه‌ی شانۆیی بینه‌ر ..هه‌میشه‌ بینه‌ر سه‌رچاوه‌كانی هزرو مه‌عریفه‌ی خۆی له‌شانۆدا وه‌رده‌گرێت، له‌شانۆوه‌ بینه‌ر ده‌بێته‌ كه‌سێكی خاوه‌ن خه‌یاڵی جوان، له‌وێ‌ راسته‌وخۆ چێژ وه‌رده‌گرێ‌، له‌وێ‌ سه‌رسام ده‌بێ و ته‌زوو به‌جه‌سته‌ی دادێ‌، به‌نهێنی فرمێسك ده‌ڕێژێ‌، به‌نهێنی ده‌گری ..ئه‌و ته‌فاعولاته‌ راسته‌وخۆیانه‌ بینه‌ر ده‌گۆڕن بۆ ئینسانێكی تر، ئه‌وه‌ نه‌بێت پێش هاتن بۆناو هۆڵه‌ شانۆییه‌كه‌ هه‌بوو ..كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر نمایش به‌و شێوه‌ موگناتیسیه‌ كار له‌مێشك و هه‌ست و ناخی بینه‌ر بكات و بیكات به‌ ئینسانێكی تر، بینه‌ر ناچاری ئه‌وه‌ ده‌بێت له‌ژێر گوشاری ئه‌و هه‌موو فاكته‌ره‌ ورووژێنه‌رانه‌ به‌دوای نهێنیه‌كانی ئه‌و ورووژاندنادا بگه‌ڕێ‌ و ببێت به‌ كه‌سێكی هوشیارو خاوه‌ن مه‌عریفه‌یه‌كی شانۆیی .

 ن/ حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان

كوردستان تیڤی/ كامران                                                               

شانۆ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.