ن/ یاسین برایم
ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له كاروانی ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی بده‌ینه‌وه ، له‌چاو نه‌ته‌وه‌كانی دڕاوسێ ، زۆر له دوای ئه‌وان ده‌ستمان پێكردووه. پێشه‌نگی ئه‌م كاروانه‌ش، لێره و له‌وێ ، له‌سه‌رده‌ستی ڕۆشنبیران و ڕۆژنامه‌نووسان و خه‌مخۆرانی كورد هاتۆته ئاراوه. كه‌سانێك به‌رچاو ده‌كه‌ون ، خزمه‌تێكی گه‌وره‌یان به‌و بواره كردووه، مێژووی ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردیش ، شانازیان پێوه‌ده‌كات . جا له هه‌ر شارێك ، بڵاوكراوه و ڕۆژنامه و گۆڤارێك ده‌رچووبێت، ئه‌و كه‌سانه‌ی ڕۆڵ و جێپه‌نجه‌یان دیاربووه ، وه‌ك ناوێكی زیندوو، مێژووی كاروانی ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی‌یان جوانتركردووه.
یه‌كێك له‌و كه‌سه خه‌مخۆرانه ( شاكر مه‌جروم )ه ، له‌م لایه‌نه ئه‌سپی خۆی تاو داوه ، كه‌چی وه‌ك پێویست تا ئێستاش ، ئاوڕی لێنه‌دراوه‌ته‌وه. ئه‌و مرۆڤه ڕۆشنبیره له ساڵی (1894) له دایك بووه، له بنه‌ماڵه‌یێكی دیار و خانه‌دان و كوردپه‌روه‌ر و مرۆڤدوست. كوڕی مه‌جروومی شاعیر بووه ، باوكی له سه‌رده‌می عوسمانییه‌كان ، چه‌ندین پله وپۆستی میری وه‌رگرتوو. ساڵی (1897) یه‌كه‌م ده‌ستگای ته‌لگراف له سلێمانی دانرا(مجرم افندی) ئیشی پێكرد(1). شاكریش له سه‌رده‌می حكومه‌تی شێخ مه‌حمودی نه‌مر، له‌به‌ر شاره‌زایی و لێهاتووی هه‌مان پۆست له لای شێخ مه‌حمودی پێده‌به‌خشرێت. ئه‌مه‌ش وه‌ك یه‌كه‌م هه‌واڵ و وه‌ك فه‌رمانی كارگێڕی له ڕۆژنامه ئاماژه‌ی بۆكراوه. له ڕۆژنامه‌ی (ڕۆژی كوردستان) له ژێر ناونیشانی (ارادات) فه‌رمانی دامه‌زراندنی بۆ چه‌ند كه‌سایه‌تییێكی دیاری حكومه‌ته‌كه‌ی تێدایه ، له‌مه‌ر شاكر مه‌جرومیش، هاتووه :"له ارباب اقتدار و صنعت شاكر مجرم افندی تعیین بوو به مفتشی فن و تلغراف و معاملاتی پوسته...(2) " وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری پۆسته‌و گه‌یاندن له حكومه‌تی كوردستان ناوی بڵاوده‌كرێته‌وه و دڵسۆزانه كارده‌كات. دوای نه‌مانی حكومه‌ته‌كه‌ی شێخ مه‌حمود ، فه‌رمانی گرتن و زیندانكردن و دوورخستنه‌وه‌ی له سلێمانی بۆ ده‌رده‌چێت . دوای چه‌ندین ساڵ ده‌به‌خشرێت به‌و مه‌رجه‌ی نه‌گه‌رێته‌وه سلێمانی ، ئه‌ویش له ساڵی 1937شاری ڕواندز هه‌ڵده‌بژێرێت .
ئه‌و ماوه‌ی له به‌غدا بووه ، دوكانێك داده‌نێت ، ده‌بێته شوێنی كه‌سانی كوردپه‌روه‌ر و ئاواره و رۆشنبیر و ناوداره‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه. دڵسۆزانه و خه‌مخۆرانه، خزمه‌تی ئه‌و كه‌سانه ده‌كات ، كه له پێناو كورد و كوردستان ، خه‌بات و چالاكی سیاسی و رۆشنبیری ئه‌نجام ده‌ده‌ن. له بواری ڕۆژنامه‌گه‌ریشدا ، هاوكاری زۆر پێشكه‌شی ئه‌و بزاڤه ده‌كات. سه‌ره‌تایی ئه‌م كاره‌ش، له ڕۆژنامه‌ی (ژیان) ده‌ستپێده‌كات. كه وه‌ك باوه‌ڕپێكراوی ڕۆژنامه‌كه، دێته نێو ئه‌و بواره. باوه‌ڕپێكراوی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش، وه‌ك په‌یامنێر و خه‌مخۆرێكی ئه‌و بواره دێته ئه‌ژمار، چونكه پاره و ئابوونه‌ی كۆكردۆته‌وه و ڕۆژنامه‌كانیش داوه به خوێنه‌ران. واته پردێك بووه له نێوان ڕۆژنامه و خوێنه‌ران و نێزیكردنه‌وه‌ی كڕیار و ئاشناكردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی زانست و زانیاریی و په‌یامی ڕۆژنامه‌كه.
ڕۆژنامه‌ی (ژیان)، له لایه‌ن پیره‌مێردی شاعیر ده‌رده‌چوو. باوه‌ڕپێكراوی ڕۆژنامه‌كه بووه. ئه‌و ئه‌ركه قورسه به ئه‌و سپێردراوه. به‌تایبه‌تی بۆ كه‌سێك دوورخرابێته‌وه و له ژێر چاودێری حكومه‌ت بێت و چالاكی و كاری سیاسی لێ قه‌ده‌غه بێت، كه‌چی ئه‌و به شێوه‌یه‌كی تر خزمه‌تی وشه و ڕاگه‌یاندنی كوردی ده‌كات و جێ په‌نجه‌ی دیارده‌بێت. له نووسینێك له ڕۆژنامه‌ی ژیان، ئه‌وها خوێنه‌رانی ڕۆژنامه‌كه ئاگادارده‌كاته‌وه و ده‌ڵێت:" اداری غزته‌كه‌مان بو كوكردنه‌وه‌ی بدلات ابونه ئه‌دی له خزمت ئه‌و زاته اكرمانه‌ی له بغدان. جناب شاكر مجرم افندی كردووه به وه‌كیل. ده‌فتریكی مصدقی بو ناردوه.استرحام له مشتریكانی بغدادمان ئه‌كه‌ین ئه‌و مقداره پاره‌یه‌ی كه له خزمتیانایه‌و كه لای شاكر افندی معلومه به ته‌واوی تسلیمی بفرمون. امیدی قویمان به كریار محترمه‌كانمان هه‌یه كه بو پاره‌دانی غزته‌كه‌مان هه‌مو نوعه معاملیك ده‌فع ئه‌فه‌رموون و تكرار استرحام ئه‌كه‌ین بدلاته‌كه‌ی به ته‌واوی ته‌سلیم بكه‌ن"(3)
له ژماره (221)دا ئه‌م داواكاریی و ئاگادارییه كورتكراوه‌ته‌وه به‌م شێوه‌یه" اداره‌ی غزته‌كه‌مان جناب شاكر مجرم افندی كردوه به وه‌كیل، استرحام و تكا له مشتریكانمان ئه‌كه‌ین بدالاتی ابونه‌ی (ژیان) كه له خزمه‌تیانایه به ته‌واوی تسلیمی موصی الیه شاكر مجرم افندی به فرمون. ژیان"(4)
ئه‌م هه‌واڵه وه‌ك ئاگادارییه‌كی گرینگ ، به هه‌مان شێوه و له هه‌مان لاپه‌ڕه له ژماره (222، 223، 224، 225 ، 226، 227 ، 228، 229) دووباره‌كراوه‌ته‌وه ، كه شاكر مه‌جروم ، وه‌كیل و باوه‌ڕپیكراوی ئه‌وانه له به‌غدا ، داوا له خوێنه‌رانی رۆژنامه‌كه ده‌كات ئابوونه‌كه‌ی به ئه‌و بده‌ن. شاكر مه‌جروم له گه‌ڵ پیره‌مێردی شاعیر زۆر هاوڕێ بوینه، ته‌نانه‌ت له شێوه و جلوبه‌رگ و ڕیشیشه‌وه زۆر له یه‌ك نزیك بوینه. ئه‌وكاته‌ی شاكر له به‌غدا رووده‌كاته‌وه سلێمانی لای دۆست و خزمانی ، پیره‌مێرد له هه‌واڵێكدا ، به‌م شێوه‌یه باسی ده‌كات." محترم شاكر مجرم افندی كه چه‌ند سالیك بو له بغدا: اقامتی ئه‌كرد له‌م روژانه‌دا عودتی كرده‌وه وگنه‌كه‌ی، عرچی به‌خیرهاتن و خوا حافچی همویان اكه‌ین" (5) ئێمه ده‌گه‌ینه ئه‌و ڕاستییه‌ی كه له ڕۆژنامه‌ی (ژیان) باوه‌ڕپێكراو بووه و دوای گۆرینی ناوه‌كه‌ی بۆ (ژین) كه هه‌ر پیره‌مێرد سه‌رپه‌رشتی كردووه ، ده‌كرێت ، هه‌مان كاری له ئه‌ستۆ گرت بێت، چونكه ئه‌و ماڵی له به‌غدابووه. ڕه‌نگه ئاسانكاری زۆریشی بۆ نووسه‌ر و ڕۆشنبیرانی كورد له به‌غدا كردبێت.
كاتێ (حوسێن حوزنی موكریانی )، گۆڤاری زاری كرمانجی*( 1926_1932) له ڕواندز ده‌رده‌كات . جارێكی تر ناوی ئه‌و وه‌ك باوه‌ڕپێكراوی گۆڤاره‌كه به‌رچاوده‌كه‌وێت.
له ژماره (7) ی گۆڤاری زاری كرمانجیدا، له‌هه‌واڵێك به‌ناوی ( وكیلیكی زاری كرمانجی له به‌غدا) هاتووه"ادریس به‌غدا سوق میدان توتونچی مجرم زاده جنابی خوشه‌ویستمان شاكر افندی له گرف گه‌ره‌كی كۆڤاری زاری كرمانجی وه به وكیل قبول كراوه و حقی صلاحیتی ابونه قید كردن و پاره‌وه‌رگرتنی دراوه‌تی. هر كس بخوازی ده‌توانی مراجعه‌ی بفرمویت خوی به ابونه قید بكات و بدلی ابونه‌ی بداتی وحیلم و خبری لی وه‌رگرێت"(6) له‌م هه‌واڵه‌دا ئه‌وه‌مان بۆده‌رده‌كه‌وێت ، كه گۆڤاری زاری كرمانجی هه‌ر له یه‌كه‌م ساڵه‌وه خه‌می ئه‌وه‌ی خواردووه، كوردانی به‌غدا، ئاگاداری هه‌واڵ َو زانیاری گۆڤاره‌كه بن و خوێنه‌ران ئاگادار بكاته‌وه له به‌ده‌ستكه‌وتنی گۆڤاره‌كه ، له دوكانی شاكر ئه‌فه‌ندی. هه‌ر له‌م گۆڤاره هه‌واڵێكی ترمان، پێش چاو ده‌كه‌وێت هه‌م ریكلام بۆ كتێبێیك و هه‌م ناوهێنانی دوكانه‌كه‌ی شاكر مه‌جروم. هه‌واڵه‌كه له ژێرناونیشانی (كتێبێكی زۆربه‌قیمه‌ت)دا ، ده‌ڵێت" له گرف خوشه‌ویستێكمان جناب مصگفی شوقی افندیه‌وه كتێبێكی زور باش و خر و چاپ كراوه هر یكه‌ی به ن‌و انه له به‌غدا له لای جناب توتنچی شاكر مجرم افندی افروشری. له سر همو تیگه‌یشتویك لازمه كه ام جوره كتیبانه به متفرك بكرن و له ناو پریسكه‌ی دلیان دا به خیوی كه‌ن..."(7) لێره‌دا، ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌بێته‌وه ، شاكر مه‌جروم نه‌ك هه‌ر باوه‌رپێكراوی گۆڤاره‌كه بووه ، دوكانه‌كه‌ی لانه‌ی ڕۆشنبیری و شوێنی فرۆشتنی كتێبیش بووه. بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه ، دوكانه‌كه وه‌ك بنكه‌یه‌كی ڕۆشنبیری به‌كارهاتووه. ئه‌گه‌رچی ئه‌و له سلێمانی دووریان خستۆته‌وه ، به‌ڵام تۆزقاڵێك له خزمه‌تكردنی كوردایه‌تی و ڕۆشنبیری و دوورنه‌كه‌وتۆته‌وه و جێی په‌نجه‌ی دیاره. كاتێ ده‌ڵێین دوكانه‌كه‌ی له‌شاری به‌غدا ، ڕۆڵێكی كاریگه‌ری هه‌بووه، قسه له خۆمانه‌وه ناكه‌ین، به پشت به‌ستن به به‌ڵگه‌یه‌كی به‌رچاو و كاری ڕۆژنامه‌نووسێكی دیاری ئه‌و سه‌رده‌مه(مسته‌فا شه‌وقی)یه . ئه‌م ڕۆژنامه‌نووسه ، له ساڵی (1927) گۆڤاری (په‌یژه)ی، كه (46) لاپه‌ڕه‌بووه ده‌ركردووه‌و هه‌رئه‌و ژماره‌شی لێ ده‌رچووه. زانیارییه‌كی گرینگمان له‌دوا به‌رگی گۆڤاره‌كه ده‌ستده‌كه‌وێت. ده‌بینین ، ناوی دوكانه‌كه‌ی شاكر مه‌جرومی لێ نووسراوه ، وه‌ك شوێنی ده‌رچوونی گۆڤاره‌كه.(8)
دوای ئه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆژنامه‌نوسه ڕوو ده‌كاته ڕواندز**. له گه‌ڵ شاكر مه‌جروم یه‌كده‌گرنه‌وه وه‌ك دووكه‌سی ڕۆشنبیر و دیار خزمه‌ت ده‌كه‌ن.
دوای ئه‌وه‌ی شاكر مجروم به‌یه‌كجاری ماڵی ده‌چێته ڕواندز و كاری فه‌رمانبه‌ری ده‌وڵه‌ت وه‌رده‌گرێت ، زۆر به دڵسۆزی كاره‌كانی بۆ خه‌ڵك ڕاده‌په‌رێنێت. ده‌بێته كه‌سێكی دیار و خۆشه‌ویستی ڕواندزییه‌كان و دۆستی حوزنی موكریانی و گیوی برای و ده‌یان كه‌سایه‌تی تری ناسراوی كورد. كاتێ (گۆڤاری هه‌تاو***) له لایه‌ن گیوی موكریانی له شاری هه‌ولێر له ساڵی (1954_1961) ده‌رده‌چێت. جارێكی تر، ده‌بێته كه‌سێكی دیار و به‌رچاو و باوه‌ڕپێكراوی گۆڤاری هه‌تاو. ته‌نانه‌ت تا مردنیش ره‌نگه خزمه‌تی ئه‌و گۆڤاره‌ی كرد بێت ، چونكه له یه‌كێك له ژماره‌كان پرسه‌ی شاكر مه‌جرومی بڵاوكردۆته‌وه. له نووسینێكی گیوی موكریانی‌دا، هه‌ر له‌م گۆڤاره باسی ئه‌وه‌ی كردووه كه شاكره فه‌ندی له ڕواندز زۆر هاوكاری و پشتیوانی حوزنی موكریانی بووه.
ئه‌گه‌ر بڕوانینه گۆڤاری هه‌تاو ، شاری ڕواندز زۆرترین باوه‌ڕپێكراوی هه‌بووینه كه ژماره‌یان چواركه‌سن، ئه‌وانیش: ( فه‌خره‌دین ئه‌فه‌ندی عه‌بدولقادر _ به‌یته‌ره، كاك حاجی حه‌سه‌ن ئاغای كاولۆكه‌یی ، كاك عه‌بدولوه‌هاب حاجی محه‌مه‌د ئاغای بێشوكی، كاكه شاكر مه‌جروم) له ژماره (9) ساڵی یه‌كه‌م ، 15/9/ 1954 تا ژماره (22) ناوی كاك فه‌خره‌دین هه‌یه و له ژماره (23) نامینێت. ئه‌وجاره سێ كه‌س ده‌مینێنه‌وه‌و باوه‌ڕپێكراوی گۆڤاری هه‌تاون له ڕواندز. ناوی شاكر مه‌جروم له لیستی یه‌كه‌می هه‌موو باوه‌ڕپێكراوه‌كانی گۆڤاره‌كه‌یه ، ناوی ئه‌و له ژماره (15) ده‌ست پێده‌كات كه ڕۆژی30/11/ 1954 ده‌رچووه و تا ژماره (51) له 31/12/ 1955 به‌رده‌وام ناوی نوسراوه. له ژماره (52) ناوی سه‌رجه‌م باوه‌ڕپێكراوه‌كان نامینێن. ڕه‌نگه به‌شی زۆریان له كاره‌كه به‌رده‌وام بن ، چونكه بابه‌ت و هه‌واڵ و چالاكی و به‌رهه‌مه‌كانیان دیاره. به‌م شێوه‌یه شاكر مه‌جروم تا دوا ته‌مه‌نی خزمه‌تی كاری ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی كردووه ، ئه‌وه‌شمان بۆ روون ده‌بێته‌وه ، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕینه‌وه بۆ مێژووی ئه‌م شاره ، ئه‌وا ناوی ئه‌م كه‌سایه‌تییه ڕۆشنبیره ، به یه‌كه‌م باوه‌ڕپێكراو وخه‌مخۆر و ناوێكی دیاری سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی چه‌ند ڕۆژنامه و گۆڤارێكی كوردی ده‌بینین. بێجگه له‌مه كه‌سێكی دیار و چالاكی سه‌رده‌می شێخ مه‌حمودی نه‌مربووه، كه‌سێكی هه‌ره خۆشه‌ویستی شێخ بووه و باوه‌ڕپێكراو وئاگادار له جموجۆڵه سیاسییه‌كان و سه‌رچاوه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند له مێژووی كورد و شۆرشه‌كه‌ی بووه. هه‌ر له‌سه‌ر به‌شداربوونی له حكومه‌ته‌كه‌ی، له سلێمانی دووری ده‌خه‌نه‌وه و ناهێڵن بۆ شوێنی خۆی بگه‌رێته‌وه. ته‌نانه‌ت شێخ مه‌حمود چوارینه‌یه‌كی ته‌نزی له‌سه‌ر شاكر هه‌یه، كه تێدا گله‌یی ئه‌وه‌ی لێده‌كات بۆ ژنێك، سلێمانی به‌جێهێشتووه.(9)
كاتێك ماڵه‌كه‌ی دێته ڕواندز، وه‌ك كه‌سێكی كوردپه‌روه‌ر و ئه‌ده‌بدۆست و ڕۆشنبیر و فه‌رمانبه‌رێكی شاره‌زا و قسه‌خۆش جێی په‌نجه‌ی خۆی ده‌كاته‌وه و ماڵه‌كه‌ی ده‌بێته شوێنی ڕۆشنبیران و ناوداران و پشت و په‌نای هه‌ژار و خه‌ڵكی مافخوراوی ده‌ڤه‌ره‌كه. ئه‌م ڕۆشنبیره گه‌وره‌یه له شاری ڕواندز 14/9/1957 كۆچی دوایی ده‌كات. جێی خۆیه‌تی ئه‌و كه‌سایه‌تییه لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی و كتێبی له‌سه‌ر بنووسرێت ، چونكه له چه‌ندین بواردا، خزمه‌تی كردووه و ناوێكی دیاری مێژووی كورد و شاری ڕواندزه. خاوه‌ن ئه‌رشیفێكی ده‌وڵه‌مه‌نده ، كه‌چی به‌داخه‌وه ، تا ئێستاش وه‌ك پێویست ، ئاوڕ له‌م مرۆڤه مه‌زنه نه‌دراوه‌ته‌وه.
په‌ڕاوێزو سه‌رچاوه‌كان:
1. سلێمانی شاره گه‌شاوه‌كه‌م ، جه‌مال بابان ، ئاسۆ بابان، ئومێد خالید، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس ، به‌رگی سێیه‌م،2012، ل469.
2. ڕۆژنامه‌ی(ڕۆژی كوردستان)، ژماره(1) ، ڕۆژی 15ی تشرینی دووه‌م ، ساڵی 1922.
3. ڕۆژنامه‌ی (ژیان) ، ژماره(220) ، 30/12/ 1929، ل 4.
4. ڕۆژنامه‌ی (ژیان)، ژماره(221) 6/1/1930.
. گۆڤاری زاری كرمانجی، یه‌كه‌م ژماره‌ی25/5/1926 و دوا ژماره(24)له 23ی ته‌موزی 1932ده‌رچووه.
5. ڕۆژنامه‌ی (ژیان)، ژماره(230)، 10ی ئازاری 1930، ل4.
6. گۆڤاری (زاری كرمانجی) ، ژماره (7)، 3/1/1927، ل 28.
7. گۆڤاری (زاری كرمانجی)، ژماره (9)، 2ی حوزه‌یران1927، ل 24.
8. گۆڤاری (په‌یژه)، ژماره(1) ، 1927 به‌غدا.
مسته‌فا شه‌وقی(ره‌شید شه‌وقی) ساڵی(1889) له‌به‌غدا له دایكبووه, سه‌رنووسه‌ری بانگی كوردستان و به‌ڕێوه‌به‌ری كارگێڕی گۆڤاری دیاری كوردستان(1925_1926). دوای ئه‌وه‌ی وه‌ك ئه‌فسه‌ری ته‌جنیدی ڕواندز داده‌مه‌زرێت كتوپر له ساڵی 1942 له ڕواندز كۆچی دوای ده‌كات و له گه‌رده‌گه‌رد ده‌نێژرێت. هاوسه‌رگیری پێكنه‌هێنابوو، به ته‌نیا له ڕواندز ده‌ژیا.(ده‌سته‌واره‌یێ نان بۆ مێژوو، (بابی لالۆ)، سلێمانی، 2004، ل189). له ساڵانی دواتر گۆڕه‌كه‌ی به رێگای (گه‌رده‌گه‌رد _ سه‌نته‌ری لاوان) لاده‌كه‌وێت ، نێزیك ئێستای گۆڕی كوردۆی باویل ئاغا بوو.(ئومێد شێركۆ شاكر مه‌جرووم ، 1962نووسه‌ر، ڕواندز، 19/4/2019)
گۆڤاری هه‌تاو (1954_1960) ، شوێنی ده‌رچوونی هه‌ولێر، سه‌رجه‌م ژماره‌كانی (188)ژماره‌یه.
9. دیوانی (نووربه‌خشی )شیعره‌كانی مه‌لیكی كوردستان شێخ محموودی به‌رزنجی ، عومه‌ر مه‌عروف به‌رزنجی ، چاپخانه‌ی شڤان ، سلێمانی ، 2006، ل 6.
كوردستان تیڤی/ كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.