ن/ جه‌مالی ده‌لاك
٢٨ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ڕێكه‌وتی ١٧/٤/١٩٩١ هونه‌رمه‌ندێك بۆهه‌میشه به‌جه‌سته جێیهێشتین ، به‌ڵام هونهرهكهیی و كه‌سایه‌تی و قسه‌خۆشه‌كانی بۆ هه‌میشه له‌نێو دڵی خه‌ڵكه‌كه‌یدا به‌زیندوێتی ماونه‌ته‌وه و ده‌مێنێته‌وه ، زۆركه‌من ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی كه هه‌موو ژیانی خۆیان به‌خشیوه به گه‌له‌كه‌یان ، به‌رده‌وام وه‌ك مۆمێك سوتاون و گڕ و ڕووناكیان بۆ ده‌ورو به‌ره‌كه‌یان بووه خۆیان لێی بێ به‌شن، هونه‌رمه‌ند شه‌وكه‌ت ره‌شید یش یه‌كێكه له‌و كه‌سایه‌تییه دلسۆزانه كه هه‌موو كات خۆبه‌خشانه‌و بێ پشوودان له‌خزمه‌تی ئه‌و ڕێبازه‌دا بووه كه هونه‌ری موزیك و گۆرانی كوردی یه ، تادوا ساته‌كانی ژیانی ڕێبوارێكی ماندوو به‌ئه‌مه‌كی ڕێگای هونه‌ر بوو ، وه‌ك موزیكژه‌ن و گۆرانیبێژ و مامۆستا و ئاواز دانه‌ر، ژیانی هونه‌ری هونه‌رمه‌ند شه‌وكه‌ت ڕه‌شید لێوان لێوه له كاری هونه‌ری و خزمه‌تكردن و فێركردن و به‌خششی هونه‌ری له‌شاری كه‌ركوك و سلێمانی .
له‌م ساڵیاده‌ی هونه‌رمه‌ند شه‌وكه‌ت ڕه‌شید دا ده‌خوازم لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار ، وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان و سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندان زیاتر له‌خه‌می هونه‌رمه‌نداندا بن به‌گشتی و به‌تایبه‌ت هونه‌رمه‌ندی فره به‌هره و فره به‌خشش شه‌وكه‌ت ره‌شید كه له‌شێوه‌ی مه‌راسیمێكی گه‌وره‌دا یادێكی شایسته به‌كاره هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند سازبكرێت و گه‌شتێك به‌نێو ئاوازه‌كانی و توێژینه‌وه له‌سه‌ركاره هونه‌رییه‌كانیدا بكرێت ، وه‌هه‌روه‌ها له‌شاره‌كانی كوردستان خاوه‌نی كۆلیژی هونه‌ر و په‌یمانگای هونه‌رین ده‌كرێت یه‌كێك لههۆڵهكان به‌ناوی ئه‌و گه‌وره هونه‌رمه‌نده بكرێت بۆئه‌وه‌ی هه‌میشه ناو و كاره هونه‌رییه‌كانی شه‌وكه‌ت ره‌شید به‌به‌رزی و پیرۆزی بهێڵدرێته‌وه ، هه‌رچه‌نده خودی هونه‌رمه‌ند به‌توانا و كاره هونه‌رییه‌كانی بوونی خۆی سه‌لماندووه و ناو و كه‌سایه‌تی به‌پیرۆزی له‌یاده‌وه‌ریماندا بوونی هه‌یه ،
هونه‌رمه‌ندی كلارنێت ژه‌ن ، ئاوازدانه‌ر و قسه‌خۆش ، شه‌وكه‌ت ره‌شید عیزه‌ت عه‌بدوڵڵا هه‌مزه ئاغای بابان ، له‌ساڵی ١٩٣٠ له‌شاری سلێمانی له‌دایكبووه ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باوكی شمشاڵژهنێكی باش و به‌توانا بووه ، شمشاڵیكی ڕه‌نگ زه‌ردی جوانی هه‌بووه هه‌ركات خۆی سه‌لیقه‌و زه‌وقی لێبووایه شمشاڵی بۆ منداڵه‌كانی ژه‌نیوه *
ئه‌و هه‌سته هونه‌رییه و سۆزه شیرینه‌ی شمشاڵه‌كه‌ی باوكی بووه كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ردوو برا داناوه ( شه‌وكه‌ت و سه‌لاح ) ئه‌و كاریگه‌ری شمشاڵژهنینهی باوكی بووه كه‌له‌سه‌ره‌تاوه به‌ئامێری شمشاڵ ده‌ست و په‌نجه‌و سینه‌ی پرههناسهی بهشمشاڵژهنین خۆی ڕابێنێ ،له‌ناوه‌ڕاستی ساڵانی چله‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو به‌ماڵه‌وه ده‌چێته شاری كه‌ركوك له‌وێ ده‌بێته سه‌رباز و ده‌چێته تیپی مۆسیقای سوپا ، ئه‌و تیپه مۆسیقیه ده‌بێته فێرگه‌یه‌كی گرنگ بۆ هونه‌رمه‌ند شه‌وكه‌ت ڕه‌شید زیاتر به‌ئامێره‌كانی مۆسیقا ئاشنا ده‌بێت و فێری ئامێره‌كانی ( كلارنێت ، عود ، نای ، سه‌كسیفۆن ، ئیقاع ، باڵه‌بان ، جومبوش ) له‌به‌رئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند خۆی كه‌سێكی چالاك و پڕووزه و لێهاتوو بووه و توانای وه‌گرتنی زۆر بووه ، ده‌بێته سه‌رپه‌رشتیاری تیپی جوق و مۆسیقای سوپا ، توانا هونه‌رییه‌كانی زیاتر پر بهخششش ده‌بن و له‌هه‌ستێكی هونه‌ریی به‌رزه‌وه ده‌بێته كه‌سێكی به‌خشنده‌و فێركاری ده‌یان بههرهمهندیتر و فێری مۆسیقایان ده‌كات .
هونه‌رمه‌ند له‌ڕێكه‌وتی ٢٩/١/١٩٦٩ له‌كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره جوانه‌كانی كورد توانا هونه‌رییه‌كانی تاقی ده‌كرێته‌وه ئاماده‌بووان سه‌رسام ده‌كات ، له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره جوانه‌كانی كورده‌وه به‌شانازییه‌وه بروانامه‌ی ئه‌ندامێتی پێ ده‌به‌خشن و ده‌بێته ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كان ، هونه‌رمه‌ند له‌ته‌واوی ژیانی هونه‌رییدا كههونهرمهندێكی سه‌ركه‌وتوو ولێهاتووبووه چه‌ندین بروانامه‌ی ڕیزلێنانی وه‌رگرتووه و خه‌ڵاتكراوه ، جیا له‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندێكی سه‌ركه‌وتووبووه له‌ژه‌نینی ئامێری كلارنێت ، له‌بواری زانستی مۆسیقا‌و ئاوازدانانه‌وه هونهرمندێكی شاره‌زاو به‌سه‌لیقه بووه و چه‌ندین ئاوازی بۆ هونه‌رمه‌ندانی وه‌ك ( ئیبراهیم خه‌یات ، عوسمان عه‌لی ، حه‌مه‌ی نێرگز و سه‌لاح مه‌جید ) داناوه ، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و به‌هره هونه‌رییانه‌ی كه هونه‌رمه‌ند هه‌یبووه خه‌سڵه‌تێكی دیكه‌ی به‌هره‌ی ده‌نگخۆشیی بووه كه خاوه‌نی چه‌ندین گۆرانییه ( جه‌ژنه جه‌ژنه ، كێ ئه‌ڵی تۆبه‌كه له‌مه‌ی ، ئایه‌و ئۆییه ، سروودی نه‌ورۆز ) وه‌توانای ده‌نگناسیشی هه‌بووه و خاوه‌نی ده‌نگی به‌سۆزو خۆشیی په‌لكێشكردووه تا هه‌نگاو هه‌ڵگرن بۆ نێو دنیای هونه‌ری موزیك و گۆرانی ، له‌ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك له‌ساڵانی هه‌شتاكاندا هونه‌رمه‌ند شه‌وكه‌ت ره‌شید به‌رنامه‌یه‌ك له‌ئاماده‌و پێشكه‌ش كردنی خۆی بوو ، به‌ناوی ( ئاره‌زوومه‌ندان ) له‌ڕێی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌وه گه‌نج و لاوی ده‌نگخۆشی كوردی بانگهێشت ده‌كرد كه ده‌نگخۆشیی و توانا هونه‌رییه‌كانیان نه‌شارنه‌وه و بیخه‌نه ڕوو و خزمه‌تی هونه‌ری نهتهوهكهیانی پێ بكه‌ن ، هونه‌رمه‌ند به‌ڕوویه‌كی خۆشه‌وه ئه‌و گه‌نج و لاوانه‌ی ئه‌دواند و زیاتر هانی ئه‌دان ، له‌وسه‌رده‌مه‌دا به‌رنامه‌ی ئاره‌زومه‌ندان یه‌كێك له‌به‌رنامه سه‌رنج ڕاكێش و پر چێژه‌كانی ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك بوو بینه‌ران چه‌نێ چێژیان له‌هونه‌ری ده‌نگخۆشیی ئه‌و به‌هره‌مه‌ندانه وه‌رده‌گرت دوو هێنده قسه‌خۆش و خۆش مهشرهبهكانی هونه‌رمه‌ند شه‌وكه‌ت ڕه‌شید ببوون به هۆكاری زیاتر ڕاكێشانی بینه‌ری به‌رنامه‌كه ،
هونه‌رمه‌ند شه‌وكه‌ت ره‌شید هاوكارێك و هونه‌رمه‌ندێكی به‌ئه‌زموونی تیپه مۆسیقیه‌كان و ئه‌ندامی تیپه مۆسیقیه‌كانی وه‌ك تیپی مۆسیقای سۆلاڤ ، تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی و تیپی مۆسیقای باواجی و تیپی مۆسیقای كۆمه‌ڵی هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی لقی سلێمانی بووه ، ئه‌ندامێكی چالاكی تیپی مۆسیقای ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوكیش بووه ،** وه‌هه‌روه‌ها هاورێی و خۆشه‌ویستی هونه‌رمه‌ندان بووه و ناكرێت ڕۆڵی هونه‌رمه‌ند شه‌وكه‌ت ڕه‌شید فه‌رامۆش بكرێت له‌وماوه‌یه‌ی كه هونه‌رمه‌ند و بلیمه‌ت حه‌سه‌ن زیره‌ك له‌شاری سلێمانی ژیاوه و كاری هونه‌ری له‌ماڵان ئه‌نجامداوه له چه‌ند ئاهه‌نگێك شه‌وكه‌ت ره‌شید و سه‌لاح ڕه‌شیدی برای به‌ئامێره‌كانی كلارنێت و شمشاڵ مۆسیقیان بۆ زیره‌كی نه‌مر ژه‌نیوه ،
له‌دوای گه‌ڕان و ووردبوونه‌وه له‌و ژیانه لێورێژه له‌به‌خششی هونه‌ری هونه‌رمه‌ند شه‌وكه‌ت ڕه‌شید و دلسۆزیی بۆ هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی به‌بێ كۆڵنه‌دان هه‌موو كات له‌خه‌می پێشخستنی هونه‌ری گه‌له‌كه‌یدا بووه و مه‌به‌ستی بووه كه گه‌نج و لاوی كورد فێری ئامێره‌كانی مۆسیقا بن ، له‌ڕێی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فهیسبووكهوه چاوم كه‌وت به یاده‌وه‌رییه‌كی برای هونه‌رمه‌ند كاك ( كورده سابیر ) و ده‌ڵێت ( هونه‌رمه‌ند شه‌وكه‌ت ڕه‌شید له‌ساڵی ١٩٧٨ تووشی ڕووداوی هاتوچۆ هاتبوو به‌گۆچان ده‌ڕۆیشت به‌و باره ته‌ندروستیه ناجێگیره‌وه هات بۆ شاری سلێمانی و به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی كاك شه‌وكه‌ت تیپی مۆسیقای ئامێری هه‌وایی درووست كرد كه پێك هاتبوو له ٢٢ ئه‌ندام )
به‌داخێكی زۆره‌وه هونه‌رمه‌ند شه‌وكه‌ت ره‌شید له‌ساڵی ١٩٩٠ دووچاری نه‌خۆشیی ده‌بێت و ئازاری نه‌خۆشیه‌كه‌ی ڕۆژ به‌رۆژ ته‌نگی پێهه‌ڵده‌چنێ ،له‌رۆژگارێكدا هونه‌رمه‌ند شه‌وكه‌ت ره‌شید گیان ده‌سپێرێت كه میلله‌ته‌كه‌مان له‌گه‌وره‌ترین نه‌هامه‌تی و و ته‌نگه‌ژه‌دا ده‌ژیا ئه‌ویش كۆچیی ملێۆنی خه‌ڵكی كوردستان واته كۆڕه‌وه‌كه له‌ڕۆژی ١٧/٤/١٩٩١بۆههمیشه مالئاوایی له‌هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان و دۆست و یارانی ده‌كات ،
هه‌زاران چه‌پكه گوڵ بۆسه‌رگڵكۆی پیرۆزی هونه‌رمه‌ند شه‌وكه‌ت ڕه‌شید و بۆهه‌میشه یاد و یاده‌وه‌رییه شیرینه‌كانی به‌رزو پیرۆزبێت ، پێمخۆشه له‌كۆتاییدا به‌یه‌كێك له‌قسه خۆشه‌كانی هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو شه‌وكه‌ت ڕه‌شید ڕووحی هونه‌رمه‌ند ئاسووده بكه‌م و خه‌نده بخه‌مه سه‌ر سیمای ئێوه‌ی خوێنه‌ری ئازیز ، وه‌ستا هیوای مه‌دحه‌تی كه‌بابچی گێڕایه‌وه ( هونه‌رمه‌ند شه‌وكه‌ت ڕه‌شید یادی به‌خێر زۆرجاران ده‌هاته لای من بۆ كه‌باب خواردن ، ڕۆژێك ته‌شریفی هێناو داوای كه‌بابی كرد ، منیش وتم كاك شه‌وكه‌ت سیرت بۆبكهمه كهبابهكهوه ،،،،به‌ڕوویه‌كی خۆش و پر خه‌نده‌وه فه‌رمووی ...من زوڕنا لێ ئه‌یه‌م بۆم تێكه با ههرسیر بخۆم و زوڕنا لێ یه‌م )
سه‌رچاوه :
* دیدار له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند سه‌لاح ره‌شید (١١/٦/٢٠١٤) سازدان جه‌لال هانیسی .
**له‌سالیادی كۆچی دوایی هونه‌رمه‌ند سه‌لاح ره‌شید خاوه‌نی دوو داهێنان له‌بواری هونه‌ری كوردی ...ئاماده‌كردن : ستارجهباری
١٥/٤/٢٠١٩
زۆر سپاس و حورمه‌تم بۆ مامۆستا‌و هونه‌رمه‌ندی ئازیز مامۆستا نامدار قه‌ره‌داخی ئه‌و وێنه‌یه‌ی بۆناردم وه‌هه‌روه‌ها سپاس و ڕیزو خۆشه‌ویستیم بۆ برایان كاكه جه‌لالی هانیسی و كاك ستار جه‌باری سوودم له‌بابه‌ته هونه‌رییه‌كانیان وه‌رگرتووه
كوردستان تیڤی/ كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.