له ژێر دروشمی (قه‌ڵه‌مێك ماڵئاوایی ده‌كات ، هه‌زاران وشه ده‌كه‌ونه گروگاڵ ) دوێنی هه‌ینی ڕێكه‌وتی ۲٠۱۸/۱۲/۲۸ له هه‌ولێر له هۆڵی پێشه‌وا چله‌ی ماڵئاوایی نووسه‌رێكی خاوه‌ن هه‌ڵوێست و قه‌ڵه‌مێكی كه‌ڵه‌گه‌ت و خاوێن و پیاوێكی نه‌ته‌وه‌یی ڕاستگۆ "حه‌كیم كاكه‌وه‌یس" به‌ڕێوه‌چوو .
دوای پێشكه‌شكردنی چه‌ند وته‌یه‌ك له‌لایه‌ن هاوه‌ڵان و خانه‌واده‌ی خۆی له كۆتایی كۆڕه‌كه‌دا دوا ڕۆمانی (سه‌گه‌كه‌شیان چواره‌میان بوو ) به‌سه‌ر ئاماده‌بوواندا دابه‌ش كرا .
دروود بۆ گیانی به‌رزه‌فڕی حه‌كیم كاكه‌وه‌یسی نووسه‌ر و وه‌رگێڕ و چیرۆكنووس و ڕۆماننووس و هه‌ڵگری بیر و فه‌لسه‌فه‌ی كوردایه‌تی.
زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی حه‌كیم كاكه وه‌یس، ئاوێته ئێش و ئازاری میلله‌ته‌كه‌ی بوو، ئه‌و وه‌ك هه‌ركوردێك ئاواتی سه‌ربه‌خۆیی له هزریدا رۆژ به رۆژ زیاتر چه‌كه‌ره‌یكردووه و به وشه‌كانیشی له‌به‌رامبه‌ر نه‌یاران وه‌ستاوه.
شایانی باسه حه‌كیم كاكه وه‌یس، له دایكبووی ساڵی 1949ی شاری كه‌ركووكه، به‌هۆی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌وه له‌ته‌مه‌نی 69 ساڵیدا له یه‌كێك له نه‌خۆشخانه‌كانی به‌غدا كۆچی دواییكرد، دوای خۆی چوار كوڕ و كچێكی بۆ نیشتمان به‌جێهێشت، به مردنیشی وه‌ك هاوڕێ و دۆست و كه‌سووكاره‌كه‌ی ده‌ڵێن، كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی له ئه‌ده‌ب و وشه‌ی كوردی به‌جێهێشت.
سه‌رچاوه/ په‌یجی ئازاد عه‌بدولواحید
كوردستان تیڤی / كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.