Erbil 15°C سێشەممە 26 تشرینی دووەم 14:45

پازده‌هه‌مین خولی فێستیڤاڵی شانۆی کوردی سه‌قز کۆتایی به‌ کاره‌کانی هێنا

له‌ فێستیڤاڵی سه‌قزدا 9 شانۆی ناوخۆیی، 3 شانۆی بیانی و شانۆیه‌ك له‌ به‌شی تایبه‌تی فێستیڤاڵدا نمایش كران
کوردستان TV
100%

پازده‌هه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی شانۆی كوردی سه‌قز پاش چوار ڕۆژی به‌ڕێوه‌چوونی، به‌ ڕێزلێنان له‌ ده‌رهێنه‌رانی به‌شداربوو و هه‌روه‌ها ناساندنی شانۆوه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌كان بۆ به‌شداریی له‌ فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی شانۆی فه‌جر، كۆتایی به‌ كاره‌كانی هێنا.

ڕێو ڕه‌سمی كۆتایی پازده‌هه‌مین فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی شانۆی كوردیی سه‌قز یه‌كشه‌ممه‌ 11ی سه‌رماوه‌زی 1397ی هه‌تاوی  به‌ ئاماده‌بوونی به‌رپرسانی باڵای بواری ڕۆشنبیری و ئیداری پارێزگای كوردستان و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هونه‌رمه‌ندان و هونه‌ردۆستان، له‌ هۆڵی فه‌رهه‌نگی - هونه‌ریی ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگ و ئیرشادی شاری سه‌قز به‌ڕێوه‌چوو.

ده‌بیری پازده‌هه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی شانۆی كوردی سه‌قز له‌م ڕێ و ڕه‌سمه‌دا به‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ی كه‌ 69 ده‌قی شانۆیی بۆ ده‌بیرخانه‌ی فێستیڤاڵ ڕه‌وانه‌ كران، وتی: 14 گرووپی نمایشی له‌وانه‌ 10 شانۆی ناوخۆیی و 4 شانۆ له‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراقه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی 4 ڕۆژدا چوونه‌ سه‌ر سته‌یج.

دوكتۆر قوتبه‌دین سادقی وێڕای ئاماژه‌ به‌ ڕكابه‌ریی نه‌بوونی ئه‌م خوله‌ی فێستیڤاڵ، وتی: ڕكابه‌ریی به‌ڕێوه‌چوونی فێستیڤاڵه‌كان ماوه‌یه‌كی زۆره‌ له‌ ئاستی جیهان كۆتایی هاتووه‌ و هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ هه‌موو كات ده‌بێته‌ هۆی دووبه‌ره‌كی و ڕق و قین له‌ نێوان هونه‌رمه‌ندان.

 ناوبراو به‌ ئاماژه‌ به‌ تۆماری ئه‌م ڕووداوه‌ فه‌رهه‌نگییه‌ له‌ ڕۆژمێری ساڵانه‌ی وه‌زاره‌تی فه‌رهه‌نگ و ئێرشادی ئیسلامی ئێران، وتی: فێستیڤاڵی شانۆیی، هه‌نگاوێكی به‌نرخه‌ بۆ هێنانه‌دی ئاشتی و یه‌كترقبوول كردن له‌ كۆمه‌ڵگادا و فێستیڤاڵی شانۆی كوردی سه‌قز به‌ روانگه‌ی ته‌بایی و یه‌كگرتوویی به‌ دوای هێنانه‌دی كه‌شێكی فێركاریی و دۆستانه‌ بۆ هونه‌رمه‌ندانی ئه‌م بواره‌یه‌.

سادقی خولقاندنی ده‌قی شانۆیی به‌ زمانی كوردی له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌م خوله‌ی فێستیڤاڵ ناوبرد و وتیشی: به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ له‌م خوله‌ی فێستیڤاڵدا له‌ جیاتی ڕه‌خنه‌ و ده‌رخستنی گرێیی ده‌روونی، كه‌شێكی ئه‌كادێمی ڕه‌خسا.

ده‌بیری پازده‌هه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی شانۆی كوردی سه‌قز ئاماژه‌ی به‌ لایه‌نه‌ جیاوازه‌كانی ئه‌م خوله‌ی فێستیڤاڵ كرد و وتی: لایه‌نه‌كانی درام، ڕه‌وانكاوی، مێژوویی، ئۆستووره‌، كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌رهێنه‌ریی له‌ نمایشنامه‌ كوردییه‌كاندا ده‌رخه‌ری ده‌وڵه‌مه‌ندی و توانای شانۆی كوردیه‌.

شانۆی "مه‌لاییكه‌ت" له‌ ده‌رهێنانی دیار ده‌وڵه‌تخاه‌ له‌ ورمێ یه‌كه‌مین شانۆی فێستیڤاڵ و "كۆڵبه‌ره‌كان" له‌ ده‌رهێنانی قوتبه‌دین سادقی له‌ شاری سنه‌وه‌ دوایین شانۆی پازده‌هه‌مین خولی فێستیڤاڵی شانۆی كوردی سه‌قز بوون كه‌ چوونه‌ سه‌ر سته‌یج.

له‌ ماوه‌ی چوار ڕۆژی به‌ڕێوه‌چوونی فێستیڤاڵی سه‌قزدا 9 شانۆی ناوخۆیی، 3 شانۆی بیانی و شانۆیه‌ك له‌ به‌شی تایبه‌تی فێستیڤاڵدا نمایش دران.

پێنج مامۆستا و كارناسی شانۆش بریتی له‌ قوتبه‌دین سادقی، ناسیح كامكاری، باقر سرووش، ڕه‌زا ڕه‌شاده‌ت و سامان سه‌ید ئیبراهیمی له‌ ماوه‌ی چوار ڕۆژی به‌ڕێوه‌چوونی فێستیڤاڵدا چه‌ندین به‌رنامه‌یان بۆ كاری فێركاریی و ڕاگه‌یاندنی مه‌سه‌له‌ زانستییه‌كانی هه‌ر یه‌ك له‌ شانۆكان به‌ڕێوه‌برد.

نمایشه‌كانی "هه‌موومان باشین" له‌ ده‌رهێنانی سامان مێهران و فه‌رزاد حسێن میرزایی له‌ بانه‌، "شاره‌ دوور" له‌ ده‌رهێنانی غوڵامڕه‌زا هێمه‌تیان له‌ بیجاڕ، "مه‌لاییكه‌ت" له‌ ده‌رهێنانی دیار ده‌وڵه‌تخاه‌ له‌ ورمێ، "نائێر" له‌ ده‌رهێنانی حه‌مید ڕه‌زا ئه‌حمه‌دی له‌ شاری سنه‌، "بازی زاكان" له‌ ده‌رهێنانی نیلووفه‌ر قه‌لعه‌شاخانی له‌ كرماشان، له‌ ناو نمایشه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌كان له‌ قۆناغی كۆتایی فێستیڤاڵی شانۆی كوردی سه‌قز بوون.

"كچه‌ سه‌تلییه‌كه‌" له‌ ده‌رهێنانی فاتح بادپه‌روا له‌ مه‌ریوان "هه‌نارێ" له‌ ده‌رهێنانی ئه‌فشین خدری له‌ سنه‌، "به‌رده‌ قاره‌مان" له‌ ده‌رهێنانی كه‌مال نه‌وجه‌وان له‌ سه‌قزیش به‌ شێوه‌ی راسته‌خۆ و نمایشی "بووته‌ پیاوو" له‌ ده‌رهێنانی میترا بابایی له‌ قوچان (به‌ شێوه‌ی مه‌رجدار) له‌ دیكه‌ی نمایشه‌ ناوخۆییه‌كان بوون كه‌ گه‌یشتنه‌ قۆناغی كۆتایی فێستیڤاڵ و نمایش دران.

ئه‌و نمایشانه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ به‌شداریی قۆناغی كۆتایی فێستیڤاڵی شانۆی كوردی سه‌قز بوون، بریتین له‌: "ماڵێك له‌ بێ ده‌نگی" له‌ ده‌رهێنانی كورمانج مسته‌فا ره‌ئووف له‌ هه‌ولێر، "به‌ره‌و ئه‌ستێره‌یه‌كی تر" له‌ ده‌رهێنانی ئه‌ژین حه‌مه‌ نووری له‌ سلێمانی، "ڕوحین بێ مسكین" له‌ ده‌رهێنانی دوكتۆر قاسم به‌یاتلی له‌ دهۆك و "به‌ر ده‌رگای جه‌هه‌نده‌م" له‌ ده‌رهێنانی محمه‌د مسته‌فا له‌ سلێمانی كه‌ له‌ به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی فێستیڤاڵ چوونه‌ سه‌ر سته‌یج.

حه‌مید ڕه‌زا نێعمه‌تی، ڕه‌فیق نوسره‌تی، سابیر دڵ بینا، داریووش ره‌فعه‌تی و جه‌عفه‌ر نوور محه‌مه‌دی لێژنه‌ی داوه‌ران بۆ هه‌ڵبژاردنی به‌رهه‌مه‌كان بۆ قۆناغی كۆتایی  پازده‌هه‌مین فێستیڤاڵی شانۆی كوردی سه‌قز بوون.

له‌ ڕێ و ڕه‌سمی كۆتایی فێستیڤاڵدا ڕێز له‌ شه‌هرام كه‌ره‌می به‌ڕێوبه‌ری گشتیی هونه‌ره‌ نمایشییه‌كانی ئێران گیرا به‌ هۆی ئه‌و پشتگیرییه‌ی له‌م فێستیڤاڵه‌ هه‌یبوو.

ده‌بیرخانه‌ی پازده‌هه‌مین فێستیڤاڵی شانۆی كوردی سه‌قز هه‌روه‌ها ڕێزی گرت له‌ ده‌رهێنه‌رانی 14 گرووپی شانۆیی به‌شداربوو له‌ فێستیڤاڵ له‌ قۆناغی كۆتاییدا.

له‌ كۆتاییشدا شانۆكانی "شاره‌ دوور" له‌ بیجاڕ، "بازی زاكان" له‌ كرماشان  و "نائێر" له‌ شاری سنه‌ بۆ نمایشی گشتی له‌ ماوه‌ی ساڵدا هه‌ڵبژێردران و پشتگیریی دارایی له‌م شانۆیانه‌ ده‌كرێت.

هه‌روه‌ها "كچه‌ سه‌تلییه‌كه‌" له‌ ده‌رهێنانی فاتح بادپه‌روا له‌ مه‌ریوان، "هه‌نارێ" له‌ ده‌رهێنانی قوتبه‌دین سادقی له‌ سنه‌ و "هه‌موومان باشین" له‌ ده‌رهێنانی سامان مێهران و فه‌رزاد حه‌سه‌ن میرزایی له‌ بانه‌ و شانۆی "به‌ر ده‌رگای جه‌هه‌نده‌م" له‌ ده‌رهێنانی محمه‌د مسته‌فا له‌ سلێمانی بۆ به‌شداریی له‌ فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی شانۆی فه‌جر هه‌ڵبژێردران.

به‌ گوته‌ی به‌ڕێوبه‌رانی فێستیڤاڵ، ئامانجه‌كانی ئه‌مساڵی فێستیڤاڵی شانۆی كوردی سه‌قز بریتی بوون له‌ نرخاندنی زمانی كوردی وه‌ك هانده‌ر و پاڵپشتێكی ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ پێی ڕه‌سه‌نایه‌تی و بایه‌خه‌ فه‌رهه‌نگییه‌كان و به‌ داكۆكی له‌ میراتی نیشتمانی و ئیسلامی، ڕوانینێكی نوێ به‌ فه‌رهه‌نگی خێڵه‌كی و ڕێوڕه‌سم و ئایینه‌ نه‌ریتییه‌كان له‌ ناوچه‌ كوردنشینه‌كان، ڕه‌خساندنی به‌ستێنێكی گونجاو و كه‌شێكی فه‌رهه‌نگی بۆ ئاڵوگۆڕكردنی ئه‌ندێشه‌گه‌لی داهێنه‌رانه‌ و نوێگه‌رانه‌ له‌ نێوان هونه‌رمه‌ندانی شانۆ و جه‌ماوه‌ر، داڕشتنه‌وه‌ی داهێنه‌رانه‌ی حه‌ماسه‌ت، ئایین و ڕێوڕه‌سمه‌ نیشتمانی و ئایینییه‌كان له‌ رێگه‌ی هونه‌ری به‌رزی شانۆوه‌.

پازده‌هه‌مین فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی شانۆی كوردی سه‌قز به‌ هاوكاریی دایره‌ی گشتیی فه‌رهه‌نگ و ئیرشاد و ئیداره‌ی پارێزگای كوردستان و دایره‌ی گشتیی هونه‌ره‌ نمایشییه‌كانی وه‌زاره‌تی فه‌رهه‌نگ و ئیرشادی ئیسلامی و ناوه‌نده‌ حكومییه‌كان به‌ڕێوه‌ چوو.

سه‌رچاوه‌/ جام كوردی

كوردستان تیڤی/ كامران

شانۆ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.