Erbil 11°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 17:50

پـه‌ڕێک له‌و نووسینانه‌ی بۆ خۆم نووسیون

پایزی خاكوخۆڵی كوردستانم به‌ هه‌موو جوانی خركه‌ی زه‌وی ناگۆرمه‌وه‌
کوردستان TV
100%

ن/ د. كوردستان موكریانی - هۆڵه‌ندا

كورد مانگێكی وه‌رزی پایزی به‌ گه‌ڵارێزان نێوناوه‌. له‌ هۆڵه‌نده‌دا زێتر هه‌ست به‌ گه‌ڵارێزانی دارودره‌ختی سه‌ر شه‌قام و نێو باخی ماڵان و دارستانان ده‌كه‌یت، چونكه‌ وڵاتی گوڵ وسه‌وزاییه‌.

ئه‌م پایزه‌ (2012) له‌ هۆڵه‌نده‌دا هه‌موو رۆژێك ماوه‌ی 50 ـ 60 خوله‌ك له‌نێو ئه‌م سروشته‌ ره‌نگینه‌دا به‌ پێ ده‌رۆم، هه‌تا ده‌گه‌مه‌ شوێنی مه‌به‌ست. زۆرجار زووتر له‌ ماڵه‌وه‌ ده‌رده‌چم بۆئه‌وه‌ی زێتر چاوم به‌ جوانی سروشت بكه‌وێت و به‌ ئاسووده‌یی له‌گه‌ڵ چركه‌كانیدا بژیم. .

هێندێك دار هه‌ن گه‌ڵاكانیان وه‌ك زه‌ردێكی زێرین به‌رامبه‌ر به‌ تیشكی هه‌تاوی پایز ده‌برسكێنه‌وه‌. هه‌ركه‌ كزه‌بایه‌ك روویان تێده‌كات ده‌ڵێیت پلپله‌ی تاسه‌سه‌ری ژنه‌ كوردێكن له‌گه‌ڵ هه‌ر له‌نجه‌یه‌كیدا ده‌له‌رێنه‌وه‌.

گه‌ڵای داره‌كان ره‌نگاوره‌نگن. ژێر هه‌ردارێك به‌هه‌زاران هه‌زار گه‌ڵای هه‌ڵوه‌ریوی له‌خۆگرتووه‌. له‌گه‌ڵ هه‌ڵكردنی ره‌شه‌بای پایزدا گه‌ڵا ئاڵوواڵاكان تێكده‌چرژێن و تێكه‌ڵاوی یه‌كتر ده‌بن. گه‌ڵاكان جوانترین تابلۆی ئاهه‌نگی پێشاندانی ره‌نگه‌كان ده‌نوێنن.

هه‌ر گه‌ڵایه‌كی هه‌ڵوه‌ریو چیرۆكێك و به‌سه‌رهاتێكی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌. هه‌ر گه‌ڵایه‌كی هه‌ڵوه‌ریو به‌ره‌و ژیانه‌وه‌یه‌كی نوێ هه‌نگاوده‌نێت. هه‌ر گه‌ڵایه‌كی هه‌ڵوه‌ریو پاژێكی جوان به‌ هاماوی تابلۆی ره‌نگینی پایز ده‌به‌خشێت.

پایزی ساڵی 2004 له‌گه‌ڵ خاتوو تریسكه‌ ئه‌سعه‌دی ژیر و ده‌سته‌خوشكی خاوه‌ن هه‌ڵوێست، له‌ هه‌ولێر ده‌رچووین و به‌ره‌و پیرمه‌م، شه‌قڵاوه‌، هیران و نازه‌نین و. به‌رێكه‌وتین، هه‌ر ته‌نیا بۆئه‌وه‌ی وێنه‌یه‌كی ره‌نگینی پایز به‌ گه‌ڵا ئاڵوواڵاكانییه‌وه‌ ببینم.

ئاره‌زوومده‌كرد له‌نێو وڵاتدا له‌ ده‌ره‌وه‌ی شاری هه‌ولێردا خانوویه‌كی بچووكم هه‌بێت و ده‌وروبه‌ری به‌ داری به‌به‌ر و گوڵ و گوڵزار برازێنمه‌وه‌ و ته‌مه‌نی پایزییم له‌وێدا به‌هێمنی به‌سه‌ربه‌رم. چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر ئه‌م ئاره‌زووه‌ی خۆم له‌گه‌ڵ به‌ڕێز وه‌زیری كشتوكاڵ باسكرد، هه‌تا زه‌وییه‌كی كشتوكاڵی چه‌ند مه‌تری له‌ وه‌زاره‌ت بكڕم. به‌ڕێزی چه‌ند مادده‌یه‌كی له‌ یاسای وه‌زاره‌ته‌كه‌ی بۆم خوێنده‌وه‌، كه‌ به‌هیچ جۆرێك مافی ئه‌وه‌م نییه‌ پارچه‌ زه‌وی كشتوكاڵی له‌ وه‌زاره‌ت بكڕم، به‌ڵام رێگه‌ی ئه‌وه‌ی پێشاندام، كه‌ بۆم هه‌یه‌ پارچه‌ زه‌وی له‌و كه‌سانه‌ بكڕمه‌وه‌، كه‌ خێوی زه‌وی كشتوكاڵین. من له‌ وه‌ڵامدا نێوی هێندێك ده‌سترۆیشتووم بۆی هه‌ڵدا، كه‌ به‌ سه‌دان دۆنمییان هه‌یه‌ و پێمگوت: بڵێیت ئه‌م به‌ڕێزانه‌ یه‌ك دۆنم زه‌وی به‌ من بفرۆشن! ده‌زانم به‌ڕێزی ئه‌م به‌رسڤه‌ی منی له‌به‌ر دڵ گرانبوو، به‌ڵام ده‌با بیڵێم.

راسته‌ هه‌موو رۆژێكی مانگی خه‌زان له‌ هۆڵه‌نده‌دا له‌گه‌ڵ جوانی ره‌نگه‌كانی پایزدا ده‌ژیم، به‌ڵام یه‌ك ساتی پایزی خاكوخۆڵی كوردستانم به‌ هه‌موو جوانی خركه‌ی زه‌وی ناگۆرمه‌وه‌.

كوردستان تیڤی/ كامران

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.