Erbil 16°C دووشەممە 23 کانونی یەکەم 15:46

عه‌بادی به‌په‌له‌ گه‌یشته‌ شاری به‌سره‌

به‌ ئامانجی دامركاندنه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كان
کوردستان TV
100%

دوای ئه‌وه‌ی دره‌نگانی شه‌وی رابردوو له‌ خۆپیشاندانه‌كانی شاری به‌سره‌ گرژیی و ئاڵۆزی روویدابوو، به‌و ھۆیه‌وه‌ چه‌ندخۆپیشانده‌رێك كوژران و ژماره‌یه‌ك خۆپیشانده‌ر و كارمه‌ندی ھێزه‌ ئه‌منییه‌كان بریندار بوون، حه‌یده‌ر عه‌بادی،  سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق به‌په‌له‌ گه‌یشته‌ شاره‌كه‌.

له‌ میانی سه‌ردانه‌كه‌یدا، حه‌یده‌ر عه‌بادی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له‌سه‌ر پشكی پارێزگای به‌سره‌ و پارێزگار، ئه‌سعه‌د عیدانی ساز كرد.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ھه‌وڵانه‌ سازكرا كه‌ حكوومه‌تی عێراق به‌ ئامانجی دامركاندنه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كانی شاری به‌سره‌ و دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ كێشه‌ و گرفته‌كانی ئه‌و شاره‌ خستووه‌ته‌گه‌ڕ.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ گفتوگۆكانی نێو كۆبوونه‌وه‌ بۆ ره‌وشی خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ شاری به‌سره‌ و دوایین پێشھاته‌كان كه‌ به‌م دواییانه‌ شاره‌كه‌ به‌ خۆوه‌ بینیوه‌، ته‌رخان كرابوو.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ھاتووه‌ كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، حه‌یده‌ر عه‌بادی رایگه‌یاندووه‌، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی قه‌یرانی ئاوی خواردنه‌وه‌ له‌ شاری به‌سره‌ چاره‌سه‌ر بكات و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌ میانی چه‌ند ھه‌فته‌ی رابردوودا، چه‌ند بڕیارێكی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و گرفته‌كانی شاره‌كه‌ ده‌ركردبوو.

سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ئه‌وه‌شی گوتووه‌ :ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ھه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و بڕیارانه‌ی كه‌ له‌ میانی كۆبوونه‌وه‌ و دیداره‌كانی رابردوو تایبه‌ت بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كانی به‌سره‌ ده‌ركرابوون، كردووه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران عێراقدا ئه‌وه‌ش ھاتووه‌ كه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی باسی له‌وه‌شكردووه‌، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له‌ میانی كۆبوونه‌وه‌كانی رابردوودا، داوای له‌ به‌رپرسان كردووه‌ بڕیاره‌كانی تایبه‌ت به‌ چاره‌سه‌ركرنی كێشه‌ و گرفته‌گان شاری به‌سره‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.

راشیگه‌یه‌ندراوه‌ كه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ داوایان كردووه‌ پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان تایبه‌ت به‌ پاڵاوتنی ئاو، نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی تۆڕه‌كانی دابه‌شكردنی ئاو جێبه‌جێ بكرێن، ھه‌روه‌ھا داواشیان كردووه‌ تانكه‌ر بۆ گواستنه‌وه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی پارێزگای به‌سره‌ دابین بكرێت.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، حه‌یده‌ر عه‌بادی روونیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ورد پێداچوونه‌وه‌یان بۆ ره‌وشی ئه‌منی له‌ شاری به‌سره‌ كردووه‌، ئاماده‌بووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ گرنگه‌ ره‌وشه‌كه‌ ھێور بكرێته‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ش له‌وه‌ بكرێت كه‌ له‌ شاره‌كه‌دا روویداوه‌، ھه‌روه‌ھا ھێرشكردنه‌ سه‌ر ماڵ و موڵكی گشتییان ره‌تكردووه‌ته‌وه‌.

ئاژانسه‌كانی هەواڵ

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.