Erbil 8°C دووشەممە 23 کانونی یەکەم 06:28

چیرۆکی له‌دایکبوونی گۆرانیی "بێ ئومێدی" زۆر سه‌رنجڕاکێشه‌

رۆژی حه‌شر له‌وێ بوو
کوردستان TV
100%

 ن/ ستار جه‌باری

موزیكژه‌ن و ئاوازدانه‌ر و گۆرانیبێژ قادر مه‌ردان، له‌ ساڵی ۱۹۳۸ له‌ گه‌ڕه‌كی پیریادیی كه‌ركووك له‌ دایك بووه‌، له‌ سه‌رده‌می هونه‌رمه‌ندانی به‌ناوبانگی كورد (شه‌ماڵ سائیب، كه‌ریم كابان، فوئاد ئه‌حمه‌د، تایه‌ر تۆفیق، محه‌مه‌د عارف جزیری و...هتد)دا ژیاوه‌ و گۆرانی گوتووه‌، هه‌روه‌ها ئامێره‌كانی عوود و كه‌مانی ژه‌نیوه‌.

قادر مه‌ردان له‌ منداڵییه‌وه‌ خولیای گۆرانیگوتن و موزیك بووه‌ و له‌ ساڵی (1956) له‌ به‌شی كوردیی ئێزگه‌ی به‌غدا بۆ یه‌كه‌مجار گۆرانی تۆمار كردووه‌. ساڵی 1958 له‌گه‌ڵ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی موزیكژه‌نی وه‌ك (شه‌وكه‌ت ره‌شید، عه‌بدولئیلا محێدین، ره‌مه‌زان زامدار، عه‌لی عه‌زیز...) تیپی موزیكی (سۆلاڤ)یان له‌ كه‌ركووك دامه‌زراندووه‌.

له‌ ساڵی 1959 _ 1960 په‌یمانگه‌ی  هونه‌ره‌ جوانه‌كانی به‌غدا به‌شی موزیكی ته‌واو كردووه‌, له‌ ماوه‌ی ژیانی مامۆستاییدا قوتابی زۆری فێری ئامێری كه‌مانچه‌ كردووه‌. به‌ مانایه‌كی تر وه‌ك قوتابخانه‌یه‌كی هونه‌ری وابووه‌، ئه‌مه‌ش بۆ سه‌رده‌می خۆی رۆڵێكی باشی هه‌بووه‌ و تا ساڵانی هه‌شتاكان به‌رده‌وام بووه‌ و یه‌كێك بووه‌ له‌ ئه‌ندامه‌ كاراكانی تیپی موزیكی ته‌له‌ڤزیونی كه‌ركووك.

قادر مه‌ردان له‌ ساڵانی نه‌وه‌ته‌كاندا له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی كۆچ ده‌كات بۆ سوید و رۆژی 7/6/2014، هه‌ر له‌و وڵاته‌ له‌ ته‌مه‌نی 76 ساڵیدا كۆچی دوایی ده‌كات. خاوه‌نی 36 گۆرانییه‌ به‌ناوبانگترینیان گۆرانیی "بێ ئومێدی"یه‌.

ئه‌و له‌ كۆتایی ساڵانی شه‌سته‌كان و سه‌ره‌تای حه‌فتاكان، گۆرانیی "بێ ئومێدی" له‌ ئاوازی خۆی و تێكستی دكتۆر مسته‌فا زه‌نگنه‌ له‌ ته‌له‌ڤزیۆنی كه‌ركووك تۆمار كرد، پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی بوو به‌ یه‌ك له‌ گۆرانییه‌ به‌ناوبانگه‌كان له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و وێردی سه‌رزمانی خه‌ڵك و گه‌نجان و ئاشقان به‌تایبه‌تی.

له‌باره‌ی چیرۆكی دانانی تێكستی ئه‌و گۆرانییه‌ و چۆنیه‌تی له‌دایكبوونی، دكتۆر مسته‌فا زه‌نگه‌نه‌ كه‌ خاوه‌نی تێكسته‌كه‌، بۆ "وشه‌" گوتی: ساڵی 1968 كاتێك 10 رۆژێكی مابوو بۆ تاقیكردنه‌وه‌كانی به‌كالۆریی قۆناغی پێنجی ئاماده‌یی، ئه‌وكات هێشتا شه‌شی ئاماده‌یی له‌ ئارادا نه‌بوو. به‌ده‌م خوێندنه‌وه‌وه‌ به‌شه‌قامی سه‌ره‌كی كه‌ركووك_سلێمانیدا ملی ڕێم گرتبوو و ده‌مخۆێند تا نمره‌ی باش بێنم و دڵی كه‌سوكار و ده‌زگیرانه‌ ماره‌بڕه‌كه‌م خۆش بكه‌م كه‌ پێنج ساڵ بوو له‌ دڵه‌وه‌ خۆشم ده‌ویست.

زیاتر گوتی، چیرۆكی داخوازی و ماره‌بڕینمان، كاره‌ساتێكه‌ ناكرێ هه‌مووی لێره‌دا بخه‌مه‌ ڕوو، نه‌ك خوانه‌خواسته‌ شه‌رم و ناشیرینی له‌خۆ گرتووه‌، به‌ڵكو هێنده‌ دوورودرێژه‌ و هێنده‌ له‌مپه‌ر و به‌كر مه‌رگه‌وه‌ڕیان لێ په‌یدا بوو، تا ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ سه‌رنه‌گرێت، مه‌گه‌ر له‌ چیرۆكی مه‌موزینی خانیدا بیخوێننه‌وه‌.

وه‌ك خۆی ده‌ڵێ "له‌وكاتی خوێندن و خه‌ونانه‌دا، له‌ دوور ڕا یه‌كێك  به‌ هه‌ڵه‌داوان هات، ئه‌و كه‌سه‌ براده‌رێكی گیانی به‌گیانی و دراوسێی ساڵانێكی دوور بوو كه‌ دواتر به‌ (خاڵه‌ حه‌مرین)ی شاعیر ناسرا. به‌ده‌م هاوار و گریانه‌وه‌ گوتی فریاكه‌وه‌ ده‌زگیرانه‌كه‌ت سووتاو بردیان بۆ نه‌خۆشخانه‌".

"منیش كه‌ ئه‌وكات له‌ تافی لاویدا بووم، كتێبه‌كه‌ی ده‌ستم فڕێ دا و به‌پێی په‌تی و سه‌ری ڕووت، به‌ ڕاكردن و هاوار و ماڵوێرانی له‌گه‌ڵ خاڵه‌ حه‌مرین له‌ ماوه‌ی سێ چاره‌كه‌ سه‌عات گه‌یشتینه‌ نه‌خۆشخانه‌. رۆژی حه‌شر له‌وێ بوو، كه‌ چوومه‌ دیار سه‌ری، چیم بینی؟ گوڵێك هه‌ڵكڕووزاوه‌، حاڵه‌تێك كه‌ وشه‌ ناتوانێ وێنای بكات، كچه‌ پێی گوتم ئه‌گه‌رچی هه‌موو هیوایه‌كم دڵخۆشكردنی تۆ بوو، به‌ڵام نزام بۆ بكه‌ بمرم.

بۆ ئه‌وه‌ی تۆ ژنێكی رووخسار سووتاو و ناشیرینت نه‌بێت و هه‌موو ته‌مه‌نت له‌ عه‌زابدا بی. شه‌و داهات، مه‌لای به‌یانی بانگی دا. پێمی گوت: ده‌م و چاوم داپۆشه‌ با تاوێ بنووم، هه‌ست به‌ ماندووبوونێكی رۆحی ده‌كه‌م، پاش 10 خوله‌ك سه‌ریم هه‌ڵدایه‌وه‌، بینیم چاوه‌كانی بۆ تا هه‌تایه‌ لێك ناوه‌. بۆ نیوه‌ڕۆ به‌خاك هاته‌ سپاردن. شه‌وی دوایی ئیتر دنیام لێ تاریك بوو و له‌ ناخه‌وه‌ داڕمام، له‌ سه‌رێكی جه‌نجاڵ، له‌ هه‌ستێكی باڵكراو، له‌ چاوێكی كوێرایی داهاتوودا، له‌ بیرێكی چه‌قبه‌ستوودا، به‌قه‌ڵه‌مێكی باڵشكاو، چه‌ند ڕسته‌یه‌كم نووسی. ناویم لێ نا "بێ ئومێدی". هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ شیعره‌كه‌م دایه‌ ده‌ست هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ و ده‌نگخۆش مامۆستا قادر مه‌ردان كه‌ دیوار به‌دیوار دراوسێ بووین" زه‌نگه‌نه‌ وای گوت.

مسته‌فا زه‌نگه‌نه‌ ورده‌كاری زیاتر ده‌خاته‌ ڕوو، قادر مه‌ردان هات و نیوه‌ڕوانێك داوه‌تی ماڵی خۆیانی كردم، به‌ من و سه‌میره‌خانی خێزانی گوت، دانیشن و گوێ له‌ دوو ئاواز بۆ یه‌ك شیعر رابگرن، بزانم كامیانتان به‌دڵه‌؟ چوو له‌ به‌رانبه‌رمان دانیشت و به‌ده‌نگی خۆی و عووده‌كه‌ی گۆرانییه‌كه‌ی گوت، بڕوا بكه‌ن قادر مه‌ردان فرمێسكی خووڕه‌ی ده‌كرد، سه‌میره‌خان چاوی بووه‌ دوو كانی، منیش  چاوم بوو به‌ كارێز. له‌ هه‌موومان خراپتر ئامێری عووده‌كه‌ بوو خوێن ده‌گریا. بڕوا بكه‌ن ئه‌وكات گۆرانییه‌كه‌ به‌و شێوه‌ تراجیدییه‌ تۆمار بكرایه‌، هه‌موو دنیای ده‌هه‌ژاند. من و سه‌میره‌خان ئاوازی یه‌كه‌ممان پێ كاریگه‌رتر بوو، قادر مه‌ردان ڕێزی له‌ ڕاكه‌مان گرت و هه‌ر ئه‌وه‌یشی تۆمار كرد.

وه‌ك خۆی ده‌ڵێ، گۆرانییه‌كه‌ زۆر ده‌نگی دایه‌وه‌، ئیتر منی شاعیر و كوڕه‌ گه‌نجه‌كه‌ نه‌مده‌وێرا به‌ كووچه‌ و كۆڵان و بازاڕدا گوزه‌ر بكه‌م، خه‌ڵك ده‌یانگوت ئه‌و كوڕه‌یه‌ ده‌زگیرانه‌كه‌ی سووتاوه‌ و شیعری "بێ ئومێدی"ی بۆ نووسیوه‌، رایان ده‌گرتم و ژنان ماچیان ده‌كردم و بۆم ده‌گریان.

ئه‌و شاعیره‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ رووداوه‌كه‌ له‌ جلوبه‌رگ شووتنه‌وه‌ و به‌هۆی فتیله‌ی داگیرسانی په‌ره‌مێز و كراسی ژیفۆنی پڕ كاره‌سات ڕووی دا، كاره‌ساتێكی خوایی بوو و هیچی تر. ئه‌و گۆرانییه‌ چه‌ندان حیكایه‌تی له‌ دوو بوو، درایه‌ پاڵ چه‌ندان شاعیر، له‌وانه‌ ده‌یانگوت هی ره‌مه‌زان زامداری شاعیره‌! یان هی خاڵه‌ حه‌مرین، یان پیرباڵ مه‌حموود، تا وای لێ هات خه‌ریك بوو خاوه‌نه‌كه‌ی ون بێت، تا له‌ گۆڤاری رامان و رۆژنامه‌ی ئارێزه‌ چیرۆك و خاوه‌نی شیعره‌كه‌ ئاشكرا كران و قادر مه‌ردانیش چاوپێكه‌وتنێكی كرد و باسی چیرۆكه‌كه‌ی كرد و ناوی منی خاوه‌ن تێكستی هێنابوو.

گۆرانی "بێ ئومێدی" چه‌ندان كه‌س گوتوویانه‌، له‌وانه‌ هونه‌رمه‌ندان قادر مه‌ردان، دانا عه‌بدولجه‌بار، دڵنیا قه‌ره‌داغی، مه‌لا سامان، وشیار كه‌ریم.

شیاوی باسه‌ هه‌ندێ له‌ وێنه‌كان و ژیاننامه‌ی هونه‌رمه‌ندی قادر مه‌ردان له‌ ئه‌رشیفی هه‌ندرێن قادر مه‌ردان وه‌رگیراوه‌. هه‌روه‌ها چیرۆكی له‌دایكبوونی تێكستی گۆرانییه‌كه‌ له‌ ئه‌رشیڤی "دكتۆر مسته‌فا زه‌نگه‌نه‌" وه‌رگیراوه‌.

كوردستان تیڤی/ كامران حاجی

 

 

 

گۆرانی و مۆسیقا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.