لە بەردەوامیی جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان پەیەدە و رژێمی سووریا بۆ ئەوەی رۆژئاوای كوردستان رادەستی رژێمی سووریا بكەن، پەیەدە ناوی هێز و ئاڵای خۆیان گۆڕی، ئەندامێكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریایش گوتی، لە ئێستادا رژێمی سووریا دەستەڵاتی تەواوی لە رۆژئاوای كوردستاندا هەیە.
پێشتر بەردەوام باس لەوە دەكرا كە پەیەدە بەشێكە لە رژێمی سووریا و پەیەدەیش رەتی دەكردەوە، بەڵام ماوەیەكە ئەو رێككەوتنە ئاشكرا بووە و لە ئێستادا بە شێوەی كرداری ئەو رێككەوتنە جێبەجێ دەكرێت و پەیەدەیش نكۆڵی لەوە ناكات.
ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا، د. كاوە ئازیزی، بە ماڵپەڕی پارتی ڕاگەیاند" پەیەدە بەردەوامە لە جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ رژێمی سووریا هەیبووە و، لە ئێستادا دەیكاتە كرداری و لە نوێترین هەنگاویشدا ناوی ئاساییشی رۆژئاوای كوردستانی كردووەتە هێزەكانی ناوخۆی سووریا و شێوەی ئاڵای خۆیشیان گۆڕیوە، كە شێوەی هەڵۆ بوو و كردوویانەتە رەنگی شین، بۆ ئەوەی هیچ دروشمی كوردیی پێوە نەمێنێت و هەروەها هیچ شتێكی كوردی لە رۆژئاوای كوردستان نەمێنێت و وەك پێشووی لێ بێتەوە".
ئەو هەروەها گوتیشی، پەیەدە بە تەواوی خۆی رادەستی رژێمی سووریا كردووە و ئامادەیی خۆیشیان نیشان داوە لە ئیدلیب هاوشانی هێزەكانی رژێمی سووریا شەڕ بكەن، كەواتە هیچ نەماوە ئەوان بۆ رژێمی سووریا نەیكەن.
ئازیزی باسی لەوەش كرد، ئێستا رژێمی سووریا لە رژئاوای كوردستان مووچە و پاسپۆرت و ناسنامە و ئاو و كارەبا و قوتابخانە و دادگا و ئیدارەی پارێزگا و فڕۆكەخانە و هێزی ئەمنی و سەربازیی هەیە، بەڵام پێشتر خۆی ئاشكرا نەدەكرد و ئێستایش بە ئاشكرا هەموو كارێك دەكەن و رۆژئاوای كوردستان بە تەواوی كەوتووەتەوە دەست رژێمی سووریا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.