Erbil 2°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 08:08

عه‌بدولسه‌تار به‌یره‌قدار: ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ریی ھیوای خواستووه‌ ھه‌مووان ره‌وشه‌که‌ ره‌چاو بکه‌ن

ھه‌ر كه‌س و لایه‌نێك سووكایه‌تی به‌ كاره‌كانی دادوه‌ریی بكات به‌ تاوان ھه‌ژمار ده‌كرێت
کوردستان TV
100%

گوته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ریی له‌ عێراق، عه‌بدولسه‌تار به‌یره‌قدار رایگه‌یاند كه‌ به‌ مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی سێیه‌م یاسای ھه‌مواركراوی بۆ یاسای ھه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ ساڵی ٢٠١٨ كه‌ له‌ به‌رواری ٦/٦/٢٠١٨ ده‌ركراوه‌، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ریی داوای له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریی باڵا كردووه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ به‌رواری ١٠/٦/٢٠١٨ ئاماده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و دادوه‌رانه‌ دیاری بكرێن كه‌ كاره‌كانی ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیۆنی ئه‌نجام ده‌ده‌ن و سه‌رپه‌رشتی پڕۆسه‌ی دووباره‌ ژماردنه‌وه‌ و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی ھه‌ڵبژاردن به‌ ده‌ست ده‌كه‌ن، ھه‌روه‌ھا دیاریكردنی ئه‌و دادوه‌رانه‌ی كه‌ كاری نووسینگه‌كانی كۆمسیۆن له‌ پارێزگاكان به‌ڕێوه‌ده‌بن.

عه‌بدولسه‌تار به‌یره‌قدار ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ كه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریی، ھه‌روه‌ھا بڕیاری داوه‌ لیژنه‌یه‌ك له‌ سه‌رۆكی داواكاری گشتی و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌رپه‌رشتی دادوه‌ریی پێكبھێنرێت و دواتر سه‌ردانی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی ھه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن و به‌پێی سێیه‌م یاسای ھه‌مواركراو بۆ یاسای ھه‌ڵبژاردنه‌كان، رێوشوێنی پێویست بۆ پارێزگاریكرن له‌ سندوق و ئامێره‌كانی ده‌نگدان تایبه‌ت به‌ پڕۆسه‌ی ھه‌ڵبژاردنه‌كان بگرنه‌به‌ر.

گوته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ریی باسی له‌وه‌شكردووه‌ كه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ریی بڕیاری ئه‌وه‌شی داوه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ركردنی یاسای ھه‌مواركراو بۆ یاسای ھه‌ڵبژاردنه‌كان، كاره‌كانی ده‌سته‌ی دادوه‌ریی بۆ ھه‌ڵبژاردنه‌كان تایبه‌ت به‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌و تانه‌ و سكاڵایانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامی ژماردن و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ ئامێری ئه‌لیكترۆنی راده‌گیرێت تا ئه‌و كاته‌ی رێوشوێنه‌كان بۆ ژماردنه‌وه‌ و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان یه‌كلایی ده‌بێته‌وه‌ و دواتر تانه‌ و سكاڵای نوێ له‌و باره‌یه‌وه‌ پێشكه‌ش ده‌كرێن.

عه‌بدولسه‌تار به‌یره‌قدار ئه‌وه‌شی گوتووه‌ :له‌به‌ر ھه‌ستیاری ئه‌ركی دادوه‌ریی و به‌ ئامانجی دڵنیاكردنه‌وه‌ی رای گشتی و لایه‌نه‌ ركابه‌ره‌كان، رێگریكردن له‌ ھه‌ر لایه‌نێك له‌وه‌ی ده‌ستوه‌رنه‌داته‌ كاره‌كانی دادوه‌ریی تایبه‌ت به‌ بابه‌تی ھه‌ڵبژاردنه‌كان، ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ریی بڕیاریداوه‌ رێگه‌ به‌ ھیچ كه‌س و لایه‌نێكی به‌شدار له‌ ھه‌ڵبژاردنه‌كان نه‌دات له‌ ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریی یان كۆمیسیۆنی ھه‌ڵبژاردنه‌كان ئاماده‌ بێت یان په‌یوه‌ندی به‌ ھیچ دادوه‌رێكی په‌یوه‌ستداره‌وه‌ نه‌كه‌ن، ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریی بۆی ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ موبایلی سه‌رجه‌م دادوه‌رانی په‌یوه‌ستدار داخراون.

گوته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ریی ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ریی ھیوای خواستووه‌ ھه‌مووان ره‌وشه‌كه‌ ره‌چاو بكه‌ن، ھه‌روه‌ھا ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ریی بۆ ھه‌موو لایه‌نه‌كان دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌ركه‌كانی به‌ راستگۆیی و بێ لایه‌نی ته‌واو جێبه‌جێ ده‌كات له‌ ھه‌مان كاتدا ھۆشداری داوه‌ ھه‌ر كه‌س و لایه‌نێك سووكایه‌تی به‌ كاره‌كانی دادوه‌ریی بكات، به‌ تاوان ھه‌ژمار ده‌كرێت و به‌ پێی مادده‌ی ٢٢٦ له‌ یاسای سزادانه‌كان، سزای زیندانیكردن ده‌درێن.

ئاژانسه‌كانی هەواڵ

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.