Erbil 27°C ھەینی 20 ئەیلوول 00:28

نێچیرڤان بارزانی پێشوازی له‌ باڵیۆزی ڕووسیا له‌ عێراق ده‌کات

نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی رووسیا پەیوەندییەکانی هەولێر و مۆسکۆ تاوتوێدەکەن
کوردستان TV
#7
100%


سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ میانه‌ی دیدارێكی له‌گه‌ڵ باڵیۆزی ڕووسیا له‌ عێراق رایگه‌یاند: حكوومه‌ت و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان گرنگییه‌كی زۆر به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ڕووسیا ده‌ده‌ن و ئاماده‌یی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا ده‌ربڕی.

پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 10/4/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز مه‌‌كسیم مه‌‌كسیمۆڤ، باڵیۆزی ڕووسیا له‌ عێراق و شاندێكی یاوه‌ری كرد كه‌ له‌ به‌ڕێزان ڤیكتۆر سیماكۆڤ كونسوڵی گشتیی ڕووسیا له‌ هه‌ولێر، مه‌ند ئه‌ندرێ سیلین ڕاوێژكاری باڵیۆزخانه‌ی ڕووسیا، سێرگێ پترۆڤ سه‌رۆكی كۆمپانیای گازپرۆم نه‌فت له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئۆلیگ بلیگن به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی هه‌ولێری گازپرۆم پێكهاتبوو.

له‌ دیدارێكدا سه‌ره‌تا شاندی میوان پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشیی خۆیان و حكوومه‌تی ڕووسیایان به‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ڕاگه‌یاند بۆ كۆچی دواییی خوالێخۆشبوو دلۆڤان ئیدریس بارزانی ـی برایان.

دواتر باسیان له‌ په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و مۆسكۆ كرد و ئاماده‌ییی خۆیان بۆ بره‌ودانى زیاتر به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا نیشان دا، ده‌ستخۆشیشیان له‌ پێشوه‌چوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كرد.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌م سه‌ردانه‌ و پێشكه‌شكردنی پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی، سوپاسی شاندی میوان كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ حكوومه‌ت و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان گرنگییه‌كی زۆر به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ڕووسیا ده‌ده‌ن و ئاماده‌یی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا ده‌ربڕی به‌تایبه‌تی له‌ بواری ئابووریدا، هه‌موو ئاسانكاریه‌كیشی بۆ سه‌رمایه‌دارانی ڕووسی نیشان دا تاكو وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.

تاوتوێكردنی بارودۆخی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار به‌ ڕه‌وشی عێراقه‌وه‌، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.