Erbil 30°C ھەینی 20 ئەیلوول 09:33

دیندار زێباری: هیچ دەزگایەکی راگەیاندن سکاڵای دژی لایەنە ئەمنییەکان تۆمارنەکردووە

دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان
کوردستان TV
100%

لە كۆتایی مانگی رابردوودا، چەند شارێكی كورستان خۆپێشاندانی مامۆستایانی بە خۆیەوە بینی بۆ داواكردنی مافەكانیان و نەمانی سیستەمی پاشەكەوتی مووچە، چەند دەزگایەكی راگەیاندنیش ویستیان خۆپێشاندانەكان بە ئاقارێكی تردا ببەن دوور لە مەبەستی سەرەكی و هاندانی خۆپێشاندەران بۆ ئەنجامدانی كاری توندوتیژی.

سەبارەت بە رۆڵی دەزگاكانی راگەیاندن لە رووماڵكردنی خۆپێشاندانەكان و كاردانەوەی دەزگا ئەمنییەكان بەرامبەریان، د. دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گوتی: "هەروەك چۆن لە هەرێمی كوردستان یاسایەك هەیە بۆ  (رێكخستنی خۆپێشاندان) كە بە یاسای  ژمارە (١١)ی ساڵی(2010) ناسراوە، كە شێواز و كات و ئامانجی خۆپێشاندان بە وردی دیاری دەكات و رێك دەخات، بە هەمان شێوە مێدیاكانیش مافی رووماڵكردنی خۆپێشاندان و رێپێوانی خەڵكیان هەیە، بەڵام لە هەمان كاتدا پێویستە دەزگا مێدیاییەكانیش بە پێچەوانەی یاسا كارپێكراوەكانی هەرێمی كوردستان رەفتار نەكەن و رووماڵكردنەكەیان بۆ رووداوەكان  بۆ گەیاندنی راستییەكان بێت و داواكاریی رەوای هاووڵاتیان بێت بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نەك كاریگەریی نەرێنیی هەبێت و ببێتە هۆی نانەوەی ئاژاوە".

د. دیندار، دەربارەی رۆڵی دەزگاكانی راگەیاندن لە كاتی خۆپێشانەكاندا، ئاماژەی دا: "ئازادیی رۆژنامەگەری و ڕاگەیاندن و ڕادەربڕین بە پێی یاسا رێك خراوە و لە كاتی بوونی هەر حاڵەتێك كە دژ بە ڕێنماییەكانی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان و پێشێلكردن بێت یان بچێتە خانەی تەشهیر و ناوزڕاندن، ئەوا كار بە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (111)ی ساڵی 1969ی هەمواركراو دەكرێت، بۆیە پێویستە مێدیاكارانیش نەبنە هۆی تێكدانی رەوشی ئارامی و زیانگەیاندن بە موڵكی گشتی و تایبەت،  بەڵام سەرەڕای ئەوەیش هەر كاتێك رۆژنامەنووس یان دەزگایەكی مێدیایی یاسا پێشێل بكات، ئەوا راستەوخۆ لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە ئیجرائاتیان بەرامبەر ناگیرێتە بەر، چونكە بەپێی یاسای ڕۆژنامەنووسی ژمارە (35)ی ساڵی2007 تایبەت بە كاری رۆژنامەوانی، ناكرێت هیچ رۆژنامەنووسێك دەستگیر بكرێت بە بێ بڕیاری دادگا و رەزامەندیی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان".

لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی‌ كە گوایە رەفتاری دەزگا ئەمنییەكان لەگەڵ مێدیاكاندا ناشیاو بووە، زێباری گوتی: "تا ئێستا هیچ دەزگایەكی راگەیاندن سكاڵای دژی لایەنە ئەمنییەكان بەرز نەكردووەتەوە كە تێیدا بە ئەنجامدانی توندوتیژی تۆمەتباریان بكات و، هەر كاتێك دەزگایەكی راگەیاندن سكاڵایەكی هەبێت دژی لایەنە ئەمنییەكان، ئەوا دەزگا پەیوەندیدارەكان رێوشوێنی یاسایی پێویست دەگرنە بەر دژی ئەو كەسانە كە پێشێلكارییان ئەنجام داوە، لەلایەكی دیكەوە هێزە ئەمنییەكان دەستیان بەسەر ژمارەیەك لە چەقۆدا گرت كە لەلای خۆپێشاندەران بوون، تەنانەت كارمەندێكی پۆلیس بە چەقۆ هێرشی كراوەتە سەر و بریندار بووە، سەرەڕای ئەمەیش دەزگا ئەمنییەكان بە شێوەیەكی ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵدا كردوون بۆ ئەوەی خۆپێشاندانەكە لە مەبەستی سەرەكیی خۆی دوور نەكەوێتەوە".

 دیندار زێباری تیشكی خستە سەر بابەتی دەستگیركردنی پەیامنێران لە كاتی رووماڵكردنی خۆپێشاندانەكان و ڕایگەیاند: "ژمارەیەك لە پەیامنێری كەناڵی جیا بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك لەلایەن پۆلیسەوە راگیراوە، چونكە هانی خۆپێشاندەرانیان دەدا بۆ توندوتیژی و شێواندنی رەوشی خۆپێشاندانەكە، بەڵام دواتر ئازاد كران، هەروەها لە نێو خۆپێشاندەراندا ژمارەیەك پەرلەمانتاری سەر بە چەند لایەنێكی سیاسی لە نێو خۆپێشاندەران ئامادە بوون و بە وشەی نەشیاو و هوتافكێشان و بەرزكردنەوەی دروشمی هاندان بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی، هەوڵیان دا رێرەوی خۆپێشاندانەكە لە داواكردنی مافی رەوای مامۆستایان، بۆ مەبەست و مەرامی سیاسی بقۆزنەوە".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.