وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە وەكالەت ڕای گەیاند، داعش لە عێراق ماوە، هاوئاهەنگی نێوان پێشمەرگە و هاوپەیمانان و هێزە عێراقییەكانی بۆ ئەم قۆناغە گرنگە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرپەرشتی كەریم سنجاری وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت ژمارەیەك لە ئەفسەرانی پلە باڵای وەزارەتی پێشمەرگە و نوێنەرانی وڵاتانی هاوپەیمان، كۆبوونەوەی هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە هەولێر بەرێوەچوو.
بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، كەریم سنجاری وەزیری پێشمەرگە بەوەكالەت تیشكی خستە سەر بارودۆخی ناوچەكە و هەوڵی وڵاتانی هاوپەیمان بۆ لەیەكتر نزیككردنەوەی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق، هاوكات ئاماژەی بەجمووجۆڵی تیرۆرستانی داعش كرد و ئاشتەوایی نیشتیمانی لە عیراقیشی بە گرنگ زانی بۆ رێگەگرتن لەچاڵاكبوونەوەیان.
لەو كۆبوونەوەیەدا، راپۆرتەكانی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش و هەواڵگری و مەشق پێشكەشكران و بەووردی تیشكخرایە سەر جمووجۆڵەكانی ئەمداواییەی چەكدارانی داعش بەتایبەتی لەسنووری پارێزگای مووسڵ و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و كەركووك.
وەزیری پێشمەرگە بەوەكالەت دووپاتی كردەوە كە داعش لە عێراق ماوە، بۆیە هاوئاهەنگی نێوان پێشمەرگە و هاوپەیمانان و هێزە عێراقییەكانی بەپێویست زانی.
هاوكات لەلایەن بەرپرسانی ktcc لە هاوپەیمانان و بەرێوەبەرایەتی مەشقی وەزارەتی پێشمەرگە دووپات لەسەر گرینگی و بایەخی بنكەكانی مەشق كرایەوە، بۆ زیاتر راهێنان و پتەوكردنی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان.
پێشمەرگە وەك هێزێكی كاریگەر لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و چەكدارانی داعش ئەندامی هاوپەیمانییەتییەكی گرنگی وڵاتانە و مانگانەیش ئەو كۆبوونەوەیە لە هەولێر ئەنجام دەدرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.