بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو ڕای دەگەیەنێت، لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە تاكوو ئێستا ئاوارەكانی خورماتوو نەگەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 21/2/2018، كاوە مەلاپەروێز، بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو، ڕایگەیاند: "دوای داگیركردنی خورماتوو لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە لە 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، شتێكی ئەوتۆ لە بارودۆخی خورماتوو نهگۆراوه و ئاوارەكانی خورماتوو نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، بەڵام هەندێك لە هاووڵاتییان هەن سەردانی خورماتوو دەكەن بۆ ئەوەی بزانن ماڵەكانیان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە زیانی پێگەیشتووە یاخود نا، ئیتر جارێكی تر دەگەڕێنەوە ئەو شوێنانەی كە لێی ئاوارەن.
ڕاشیگەیاند: هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرای سەر بە حكوومەتی عێراق، ئێستا لە كوچە و كۆڵانەكانی گەڕەكەكانی خورماتوو دان و بە گشتی دۆخێكی سەربازی خورماتوو هەیە و ژیان تێیدا زۆر ئەستەمە و ئهم شارۆچكهیه بهسهربازگه دهچێت.
بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو، جەختی كردەوە كە تا ئێستا قوتابخانەی گەڕەكە كوردییەكان نەكڕاوەتەوە فەرمانگەكانی تریش وەك پێویست دەستیان بە كارەكانیان نەكردووەتەوە، چونكە خزمەتگوزاری نییە.
ئاشكرای كرد، ئێستا جارێكی تر لە دەوروبەری خورماتوو تیرۆریستانی داعش دەركەوتوونەتەوە و مەترسییەن خستووەتە سەر ناوچەكە.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
سهرچاوه: گوڵان
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.