لە دوێنێوە شەپۆلێکی بەھێزی باران بارین زۆربەی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و لە پارێزگای سلێمانی زۆرترین رێژەی باران باریوە و بەھۆی دروستبوونی لافاو، (40) رووداوی جۆراوجۆر تۆمار کراوە، شەپۆلەکەش تا سبەینێ دوانیوەڕۆ بەردەوام دەبێت.
"فازل ئیبراھیم" بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەی ھەرێم راگەیاند: بەھۆی ئەو شەپۆلی باران بارینەی کە زۆربەی ناوچەکانی ھەرێمی گرتووەتەوە، رێژەی باران بارینی ئەمساڵ بۆ ئاستێکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بەجۆرێک لە پارێزگای ھەولێر تا ئێستا (205.3) ملیم باران باریوە و لە پارێزگای سلێمانی کە بەرزترین رێژە تۆمارکراوە (486.7) ملیم باران باریوە و لە پارێزگای دھۆکیش (177) ملیم و لە پارێزگای کەرکوک (122.3) ملیم و لە پارێزگای ھەڵەبجەش235.8 ملیم باران بارییوە، ھەروەھا لە ئیدارەی گەرمیان (156.2) ملیم و لە ئیدارەی راپەڕینیش (448.7) ملیم باران بارییوە.
بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەی ھەرێم راشیگەیاند: شەپۆلەکە تا سبەینێ دوانیوەڕۆ بەردەوام دەبێت و لە کۆتایی ئەم ھەفتەیەش شەپۆلێکی تری باران بارین دەستپێدەکات، بەھۆی کاریگەریی شەپۆلی باران بارینەکە و دروستبوونی لافاو، لە سلێمانی (40) رووداو تۆمارکراوە کە زۆربەیان ئاوچوونە ماڵان و رووداوی ھاتوچۆ بووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.